تریفە حەسەن: تەوار
لە هەوڵێكی نوێدا بۆ ژنانی بێلانە و بێسەرپەشتی نەخۆشی دەروونی بەشێكی تایبەت لە نەخۆشخانەی سۆزی دەرونی لە شاری سلێمانی دەكرێتەوە.
لە سەردانێكی تایبەتیدا بۆ نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی (كوێستان محەمەد) وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند كە شوێن دابین دەكرێت بۆ ئەو نەخۆشانەی كە دووچاری كێشەی دەروونی بوون بێسەرپشت و بێلانەن بەشێكی تایبەت بەو نەخۆشانە دەكرێتەوە.
ئامانجی ئەو سەردانەی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ بەسەركردنەوە و لە نزیكەوە ئاگاداربوون بوو لە پرۆژەی دابینكردنی شوێنێك بۆ ئەو ژنانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە و بێلانە و بێسەپەرشتن بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی لە ژێر چاودێریدا بمێننەوە. لەو سەردانەدا لێپرسراوانی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و تەندروستی سلێمانی بەووردی گفتوگۆی چڕ و پڕیان ئەنجامدا لە بارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە لە ناو ئەو نەخۆشخانەیە بۆ ئەوەی بەم نزیكانە دەست بكرێت بە جێبەجێكردنی.
(ناساندنی تایبەت بە نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی)
نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی یەكێك لە پرۆژە تەندروستیەكانی یەكێتی ژنانی كوردستانە بەمەبەستی خزمەتكردن بە ژنانی دەروون نەخۆش و بێلانە لە كوردستان، ئەو نەخۆشخانە پڕ سۆزە دەروونیەیە كە لە ڕێكەوتی 15-03-2009 لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و بەهاوكاری یەكێتی ژنانی كوردستان و بەپشتیوانی رەوانشاد (مام جەلال ) و چەند كەسایەتیەكی شاری سلێمانی كراوەتەوە و لە 20/6/2009 دەستیكردووە بە نەخۆش وەرگرتن و تا ئێستاش هەر بەردەوامە لە خزمەتكردن بە نەخۆش و چاودێری كردنیان.
• ژمارەی قەرەوێڵەكانی ئەم نەخۆشخانەیە بریتییە لە (65) تەخت.
• خزمەتگوزارییەكانی بۆ هەموو عێراق و ناوچەكانی كوردستانە بەبێ جیاوازی، جیاوازی ئەم نەخۆشخانەیە لەگەڵ نەخۆشخانەكانیتر ئەوەیە كە نەخۆش بەبێ یاوەر (مرافق) دەمێنێتەوە لە نەخۆشخانەكەدا و لەلایەن پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و توێژەری دەروونی و كۆمەڵایەتیەوە چاودێری دەكرێت.
• نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی پێكهاتووە لە (37) بەش كە هەریەكەیان ڕۆڵ و گرنگی خۆی هەیە لەبەرە و پێشبردن و ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی ناو نەخۆشخانەدا.
(بەشەكانی پێكهاتووە لە)
1- كاری دەستی: ڕۆژانە نەخۆشەكان بۆ ماوەی كاتژمێر و نیوێك سەردانی ژووری كاری دەستی دەكەن، بۆ كاری چنین و ئیشی نقێم و موور و زەنگیانە و مێخەك دروستكردن و چەندین پێداویستی و جوانكاری.
2- بەشی وێنە كێشان: ئەم بەشە لەلایەن مامۆستای وێنە كێشەوە بەڕێوەدەچێت و ڕۆژانە نەخۆشەكان رۆژانە نەخۆشەكانی كاری وێنەكێشان فێردەكرێن.
3- بەشی كتێبخانە: بەشێكی گرنگە و ڕۆژانە نەخۆشەكان سەردانی دەكەن و بە حەز و ئارەزوی خۆیان كتێب دەخوێننەوە.
4- بەشی ئارایشتگا: ئەم بەشە كەسێكی تایبەتمەند بە بواری جوانكاری بەڕیوەبەی دەبات و تێیدا گرنگی دەدرێت بە جوانكاری ڕوخسار و شێوازی ڕێكردن و بڕین و بۆیەی قژی نەخۆشەكان.
5- چالاكی وەرزش: وەرزش لەم نەخۆشخانەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێك هاتووە لەم بەشانەی لای خوارەوە:
– یاریگای تاتان، لە كاتژمێر (9:00) بۆ (10:30) نەخۆشەكان لە یاریگاكەن.
– ژووری ڕاهێنانی جەستەیی (چارەسەری سروشتی)، لێرەدا لە كاتژمێر (9 بۆ 11) نەخۆشەكان لەسەر ئامێرەكان وەرزشیان پێدەكرێت بە تایبەتی ئەوانەی كێشیان زۆرە وەك ئامێرەكانی (مشی پابت، پاسكیل، Rolin، Fit massag، Qudriceps، Massag، ئین فرارێد).
– ژووری تێنس، لە كاتژمێر (10:30) نەخۆشەكان دوو دوو دەبرێن بۆ ئەم ژوورە بۆ یاری تێنس لەلایەن مامۆستای وەرزشەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
– هۆڵی وەرزش، لە كاتێكدا كەش و هەوا زۆر سارد بێت نەخۆشەكان نابرێنە دەرەوە بۆ یاریگاكە دەبرێن بۆ هۆڵی وەرزش كە زیاتر لەم هۆڵە وەرزشی سویدیان پێ دەكرێت بە بەكارهێنانی مۆسیقای تایبەت .
(ئامانجی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی)
ئامانجی ئەم نەخۆشخانەیە چاككردنەوەی باری دەروونی نەخۆش و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگە و خێزان بەشێوەیەكی دەروون ئارام و تەندروست.
پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تایبەت بە نەخۆش وەك :
پێدانی دەرمان ڕۆژانە بە پێی پێویست، شۆردنی نەخۆش لەلایەن كارمەندی تەندروستی و پیشەییەكانەوە هەفتەی (2 – 3) جار. پاك ڕاگرتنی نەخۆش و چاودێری كردنی. بردنی نەخۆشەكان بۆ ژووری نان خواردن سێ ژەمە. پشكنینی تاقیگەیی و ناردنی نەخۆش بۆ لێدانی تەزووی كارەبا ئەگەر پێویست بكات. هەروەها لەگەڵ ئەو ئامانجانەشدا پەرەدان بە مافەكانی نەخۆش و ڕێنمایی كردنیان لەلایەن توێژەری دەروونی و كۆمەڵایەتیەوە بۆ یارمەتیدان لە گیروگرفتە كۆمەڵایەتی و دەروونیەكانی نەخۆش و بردنی نەخۆشەكان بۆ باخچەی نەخۆشخانە و چاودێری كردنیان ئامانجێكی دیكەی نەخۆشخانەكەیە.
ئامانجەكانی دەرەوەی نەخۆشخانە:
1- سەردانی كردنی ماڵی ئەو نەخۆشانەی كە نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە لەلایەن (نوێنەری یەكێتی ژنانی كوردستان، توێژەری دەروونی + توێژەری كۆمەڵایەتی + كارمەندی تەند ڕوستی) بۆ ئاگاداربوون لە باری تەندروستی نەخۆشەكە.
2- بردنی نەخۆشەكان بۆ سەیران و بازاڕەكان بەمەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش و دابینكردنی پێداویستیەكانیان.
“جۆری خزمەتگوزارییە پزیشكی و تاقیگەییەكان”
نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی چارەسەری هەناوی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاری تیشك و سۆنار نیە، بەڵام خزمەتگوزاری تاقیگەیی هەیە كە بریتین لە :
خزمەتگوزاری تاقیگەیی :
– Hematology (WBC، PCV، ESR).
– Chemestry (Triglyceride، Cholesterol، Creatine، Blood urea، Albumine، HDL، Sugar).
– هەروەها پشكنینی (GUE) (GSE) دەكرێت.
– ئەمە جگە لە هەندێك شیكاری خێرا وەك (Serology، Virology، Pregnancy test).
– چۆنێتی پەیوەندیكردن بەم نەخۆشخانەیەوە :
ناونیشان و شوێنی جوگرافی : (سلێمانی / تاسڵوجە، نزیك كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە).