ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ئیمان یادوەر خەڵاتی دووەمی روانگەی بردەوە

تایبەت: بەسایتی تەوار
لە قەزای سێمێل خولی دەیەمی خەڵاتەكانی روانگە بەڕێوەچوو، كچە شاعیری لاو خاتوو ئیمان یادوەر لە بواری شیعردا بووە براوەی خەڵاتی دووەمی شیعر.
مەراسیمی دابەشكردنی خولی دەیەمی خەڵاتەكانی روانگە بەڕێوەچوو لە 12 بواری جیاوازدا لە وانە دەستپێشخەریی كار، داهێنانی زانستی، پرۆگرامسازی، كورتە چیرۆك، هۆنراوە، وێنەكێشان، هونەری ریسایكلین، كورتە فیلم، تاك ژەنینی میوزیك و فۆتۆگرافی.
لە بواری شیعردا كچە شاعیری لاو خاتوو ئیمان فواد ناسراو بە (ئیمان یادوەر) بە شیعری (مرۆڤ و زەوی) بووە براوەی خەڵاتی دووەمی شیعر، لەم بارەیەوە شاعیر ئیمان یادوەر بۆ سایتی تەوار دەڵێت” لە ڕاستیدا ئەم خەڵاتە یاخود سەرجەم ئەو ڤێستیڤاڵانەی كە بەشداریم كردووە و خەڵاتم بردووە، هۆكارێكی باشن بۆ زیاتر هەوڵدان و جدیی بوون بۆ خزمەتی ئەدەب و هۆنراوەی كوردی كە وادەكات متمانەت بەخۆت زیاتر بێت”.
هەروەها وتیشی” كاری داهاتووم پاش ڤێستیڤاڵ سەرەڕای خوێندنەوەی چڕم لە سەر ئەدەبیاتی كوردی و جیهانی، لە هەوڵی كۆكردنەوە و ئامادەكردنی هۆنراوەكانمدام بۆ ئەوەی لە ئایندەدا لە پەرتوكێكدا بیخەمە بەردەم چاوی خوێنەرانی كورد”.
خەڵاتی روانگە بۆ لاوانی ژێر تەمەن 25 ساڵییە و بۆ ئەم ساڵ زیاتر لە 700 بەرهەم لە بەهرە و توانای جیاجیا بۆ روانگە نێردراوون، تەنیا 36 بەرهەم گەیشتونەتە قۆناخی كۆتایی بۆ بردنەوەی 12 خەڵات.

مرۆڤ و زەوی
مرۆڤ پێویستی بە زەوییە
بۆ ئەوەی تامی تەمەن بكات،
زەوی پێویستی بە خۆشەویستیی مرۆڤە
بۆ ئەوەی گەشەی نەوەستێت،
كانییەكان پاك بكەنەوە
بۆ ئەوەی ڕوخساری خۆتان ببینن.
بچنەوە دیداری دار بەڕوویەك
بۆ ئەوەی خۆتان بیر نەچێتەوە .
زەویی دوایین جێ پەنجەی خودا بوو بۆ
م ر ۆ ڤ،
مرۆڤ لە نێو شوێن‌ پەنجەی خودادا
پەنجە مۆری خۆی لە ژیاندا دۆزییەوە.
بۆ ئەوەی ون نەبین
دەست بە هەناسەی دارستانەوە دەگرین،
وەرن تا نەخنكاوین خۆمان بدەینە دەست جۆگەیەك
تا بمانگەیەنێتە ڕووبار.
بە گڕی گوللەكانتان ئاگری شەو مەكەنەوە
هەتاكو تاریكی نەیخواردووین.
دوای مانگ دەكەوین
تا سەر دهەریای یەقین دەمانبات.
بۆ ئەوەی وشەمان بیرنەچێتەوە
تووتییەك دەكەینە هاوڕێ.
ناهێڵین وەك منداڵەكانمان فێری وشەی چەك بــبـێت .
بۆ ئەوەی ئاسمانی خودا تەیی بكەین
‌دڵمان دەدەینە كۆترێك .
تا ئەوانەی جەنگ لاقەكانی بڕینەوە
بــە باڵەكانیان بفڕن.
بۆ ئەوەی زەوی لە میهرەبانیی نەوەستێت
ئێمە لە ڕق دەوەستین.
ئـەوەی بـەسـەر ژیـانـمـانـدا هـێـنــــاوە
قورسترە لە وەی مردن بەسەریدا هێناین
ئــەوەی بـەسەر خـۆمـانـدا دەیــهـێـنـیـن،
قورسترە لە وەی شەیتان بەسەر ئادەمدا هێنای،
سەختترە لە وەی خودا بەسەر شەیتاندا هێنای.
خۆمان دایە دەست جەنگ و تا بەردەرگای دۆزەخی بردین،
بۆچی زەوی لە ناو ئاگری جەنگدا
چیرۆكی مردنمان بگێڕێتەوە؟!
بۆچی گوللە دڵی درەختێك بپێكێت؟
بۆچی ئەتۆم هەناوی زەریا بكاتە گڕكان!
دۆلفین چ گوناهێكی هەیە بتوێتەوە!؟
دەست لە جەنگ هەڵبگرن
تا زەوی دەستی لێ هەڵنەگرتووین،
زەوی عەشقە گەورەكەی مرۆڤ
با -با-ی جەنگ خامۆش بكەین
تا بۆ ئارامی نەچینەوە نێو ئەشكەوت.
جەنگ وادەكات ئەستێرەكان وەك وردە زیخ بكەونە خوارەوە،
خۆتان بە جەنگەوە مەسووتێنن
كە هێشتا خۆر بۆتان دەسووتێت.
باوەش بكەن بە زەویدا،

                    وەك
                   یەكەمین
                 دایك

              وەك 
          دواهەمین
        بەهەشت.
       ئــەی 
   گـەنـجـی 
بـەهـرەمـەند، 

ئیتر سەنگەرەكان دەكەینەوە بە باخچە
تۆش چەكەكەت لە شوێنی هاوڕێ شەهیدەكەتدا، بـنـێـژە .
گیتارەكەت هەڵبگرەوە،
با ژنێك بگەڕێتەوە بۆ سەماكردن
كە لە نێوان ترس و چاوەڕوانییدا
جۆلانێیەتی.
ئیمان یادەوەر

هاوشێوە

ڤیدیۆ