ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

سەنتەری دەوا تەمەنێكی كەم و خزمەتێكی زۆر بە قەزایی كەلار

ئامادەكردنی / هاوژین شكور -كەلار
سەنتەری دەوا بۆ چاودێری و ڕاهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم و خاوەنپێداویستی تایبەت لە گەرمیان بەسەرپەرشتی چەندین ڕاهێنەری بەتوانا و خاوەن ئەزموون كە خاوەن بڕوانامەی پەروەردەی تایبەتن لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات بەرێوەدەچێت و لەتەمەنێكی كەمدا خزمەتێكی زۆریان كردووە.
خاتوو شێواز ڕەحیم دەرچووی زانكۆی سلێمانی بەشی پەروەردەی تایبەتی تەواوكردووە زیاتر لە 11 خولی بینیوە لە بواری پەروەردەی تایبەتدا. ( 10) خولی لە ئێران بووە و( 1 ) خولیشی لە كوردستان. هەموو ئەو خولانەی لە ئێران بینیویەتی لە بواری زمان و قسەكردن بووە و ئێستاش تاكە پسپۆری زمان و قسە كردنە لە هەموو گەرمیان.
خاتوو شێواز ڕەحیم لە بارەی راهێنانی مناڵی ئۆتیزم بۆ سایتی تەوار ووتی” راهێنان بۆ باشتركردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی منداڵانی ئۆتیزم هەنگاوی سەرەكیی راهێنانەكانە. راهێنانی دروست و بەردەوام وا لە منداڵی ئۆتیزم ئەكات كە شێوازی ژیان و مامەڵەكردنی لەگەڵ دەروبەر باشترببێت”.
هەروەها وتیشی” ناڕێكیی لە پەیوەندییەكان باوترین نیشانە و كێشەی منداڵانی ئۆتیزمە، بەجۆرێك كە ناتوانن لە ڕێگەی قسەكردنەوە كەسانی چواردەوریان تێبگەیێنن. ئەو مناڵانەی لای ئێمە ئەگەنە ئەو قۆناغەی بڕۆنە قوتابخانە ئەوە ئێمە وەك مامۆستای وانەبێژ لە قوتابخانەی ئاسایی لەگەڵیان بەردەوام ئەبین و تاكە سەنتەرین لە هەموو گەرمیان كە ئەو خزمەت گوزاریەمان هەیە”.
شیما دایكی مناڵێكی ئوتیزمە و لە وڵاتی بریتانیا گەڕاوەتەوە و لە گەرمیان دەژی لە بارەی سەنتەری دەوا وە ووتی” سەنتەری دەوا هیچ جیاوازیەكی نیە لەگەڵ سەنتەرەكانی وڵاتی بەریتانیا، بۆیە تا ئەوكاتەی لەكوردستانبم مناڵەكەم دێنمە ئێرە دڵنیام لە پەروەردەكردنیان و تەواوی ڕاهێنەكان كەسی ئەكادیمی و بە ئەزموونن دەیكەن”.
لەلایەكیترەوە خاتوو شیواز ووتی” لە راهێناندا پێویستە سەرەتا رستەی كورتی رۆژانەیان فێربكرێت تاوەكوو بتوانن دەوروبەریان تێبگەیەنن. منداڵی ئۆتیزم دەتوانن بەهرەمەندبن و سوود لە زیرەكییان وەربگیرێت، بەمەرجێك: پێویستە كەشێكی زانستی دیاریكراویان بۆ برەخسێندرێت تاوەكوو بتوانن بەهرەكانیان لەو بوارەی كە ئارەزووی پێدەكات دەربخات”.
ئۆتیزم حاڵەتێكە لە منداڵدا، كە نیشانەكانی لە تەمەنی سێ مانگ تاوەكوو ساڵ و نیوو دەردەكەوێت، سەرنجدانی كەم دەبێت و پەیوەندی لەگەڵ دایكیدا لە چاو منداڵی ئاسایی كەمترە، بەڵام لە ڕووی گەشەی جەستەییەوە كێشەی نییە.
ساڵی ١٩٤٣ “لیۆكارنەر” ی پسپۆڕی نەخۆشی دەروونی منداڵان زۆرینەی خەسڵەت و نیشانەكانی دیاریكرد، بووە سەرەتای جیاكردنەوەی دیاردەكە، وشەی ئۆتیزم كە لە بنچینەدا وشەیەكی یۆنانییە، بەمانای گۆشەگیری دێت و لە كوردیشدا پێی دەوترێت خود تەنهایی.
وەك پزیشكان ئاماژەی بۆ دەكەن، ئۆتیزم بریتییە لە دیاردەیەكی پەشۆكان یان تێكچوونی گەشەی مێشك، كە كار لە چەند لایەنەكی منداڵ دەكات، هەروەها كار لە كردار، ڕەفتارەكان، گوفتار، قسەكردن، تێگەیشتن و وەرگرتنی بابەتەكان دەكات. لە بارەی ئایا ئۆتیزم نەخۆشییە یاخود نا، بۆچوونی جیاواز هەیە، بەشێك لە پزیشكان پێیانوایە نەخۆشییە ئەوەش لە ڕوانگەی ئەوەی پەیوەندی بە تێكچوونی گەشەی دەمارە مێشك و گەشەی مێشك هەیە، دەكرێت لە داهاتوودا نیشانەكانی و هۆكارەكانی دیاری بكرێن، لە هەمان كاتیشدا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بەشێكی دیكەش بە دیاردە ناوی دەبەن و دەیبەستنەوە بە لایەنی دەروون و ژینگەی منداڵەكە.
هەرچەندە تا ئێستا بەتەواوی هۆكاری ئۆتیزم دیاری نەكراوە، بەڵام زۆرینەی شارەزایان باس لەوە دەكەن چەندین هۆكارهەن كە دەكرێت دەرئەنجامی دەركەوتنی دیاردەی ئۆتیزمی لێبكەوێتەوە، وەك هۆكاری بۆماوەیی، زۆرینەی ئەو ژنانەی بە پێكوتە و دەرزی دووگیاندەبن بەڕێژەی جیاواز منداڵەكانیان ئۆتیزمن، نەشتەرگەری منداڵبوون و دەرهێنانی منداڵ پێش تەواوكردنی ماوەی دووگیانی، هەروەها دواین توێژینەوەكانیش دەریانخستووە پیسبوونی ژینگە و خۆراك و سەرچاوەكانی ئاوی خاوێن كاریگەرییان لە سەر دەركەوتنی دیاردەكە هەیە.
بەپێی ئەو ئامارەی دەست سایتی تەوار كەوتووە، لە هەرێمی كوردستان ( 3488) منداڵی ئۆتیزم هەن كە (1300)مناڵیان لە سنوری هەولێر و (١٢١٣)منال لە پارێزگای سلێمانی و( 874) منداڵ لە دهۆك تۆماركراون. بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش ژمارەی ئەوانەی لە جیهاندا تۆتیزمیان هەیە
( 70) ملیۆنی تێپەڕاندووە.

هاوشێوە

ڤیدیۆ