ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی كانوونی دووەم، لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی ئێزدی، رێورەسمی رادەستكردنەوەی روفاتی 41 هاوڵاتی ئێزدی كە پێشتر رفێندرابوون و دوای شەهیدكردنیان لە گۆڕی بە كۆمەڵدا نێژرابوون، رادەستی كەسوكاریان دەكرێنەوە و لە زێدی خۆیان بەخاكدەسپێردرێن.
بەرپرسی نوسینگەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان رایگەیاند، ئەمڕۆ 41 روفاتی كوردانی ئێزیدی رادەستی كەسوكارەكانیان دەكرێنەوە، تا ئێستاش 92 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزیدیەكان دۆزراونەتەوە و 37 گۆڕیان هەڵنەدراونەتەوە.
حسێن قائیدی بەرپرسی نوسینگەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە سنوری شەنگال لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا 41 روفاتی كوردانی ئێزیدی دوای دەرهێنانیان لەگۆڕی بەكۆمەڵ، رادەستی كەسوكاریان دەكرێنەوە و جارێكی دیكە لە چوار گۆڕستان بەخاكدەسپێردرێن.
وتیشی: “20 روفاتیان خەڵكی گوندی كۆچۆ، 16 روفاتیان خەڵكی حەردان، سێ روفاتیان خەڵكی گوندی قنێن، دو روفاتیان خەڵكی خانەسۆرن”.
ئەوەشی رونكردەوە، “تا ئێستا 92 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزیدیەكان دۆزراونەتەوە، 55 لەو گۆڕە بەكۆمەڵانە هەڵدراونەتەوە، 37 گۆڕی بەكۆمەڵیش تا ئێستا دەستكارینەكراون و هەڵنەدراونەتەوە، ئەو 55 گۆڕە بەكۆمەڵەشی هەڵدراونەتەوە، 242 روفاتیان تێدایە”.