ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

چنور تراژیدیایی ژیانی دەنوسێتەوە

ئامادەكردنی: تریفە حسن
تەقەی خۆشی بووە هۆی ئازارێكی نەبڕاوە لە جەستە و رۆحی چنوردا. بەڵام بەخۆڕاگری و هەوڵدانەوە لە نێو خۆشی ئەوانیتردا ئازارەكانی ژیانی دەنوسێتەوە و لە كتێبێكدا چاپیدەكات و لە زاری خۆیەوە باس لە تراژیدیایی ژیانی دەكات.
چنور تۆفیق مەعروف، ئەو ئێستا مامۆستایی كۆمپوتەرە لە قوتابخانەی كاشمای بنەڕەتی، بەهۆی فیشەكێكی ئەوانەی بەبێ‌ گوێدانە ژیانی ئەوانیتر تەقەی خۆشییان كرد مامۆستا چنوریان كردە خاوەن پێداویستی تایبەت و زۆرێك لە خەونەكانی زیندە بەچاڵكرا. بەڵام بێهیوا نەبوو ئەوی كردە نوسەر و لە دوو توێی كتێبێكدا تراژیدیای ژیانی نوسییەوە.
لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا بۆ سایتی تەوار دەربارەی چیرۆكی تەقەی خۆشی ووتی” لە تەمەنی چوارساڵیدا بووم لە بۆنەیەكی ڕژێمی بەعس دابوو تەقە دەكرا بە ئاسماندا، لە حەوشەكەی ماڵی خۆماندا فیشەكم بەركەوت (گولەی وێڵ)، بەداخەوە هەردوو قاچم لەدەستدا، بەو شێوەیە لەسەر عەرەبانە ژیانم بەڕێكرد، خوێندنم تەواوكرد بووم بەمامۆستا، بەهۆی ئەو فیشەكەوە ژیانم زۆر گۆڕا، ناخۆشی زۆرم بینی، ئیتر هەموو ئاستەنگەكانی ژیانم كۆكردەوە، حەزمكرد لە كتێبیێكدا بیخەمەڕوو، بۆ ئەوەی بزانن كە فیشەكێك دەتەقێنی بەئاسماندا دەبێتە گۆڕینی ژیانی كەسێك بە ئاڕاستەیەكی زۆر ناخۆش”.
مامۆستا چنور زیاتر باسی لە ناوەڕۆكی كتێبەكە كردوو ووتی” ئەم كتێبە گێرانەوەی وێسگەكانی ژیانی خۆمە هەموو راستیە كە لە تەمەنی مناڵیەوە بینیومە، پێش ئەوەی فیشەكەكەم بەركەوێت و قۆناغەكانی خوێندنم تا تەواوكردنی خوێندن و بووم بەمامۆستا. هەموو ئەو كێشە تەندروستیانەی تووشم بوون. بەشێكیتری كتێبەكە باس لە هەموو ئەو كێشانە دەكات كە خاوەن پێداویستی تایبەت تووشی دەبێتەوە، كە زۆرجار كێشەنین، بەڵام قسەیەك ئازار دروستدەكات و دەبێت بە كێشە لەلایەنی دەروونیەوە”.
نوسەری ئەم كتێبە دەیەوێت لە رێگەی ئەم كتێبەوە بەخوێنەر بڵێت كاتێك كە خۆشیەك هەیە دەست مەیەرە چەكەكەت بیتەقێنی بەئاسماندا بۆ دەربڕینی خۆشیەكی كاتی چونكە ئاگات لێنیەكە فیشەكەكەت ئەگەڕێتەوە و ژیانی كەسێك وێران دەكات. خێزانێك تێكدەدات، خەون و ئاواتی مناڵێك دەخاتە ژێرچاڵەوە، لەوانەیە كەسەكە بكوژێت ئەگەر نەیكوژێت مردویەك دەبێت لەسەر كورسیەك كە چەندەها خەونی بخاتە ژێر گڵەوە.
چنور وتیشی” مەبەستی دووەمم لە نوسینی ئەم كتێبە ئەوەیە كە ئێمەی خاوەن پێداویستی تایبەت با جیاوازی نەكرێن لەگەڵ كەسێكدا كە تەندروستی باشە، با سەیری تواناكانمان بكرێت، نەك ئەو كێشە تەندروستیەی هەمانە، ئەگەر كەسێك بەپێوە ئیشەكەی دەكات من دەتوانم بەدانیشتنەوە بیكەم”.
خەونی چنور ئەوەیە كتێبەكەی لە زۆربەی شارەكانی كوردستان بڵاوبكاتەوە و حەزدەكات وەربگێڕێتە سەر زمانی عرەبی وئینگلیزی بۆ ئەوەی زۆرترین كەس سودی لێوەربگرن، بۆ ئەوەی كەسەكان واز لە تەقەكردن بهێنن و هەموو ئەو كەسانەشی كە لە ژیاندا بەشتێك بێهیوابوون بزانن كە ژیان بەوەكۆتایی نایەت و هەوڵبدەن زاڵبن بەسەریدا. وەك چنورخان دەڵێت” چەندینجار بیتاقەت و نارەحەت بووم، بەڵام بەخۆڕاگرییەوە زاڵبووم و سەركەوتوو بووم بە ئیستاشەوە ٢٤نەشتەرگەریم بۆ كراوە. بەڵام قەت بێهیوانیم. بۆیە هیوادارم چەك بەكارنەهێندرێت، ئەگەر لە پێناو پاڕێزگاری وڵاتدا نەبێت”

هاوشێوە

ڤیدیۆ