ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

پرۆژەی هەنگەڵانی ڕۆژین ,,كارێك بۆ گرنگیدان بە بەرهەمی خۆماڵی

باخێكی دوورە دەست لە گوندێكی سەر بە ناوچەی هەورامان دەبێت بە جێگای سەرنجی كچێك تاوەكوو خەونەكەی بەدیبهێنێت و پرۆژەیەكی تایبەت بەخۆی بەناوی (هەنگەڵانی ڕۆژین )بكاتەوە.
رۆژین خەسرەو، كچێكی دانیشتوی شاری هەڵەبجەیە، ماوەی دوو ساڵە كاری هەنگەوانی دەكات، لە رێگەی كارەكەیەوە توانیویەتی هەم داهاتێك بۆ خۆی بنیات بنێت و هەمیش یارمەتی خێزانەكەی بدات. رۆژین لە پاش تەواوكردنی زانكۆ لە نێوان بڕیاری دانیشتن لە ماڵەوە و چاوەروانی دامەزراندن، یاخود كاركردن لە شوێنە نا حكومیەكاندا، كاركردن هەڵدەبژێرێت و لەگەڵ چەندین رێكخراو و شوێنی جیاواز كاردەكات و دواتر بڕیار دەدات پرۆژەی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت.
وەك خۆی باسی دەكات بیرۆكەی پرۆژەكە لە وێوەهاتووە كە باخێكی باپیری بە میرات بۆیان ماوەتەوە و پێیخۆش بووە كە پرۆژەیەكی لەم چەشنەی تێدا دروستبكات لەبەر ئەوەی ژینگەكەی بۆ هەنگ گونجاو بووە و پاش بینینی جەند دەورەیەك پرۆژەكەی خستۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە لێدانێكید بۆ تۆری میدیای تەوار رۆژین خەسرەو باسی لە سەرەتای دەستپێكردنی كارەكەی كردوو ووتی” لە مناڵییەوە بەردەوام خولیای ئەم كارەم هەبوو، هەروەها پێم باش بوو كارێك بكەم جیاواز لەو كارانەی گەنجان بە گشتی دەستی بۆ ئەبەن”.
هەرچەندە كاری هەنگەوانی كارێكی جیاواز و نامۆیە بۆ كچێك كە سەرپەرشتی بكات، بەڵام رۆژین بەهۆی پاڵپشتی خێزانەكەیەوە توشی هیچ بەربەست و رێگریەك نەبوەتەوە وەك خۆی ووتی” هەر لەسەرەتاوە خێزانەكەم بە تایبەت براكانم پاڵپشتی سەرەكیم بوون و رێگربوون لە هەر كێشەیەك كە بێتە پێشم”.
رۆژین لە ئێستادا خاوەنی (27) سندوق هەنگە، هەموو هەنگەكان خۆماڵین، هەنگوینەكەی لە تەواوی كوردستان كڕیاری هەیە، تەنانەت لە دەرەوەی كوردستانیش داواكاری لەسەرە. لە ئێستادا ڕۆژین لە گوندی عەنەبی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە سەرجەم سندوقەكانی لە بەرهەمهێنانی هەنگوین بەردەوامن و لە ڤێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵیەكاندا بەشداری دەكات. لە رۆژین دوا لە كچانی شارەكەی دەكات كە هەرگیز سڵ نەكەن لەو كارەی كە مەبەستیانە پێیبگەن و خەون خولیایانە.
میهری: هەڵەبجە

هاوشێوە

ڤیدیۆ