ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

چۆن چارەسەری توندوتیژی دەروونی بکەین؟

ژیانەوە: تریفە حسن

رۆژین عەلی، توێژەری دەروونی دەڵێت:» ئەو کەسانەی توندوتیژی و بەتایبەتتر توندوتیژی دەروونیان بەرامبەر ئەنجامدراوە چارەسەری تاکی و پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتییان زۆر بۆ گرنگە».

رۆژین عەلی، لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ژیانەوە باس لە توندوتیژی و هۆکار و جۆرەکانی دەکات و دەڵێت:» ئەوکەسانەی ھەست بەوەدەکەن توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامدراوە، توندوتیژیەکە بەشاراوەی لەلای خۆیان نەھێڵنەوە لەبەرئەوە چارەسەر ھەیە بۆ کەسی توندوتیژی کار و توندوتیژی بەرامبەر کراو».

ژیانەوە:ئایا توندوتیژی دەروونی چییە؟
رۆژین عەلی: توندوتیژی بابەتێکی نوێ نییە لە کۆنەوەو لەسەرەتای درووست بوونی مرۆڤایەتی تا ئێستا بەبەردەوامی و بەشێوە جیاوازەکان توندوتیژی بوونی ھەبووەو دەبێت ،کەتاکی توندوتیژ کار تیاییدا توندوتیژی ئاڕاستەی خودی خۆی یاخود بەرامبەرەکەی دەکات.

ژیانەوە: جۆرەکانی توندوتیژی کامانەن؟
رۆژین عەلی: زۆر کات تێنەگەشتن وەک خۆی لە چەمکی توندوتیژی بووەتە ھۆی ئەوەی توندوتیژییە جەستەییەکان بەتەنھا وەک توندوتیژی لێیان بڕوانرێت لەکاتێکدا چەندین جۆری جیاواز لە توندوتیژی بوونی ھەیە لەوانە (توندوتیژیە خێزانییەکانی وەک ھاوسەر گیری بەزۆر ،لێدانی مناڵ ، بەزۆر وازپێھێنانی منڵان لە خوێندن ناپاکی ھاوسەری ….ھتد + توندوتیژی کۆمەڵایەتی + توندوتیژی ئابووری توندوتیژی سێکسی + توندوتیژی جەستەیی + توندوتیژی دەروونی …..)،بەشێوەیەکی گشتی سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژی لە خاڵێکدا ھاوبەشن ئەویش بریتییە لە گەیاندنی ئازار جا ئەم ئازارە لەژێر ھەر چەتر و ناوێکدا بێت ،بەھەموو ئازار دان و پێشێلکردن و چەوساندنەوەیەک دژی بەرامبەر ئەوترێت توندوتیژی.

ژیانەوە: ژیانەوە:کاریگەری توندوتیژی دەروونی لەسەر جەستە و دەرونی مرۆڤ چییە؟
رۆژین عەلی: بەپێی بۆچوونی دەرونناس و زانای گەورە فرۆید مرۆڤەکان خاوەنی دوو چەمکن یەکەمیان ژیاندۆستی (ئیرۆس)،دووەمیان مەرگ دۆستی (ساناتۆس)کاتێک ساناتۆس بەسەر ئیرۆسدا زاڵ بێت کەسەکە توندوتیژ ئەبێت بەڵام بە پێچەوانەوە سکنەر پێی وایە توندوتیژیەکان بەرھەمی بیر و ھزری تاکن دواتر دەبنە ڕەفتار کەواتە بە پێی بۆچوونی سکنەر تاکی خاوەن ھزری توندوتیژ پێشبینی و چاوەڕوانی کردار و ڕەفتاری توندوتیژی لێدەکرێت، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی ھۆکارەکانی توندوتیژی (پەروەردەی خێزان و مامەڵەیان لەگەڵ تاکدا ، کۆمەڵگا، ڕاگەیاندن ،ھەندێک جۆری نەخۆشی ….) جۆرێک لە جۆرە باوەکانی توندوتیژی توندوتیژییە دەروونیەکانە کە پانتاییەکی یەکجارفراوانی داگیر کردووە و کاریگەری قوڵتر و درێژ خایەنتر جێدەھێڵێت.

ژیانەوە: ئایا هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی دەروونی و زەبری دەروونی چیە؟
توندوتیژییە دەروونییەکان بەڕواڵەت نیشانەیان نییە ناوەکییە لەبەرئەوە بەئاسانی نانسرێنەوە وکەمتر کەسی توندوتیژی بەرامبەرکراو داوای ھاوکاری و یارمەتی دەکات ئەمجۆرە کە توندوتیژی کاریگەری قوڵ جێدەھێڵێت و زۆر جار تاک بەرەو گۆشەگیری و خەمۆکی ڕادەکێشێت،هەروەها جۆرەکانی توندوتیژی دەروونی (ھەڕەشەکردن و ئیھانە کردن و بێڕێزی و شەرمەزار کردن و قسەوقسەڵۆک و ھەراسان کردن چەوساندنەوەو گوشار خستنە سەر و گوێپێنەدان و ئیھمال کردن وتاوانبارکردن و بەکەم لێڕوانین و ترساندن ناو ناتۆرەی ناشرین …..)

ژیانەوە:ئایا چارەسەر چیە بۆ کەسێک زەبری دەروونی بەرامبەر کراوە؟
رۆژین عەلی: کاریگەری توندوتیژییە دەروونییەکان بە پێی جۆری توندوتیژی و تەمەنی توندوتیژی بەرامبەر کراو دەگۆڕدرێت بەھەمان شێوەیە بۆ چارەسەریش، بۆ نمونە لەمنداڵاندا زۆر کات دەبێتە ھۆی لەدەستانی بڕوا بە خۆبوون و متمانە بە خود دواکەوتنی گەشە و درەنگ فێر بوون گرفت لە دەربڕین و ھەستەکان قورسی درووست کردنی متمانە بە بەرامبەر و ھەست بە ئەمان نەکردن وزۆر جار دووبارەکردنەوەی ڕەفتارە توندوتیژیەکان…..) هەروەها بەشێوەیەکی گشتی ئاسان نییە کۆنتڕۆڵکردنی توندوتیژی بەشێوەیەکی ڕەھا بەڵام ئەوەی گرنگە ئەم پرسە فەرامۆش نەکرێت کاربکرێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لەناو خێزان و کۆمەڵگا لە ڕێگای زۆرتر گرنگی دان بە پەروەردە و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری لە ڕێگای ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا و ڕێکخراوەکان و ھەروەھا زۆر تر گرنگی دان بە ڕێکخستنی سیمینار و بڵاوکراوەکان ھەموو ئەمانە لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری تاک و دواجار کۆمەڵگا لە پێناو
بەتەندروستانە چون بەدەم گرفتەکانیانەوە.

ژیانەوە: وەک دەرووناسێک پەیامت چییە بۆلایەنە پەیوەندیدارەکان و هاووڵاتییان؟
رۆژین عەلی: ئەرکی گرنگی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە دەستبکات بە ڕێکخستنەوەو پاکسازی لەناو میدیاکاندا لەبەرئەوەی نابەرپرسانە بابەتەکان نەگوازنەوەو ڕوداوەکان بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە ڕوماڵبکەن لە جێگای ئەوەی نائاگای خەریکی جوانکردنی توندوتیژی کردنە نمونەی باڵای تاوانەکان بن کە ئەمەش دواجار کۆمەڵگا باجی دەدات و ئەوەگرنگە بۆ میدیاکان ڕاگرتنی ھاوسەنگییە لەنێوان واقیعی کۆمەڵگا و جۆری ئەوبابەتەی ئەیگوازنەوە،یاساش ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی ھەیە لە کەمتر کردنەوەی توندوتیژی.

ئەوەی زۆر گرنگە بۆ ئەوکەسانەی ھەست بەوەدەکەن توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامدراوە، توندوتیژیەکە بەشاراوەی لەلای خۆیان نەھێڵنەوە لەبەرئەوە چارەسەر ھەیە بۆ کەسی توندوتیژی کار و توندوتیژی بەرامبەر کراو،ھەوڵدان بۆ چارەسەرنەکردنی بابەتەکان و داوای ھاوکاری و یارمەتیکردن بەکەسانی پسپۆڕو پەیوەست بە بابەتەکەوە.

وەک تاوانبار و گوناھکار سەیرنەکردنی خود لەبەرئەوە بەرھەمھێن و دروستکەری نین
خێرا نەبوون لە بڕیاردان لەکاتی ھەستکردن بە برینداری و دڵشکان بەھۆی دەربڕینەکانی بەرامبەرەوە لەبەرئەوە تێگەشتنی ئێمە ھەمیشەو ھەموو کات یەکسان نییە بە مەبەستی بەرامبەر لەبەرئەوە باشتر وایە ھەوڵبدرێت بەڕاشکاوانە قسەبکرت لەسەر ھەموو ئەو بابەتانە تیاییدا ھەست بە برینداری دەکرێت،هەروەها بۆ ئەو کەسانەی توندوتیژی و بەتایبەتتر توندوتیژی دەروونیان بەرامبەر ئەنجامدراوە چارەسەری تاکی و پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتییان زۆر بۆ گرنگە.

هاوشێوە

ڤیدیۆ