تەوار- سلێمانی
12ـی ئایاری هەموو ساڵێك بە ڕۆژی جیهاینی پەرستاران ناسراوە، لەو ڕۆژەدا ڕێز لە پەرستاران دەگیرێت لە بەرانبەر ئەو خزمەتەی پێشكەشی كۆمەڵگەی دەكەن.
ئەمڕۆ لە زانکۆی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی مەراسیمێکی بۆ ئەو یادە رێکخست و چەندین چالاکی جۆراور جۆر ئەنجامدران و خەڵاتی رێزلێنانیش بەخشرایە چەند پەرستارێک و کەسوکاری چەند پەرستارێکیش کە لەکاتی ئەرکدا بەهۆی پیشەکەیانەوە گیانیانلەدەستداوە.
هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروتسی رایگەیاند، وەک پێویست ئاوڕ لە پەرستاران نەدراوەتەوە لەنەخۆشخانەکاندا و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک پێویست ماف و شایستە داراییەکانیان بۆ دابین ناکات و دایاننامەزرێنێت.
وتیشی: پەرستاران نەبن ناوەندی تەندروستی بەتەواوەتی پەکی دەکەوێت،
یادی رۆژی جیهانی پەرستاران هاوکاتە لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونی خانمە پەرستار فلۆرێنس نایتینجڵ، کە لە بەرواری 12ی ئایاری ساڵی 1820 لەدایکبووە و بە دامەزرێنەر و دۆزەرەوەی پەرستاری مۆدێرن دادەندرێت. هەر بۆیە کونسوڵی گشتی پەرستاران لەساڵی 1974ەوە ساڵانە یادی ئەمڕۆژە دەکاتەوە.