ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

سارا هونەری كردۆتە سەرچاوەی ژیانی

سارا هونەری كردۆتە سەرچاوەی ژیانی
كچە هونەرمەندوو چالاكوانی شاری سلێمانی سارا عوسمان كە ناسراوە بە ساراگیان لە ئێستادا لە لەوڵاتی بەریتانیا دەژی و هونەرەكەی كردۆتە تا كە سەرچاوەی داهات و بەردەوامی لە ژیاندا.
سارا عوسمان ئەو كچەی هەمیشە لەگەڵ حەز و خولێكانیدا گەورەتردەبێت و كۆڵنادات و بەردەوام لەسەر قاچەكانی وەستاوە و هێزی رۆیشتن بەرە و خەونەكانی لە دڵ و مێشكی وەردەگرێت و هەمیشە بەڕوە شیرین و دەم بەخەندەكەیەوە بۆ لوتكەی خەونەكانی دەروانێت، لە كوردستان یەكێك بوولە كەسایەتەیە چالاك و دیارەكانی بواری هونەر و چالاكیە كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەكان، ئێستاش لە نێو ئەو هەموو جەنجاڵییەی خۆڕئاوادا وون نەبووە و هونەرەكەی كردۆتە سەرچاوەی ژیانی و غوربەت هێزی پێداوە وەك خۆیشی دەڵێت” غوربەت هەم جوانە و هەمیش غەمگینی خۆی هەیە، بەڵام دواجار سەفەر شتێكت فێردەكات كە قەت نەكردووە”.
ساراگیان لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە تایبەت بۆ تۆری میدیای تەوار ووتی” لە ئێستادا كە لە بەریتانیا دەژیم وەك هەموو خەڵكێكی ئاسایی دەبێ‌ كاربكەم و ڕۆژانەش دوای گەڕانەوەم لەكاركردن، خەریكی ڕەنگ و تابلۆكانمم، وەك هەمیشە حەزم لە كاری هونەری دەستییە و لەگەڵ تابلۆكانمدا بوون بە بەشێكی گرنگی سەرچاوەی داهات بۆم”.
جگەی لە ئیشكردن لەسەر تابلۆكانی سارا دەڵێت” لەپاڵ كارە هونەرییەكانیشدا خەریكی كۆكردنەوە و ڕێكخستنی ‎تێكستەكانمم كە هێشتا پێیان ناڵێم شعر، بەڵام ‎ئەگەر بوار هەبێت دەمەوێ لە داهاتوویەكی نزیكدا لە كتێبێكی بچكۆلانەدا ئەو هەستە ژنانانەی خۆم پێشكەشی خوێنەرانم بكەم”.
سارا خۆشحاڵبوو كە یەكێك لەدەقەكانی لەرێگەی تۆری میدیای تەوارەوە پێشكەش بەخوێنەرانی بكات ئەو بەزمانی شیعری ئاخێنراو بەهەستی ژنانە لە بارەی سەفەرەوە دەڵێت”
“ئەوكەسەی دەڕوات
هەرگیز بەقەد ئەو كەسە
غەمگین نابێ كە جێدەهێڵدرێت”.
سەفەرمان كردوو
كەس لەكۆڵانەكە پێی نەزانین
هەموو ڕۆژەكە بە پێچانەوەی جانتاكانەوە
خەریك بووین و شتێكی ئەوتۆشمان تێنەكرد.
نیوەشەو بەغەمگینی جانتاكانمان ڕاكێشا
بەهێواشی دەرگاكەمان داخست
بەسەر هەموو ئەو ژوورانەی
كە غەرقی بێسۆزی ببوون دامان خست.
بەسەر هەموو ئەو سوچانەی تەزیبوون دامان خست
كلیلەكانمان لە تاریكییەكی قوڵ قوڵدا فڕێدا
دەبوو هەرچی بووە زووتر لەو دەڤەرە وون بین
و هیچ هیچ بەهیچ كەسێكیش نەڵێین.
جاچی بڵێین
خۆتازە كەسیش بەفریای خۆشویستنمان ناكەوێ
سەگەكانی كۆڵان بۆنی نەگەڕانەوەیان كردبوو
مڵۆسیان لەسەر ڕێگاكەمان دانا
بەدواماندا دەوەڕین
بەدواماندا ڕایان دەكرد
لەناو ئوتومبێلەكەوە من چاوی پڕ فرمێسكیانم بینی
من كوڕوزانەوەی هەناوییانم بیست
لەگەڵیاندا گریام
لەگەڵیاندا گوێم لەقرچەی دڵی خۆشم بوو
لەگەڵ بۆنێكی تەماوی لە هەناسەمەوە دەرچوو
ئاخر ژن قەت هەناسەی ساردی لێ نابڕێ.
تێر سەیری یەكترمان كرد
تێر بۆنی یەكترمان كرد
پێت وتم
چاوەكانت چەندە خومارن
پێم وتی
لەگەڵ پێستت لە هەموو شوێنێكدا هەڵدەكەم
من دواین ئاوی گوڵەكانم دا
تۆ دواین تابلۆت بۆ هەڵگرتم
پڕ بەگەروومان هاوارمان كرد
پڕ بەچاومان بەو تاریكییەش لەدووكانی
كوڕەژیكەڵانەكەمان ڕوانی
لەیەكمان پرسی
ئەوە هەر بەڕاست دەڕۆین
ئەوە هەربەڕاست
ئەم دەڤەرە ئەوەندە دڵساردوو بریندار بووە
جێی هەناسەی تەماویشی تیانەبێتەوە
ئەوكەسەی دەڕوات هەرگیز
بەقەد ئەوكەسە
غەمگین نابێ كەجێدەهێڵدرێت

هاوشێوە

ڤیدیۆ