ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ساكار ئەزمونی كاركردنی خۆی لە ماڵەوە دەردەكات و دێتە دەرەوە

میهرەبان: هەڵەبجە
ساكار یەكێكە لە كچە دەسترەنگین و خاوەن كارەكانی هەڵەبجە، ماوەی( ١٤ ) ساڵە لە ماڵەوە و( ٢ ) ساڵیشە بە ڕێگای ئۆنلاین كاردەكات، ئێستا لە شاری هەڵەبجە كافێیەكی كردووەتەوە و بووەتە جێیەك بۆ حەوانەوەی ژنانی شارەكە.
كاركردنی ژنان لە پارێزگای هەڵەبجە زیادیكردووە، ژنانی ڕەنجكێش، ڕەنجی چەند ساڵەیان دەخەنە بەرچاو و هەوڵدەدەن ببنە خاوەنكاری خۆیان و هەلیكار بۆ ژنانی دیكەش بڕەخسێنن. ( ساكار كەریم) نموونەی یەكێك لەو ژنانەیە كە لە ماڵەوە ماوەی چواردە ساڵە كار دەكات و دوو ساڵیشە بە ڕێگەی ئۆنلاین كاری دروستكردنی شیرینی و كێك دەكات و لەناو خەڵكدا ناسراوە.
ئەم ژنە گەنجەی هەڵەبجە، بڕیاریدا كارەكانی لە دوكانێكدا كۆبكاتەوە و كافێیەكی بەناوی “بەیبون سویت”ی كردووەتەوە، سەرجەم ئەو شیرینییانەی تیادا دروستدەكات كە خواستی هاوڵاتیانی لەسەرە، ساكار هەرچەندە دەرچووی بەشی كشتوكاڵە، بەڵام خواستی بۆ دروستكردنی شیرینی زیاتر بووە.
لە بارەی كردنەوەی كافێیەكەیەوە دەڵێت” دوای ئەوەی داواكاری خەڵك زۆر بووە لەسەر شیرینیەكانم، بڕیارمدا كە شوێنێك بكەمەوە تایبەت بێت بە كارەكانی خۆم و ئەو ئەركە لەسەر ماڵەوە كەم بكەمەوە، ئێستا كاتێكی زۆرتر تەرخان دەكەم بۆ كارەكەم”.
ساكار كەریم باسی لەوەكرد پاش ئەوەی لەلایەن ڤیم فاوندەیشنەوە پرۆژەی بازرگانی بچوكی بۆ دەرچوە بووە بە خاوەن بازرگانی و كاری خۆی و لە ڕێگەی دوكانەكەیەوە هەلێكی باشی بۆ ژنانیتریش رەخساندووە.
ساكار ووتی” لە ئێستادا هەرچەندە سەرەتای كاركردنمە، بەڵام توانیومە دوو ژن بخەمە سەركار و لە داهاتووشدا لەگەڵ زیاتر بوونی جۆری شیرینییەكان ئەركی سەرشانمان قورستر دەبێت بۆیە بەدڵنیاییەوە هەلیكاری زیاتر دەڕەخسێت بۆ ژنانی شارەكەم”.
‎ساكار داوا لە ژنان دەكات نەترسن و هەنگاو هەڵبهێنن و دەشڵێت”دەستپێكردن ئاسانە و برەوپێدان ئاسوودەیت پێ دەبەخشێت”.
لە ئێستادا تەنها بۆ خوادنەوەی شیرینی ڕوو لە كافێكەی ساكار ناكرێ، بەڵكو بەهۆی جوانی و سەلیقەی ژنانەی خۆیەوە وەك ستۆدێۆی یادگاری هاوڵاتیان وێنە یادگاریەكانیانی تێدا دەچركێنن و دەمیان بە بەرهەمەكانی شیرین دەكەن.

هاوشێوە

ڤیدیۆ