هاوڕێ کرێکار : تەوار
لەقەزای کەلاری ناوەندی ئێدارەی گەرمیان ، ژنێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار و بەشێکی زۆری جەستەی سووتاوە، بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنانیش ڕایدەگەیەنێت ژنەکە کێشەی لەگەڵ مێردەکەی هەبووە بۆیە پەنای بردوەتە بەرخۆسووتاندن.
سایتی تەوار، بۆ زانینی هۆکاری ڕووداوەکه ، پەیوەندی کرد بەعەلی قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، لەوەڵامدا، وتی : ئەو ڕووداوە ئەمڕۆ سێشەمە بووە، کەیسەکەی ڕەوانەی توندوتیژی دژی ژنان کراوە و ئەوان تایبەتمەندن بەو پرسە.
ئەیوب حسین،وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەگەرمیان بۆ سایتی تەوار وتی : بە پێی ئەو زانیارییانەی لەڕاپۆرتەکەی پۆلیسدا، ئاراستەی ئێمە کراوە، ژنەکە بەهۆی بوونی کێشەوە لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی سووتاندوو و کێشەکەیان لەسەر منداڵەو سکاڵای تۆمارکردووە لەسەر مێردەکەی.
ڕزگار لەتیف جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار بەسایتی تەواری وت” دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەمە، ژنێکی تەمەن ٤۰ ساڵ، بەناوی ن.غ.م ،دانیشتووی گەڕەکی سیروان، بەسووتاوی هێنراوە نەخۆشخانەکەمان.
وتیشی : بەڕێژەیەکی زۆر جەستەی سووتاوە و چارەسەری سەرەتاییمان بۆ کردووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی سلێمانی کراوە بۆ چارەسەر.