ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

“زۆربه‌ی کاره‌کانی ژنان ناچێته‌ چوارچێوه‌ی چالاکی ئابوورییه‌وه‌”

پروشه‌ فه‌یسه‌ڵ

“زۆربه‌ی کاره‌کانی ژنان ناچێته‌ چوارچێوه‌ی چالاکی ئابوورییه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تی کارکردن بۆ پیاوان زۆر زیاتره‌ له‌ژنان له‌که‌رتی تایبه‌تدا، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی راسته‌ له‌داموده‌زگا حوکمییه‌کاندا به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسان ئه‌م هه‌لی کاره‌ ره‌خساوه‌ بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز بێجیاوازی به‌پێچه‌وانه‌ی ناوه‌نده‌ ئه‌هلییه‌کان، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ژنانیش به‌شێکن له‌و هێزی کاره‌ی که‌ به‌شێکه‌ له‌چالاکی ئابووری”، ئه‌مه‌ راى پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر د. نه‌رمین مه‌عروف راگرى کۆلێژى بازرگانى زانکۆى سلێمانییه‌.

خاتوو نه‌رمین پێیوایه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له‌ئێستادا ژنان به‌شێکن له‌و هێزی کاره‌ی که‌ به‌شداره‌ له‌چالاکییه‌ ئابورییه‌کاندا، له‌هه‌مان کاتدا رێژه‌که‌ که‌متره‌ له‌پیاوان به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌یری بواره‌کانی کارکردن بکه‌ین.

هه‌روه‌ک ده‌ڵێت: “ئێمه‌ باسی کارکردنی ئابوریانه‌ ئه‌که‌ین که‌ داهاتی هه‌بێت، چونکه‌ به‌شێک له‌کاره‌کانی ژنان به‌کارکردنێکی ئابووری ته‌ماشا ناکرێت، وه‌ک (ئه‌و کارانه‌ی که‌ له‌ناو ماڵه‌که‌ی خۆیدا ئه‌نجامی ئه‌دات)، چونکه‌ مامه‌ڵه‌ی کڕین‌و فرۆشتنی پێوه‌ ناکرێت‌و هیچ جۆره‌ داهاتێکی نییه‌، ته‌نیا له‌کاتێکدا ئه‌م کارانه‌ی ژنان وه‌ک چالاکییه‌کی ئابووری ته‌ماشا ده‌کرێت که‌ له‌به‌رامبه‌ر برێک پاره‌دا ئه‌نجامیان بدات، واته‌ ئه‌و کاره‌ بۆ که‌سانی دیکه‌ بکات نه‌ک بۆ خێزانه‌که‌ی خۆی”.

تەوار: وه‌ک ئه‌زانین ژنان له‌ئێستادا هه‌ندێ رێچکه‌شکێنیان کردوه‌ و گه‌یشتونه‌ته‌ بازاری کار، ئایا به‌ڕای ئێوه‌ ژنان توانیویانه‌ کاریگه‌ریان هه‌بێت له‌گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری وڵاتدا به‌رێژه‌یه‌کی دیار؟

د. نه‌رمین: گومانی تێدا نییه‌، چونکه‌ ژنانیش وه‌کو ده‌ستی کار‌و مرۆڤ سه‌یر ده‌کرێن، له‌زانستی ئابووریدا چوار ره‌گه‌زی سه‌ره‌کی هه‌یه‌، یه‌که‌م سه‌رمایه‌، دووه‌م زه‌وى، سێیه‌م، رێکخستن، چواره‌م کار، لێره‌دا کار به‌واتای مرۆڤ دێت‌و مرۆڤیش هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌که‌ بێجیاوازی ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ گومانی تێدا نییه‌ که‌ ئه‌توانرێت سوود له‌ توانا‌و هێز‌و لێهاتوی ژنانیش وه‌ربگیرێت‌و به‌شداری بکه‌ن له‌پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا وه‌ک به‌شێک له‌هێزی کار، بۆیه‌ تاوه‌کو به‌ژداریکردنی ژنان زیاتر بێت ئه‌وا داهاتی وڵات زیاتر ده‌بێت، بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌بێته‌ زیاد بوونی داهاتی وڵات ده‌توانێت پێداویستییه‌کانی خۆشی به‌ئاسانی دابین بکات و یارمه‌تی ئه‌ندامه‌کانی تری خێزانه‌که‌ی بدات، گه‌ربێت و هاوسه‌رداریش بێت ئه‌رکی هاوسه‌ره‌که‌شی که‌مده‌کاته‌وه‌.

تەوار : تاچه‌ند ئه‌و بیرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک راسته‌ که‌ ئه‌ڵێن، ژنان بیرکرنه‌وه‌یان له‌ بواری بازرگانی و به‌ده‌ستهێنانی داهات له‌پیاوان باشتره‌؟

د. نه‌رمین: له‌ڕوی زانستی ئابوورییه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک راست نییه‌‌و هیچ بنه‌مایه‌کی زانستی نییه‌، زانستی ئابووری هیچ جیاوازییه‌ک ناکات له‌نێوان ره‌گه‌زه‌کاندا، به‌ڵام هۆکاری ئه‌مجۆره‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌ له‌نێو خه‌ڵکدا ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ناو خێزانه‌کاندا ژنان زیاتر ئاگادای پێداویستییه‌کانن‌و ئه‌و داهاته‌ی ئه‌و خێزانه‌ به‌ده‌ستی ئه‌هێنێت له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ دووباره‌ به‌کاردێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وان باشتر ئه‌توانن ئه‌و داهاته‌ دابه‌شبکه‌ن به‌سه‌ر ئه‌و پێداویستییه‌کاندا.

تەوار : وه‌ک ژنێک که‌ خاوه‌نی داهاتی تایبه‌تی خۆتانن، چیتان بۆ ئه‌و ژنانه‌ هه‌یه‌ که‌ خاوه‌نکار‌و داهاتی خۆیان نین؟

د. نه‌رمین: من ئه‌ڵێم زۆر گرنگه‌ ژنان خۆیان بوێربن‌و بڕوایان به‌تواناکانی خۆیان هه‌بێت‌و ترسیان له‌وه‌ نه‌بێت که‌ ده‌ست به‌کارکردن بکه‌ن‌و خاوه‌نکاری تایبه‌ت به‌خۆیان بن وه‌ک پیاوان، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ئێستادا ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌خانمان خاوه‌نکارى خۆیانن، به‌تایبه‌تی له‌ساڵی رابردوودا ئه‌م رێژه‌یه‌ زیادیکرد به‌هۆى بڵاوبونه‌وه‌ی په‌تای کۆرۆنا، چونکه‌ بووه‌ هۆی رێگری له‌زۆربه‌ی چالاکییه‌ ئابوورییه‌کان‌و چالاکی کارکردن به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ، به‌ڵکو کارکردنی له‌دووره‌وه‌ جێگه‌ى گرته‌وه‌ واته‌ کارکردن له‌ماڵه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژنان زیاتر کاربکه‌ن، چونکه‌ ده‌یانتوانی له‌یه‌ک کاتدا کاربکه‌ن و ئاگاداری خێزانه‌کانیشیابن، ئه‌وه‌ى پێویسته‌ باس بکرێت تۆره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌ که‌ زۆر کارئاسانی بۆ کارکردنى ژنان کردوه‌، چونکه‌ پێویست ناکات بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌کانیان‌و ده‌توانن کاره‌کانیان له‌رێگه‌ی تۆره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ به‌دوورترین کڕیار بناسێنن‌و بیگه‌یه‌ننه‌ ده‌ستیان، بۆیه‌ ئێستا ده‌رفه‌تی کارکرن بۆ ژنان زۆر ئاسانتر بووه‌‌و زۆر به‌ئاسانیو به‌داهاتێکی که‌م ئه‌توانن ببنه‌ خاوه‌ن پرۆژه‌ی خۆیان، هیوادارم ژنانیش بوێربن و ببنه‌ خاوه‌نکاری خۆیان.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌پرسى کارکردن‌و ئابوورى سه‌ربه‌خۆى ژنان، خاتوو شۆخان حه‌مه‌ ره‌شید پارێزه‌رى راوێژکار له‌رووى یاساییه‌وه‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌ڵێت : “ته‌نها یاسای کارکردنی عێراقی هه‌یه‌ که‌ ئه‌ویش تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ بواری کارکردنن‌و گرێبه‌ست‌و ئه‌و کرێکارانه‌ی که‌ کار ده‌که‌ن له‌ که‌رتی تایبه‌ت بێت یاخود حوکمی”.

تەوار : ئایا یاسایه‌کی تایبه‌تمه‌ند هه‌یه‌ بۆ ژنان که‌ له‌ کاتی کارکردندا کاتێک رووبه‌روو کێشه‌ ده‌بنه‌وه‌ بتوانن مافه‌کانی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه‌؟

خاتوو شۆخان: ته‌نها له‌یاسایی سزادانی عێراقیدا هه‌یه‌ ئه‌ویش که‌ ئه‌ڵێت “ژنان له‌هه‌ر شوێن‌و حاڵه‌تێکدا توشی گێچه‌ڵی سێکسی بنه‌وه‌”، ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ند نییه‌ به‌شوێنی کارکردن، به‌ڵکو هه‌موو شوێنێک به‌شوێنی کارکرنیشه‌وه‌ ئه‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌کاتی ئه‌نجامدانی گرێیه‌ستی کارکردندا ئه‌بێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بکرێت ئه‌گه‌ر رووبه‌رووی هه‌رجۆره‌ توندوتیژییه‌ک ببنه‌وه‌ بتوانن پارێزگاری له‌خۆیان بکه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌کوردستان‌و عێراقیشدا کارى پێنه‌کراوه‌، ئه‌توانم بڵێم له‌به‌ردوو هۆکار، یه‌که‌م ژنان تائه‌و راده‌یه‌ هۆشیار نین که‌ بزانن له‌ناو گرێبه‌سته‌که‌دا پێویسته‌ چی هه‌بێت، هه‌م خاوه‌ن کاره‌کانیش ئیستغلالی ئه‌و ژنانه‌ ده‌که‌ن که‌ کاریان لاده‌که‌ن، بۆیه‌ ژنان ده‌توانن له‌و گرێبه‌سته‌دا مافه‌کانی خۆیان بپارێزن‌و نه‌یه‌ڵن پێشێلکاریان به‌رامبه‌ر بکرێت.

تەوار : ئێوه‌ وه‌کو پارێزه‌ران هه‌وڵتان نه‌داوه‌ که‌ پێشنیارى یاسایه‌کی تایبه‌تمه‌ند بکه‌ن بۆ ژنان له‌کاتی کارکردندا ؟

خاتوو شۆخان: نه‌خێر، ئێمه‌ تاوه‌کو ئێستا هیچ پێشنیارێکى له‌و جۆره‌مان نه‌بووه‌، چونکه‌ ئه‌و یاسایانه‌ی تاوه‌کو ئێستا هه‌یه‌ بۆ پاراستنی ژنانه‌ له‌ناو خێزاندا، به‌ڵام یاسایه‌کی تایبه‌تمه‌ند بۆ پاراستنی ژنان له‌شوێنی کاره‌کانیان نییه‌، چونکه‌ حاڵه‌ته‌کان زۆر که‌من له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی کات ژنان خۆیان نایه‌نه‌وێت سکاڵا تۆمار بکه‌ن کاتێک رووبه‌رووی توندوتیژی ئه‌بنه‌وه‌، له‌هه‌مان کاتدا راسته‌ یاسایی تایبه‌تمه‌ند نییه‌، به‌ڵام وه‌کو پێشتر ئاماژه‌مان پێکرد یاسه‌یه‌ک هه‌یه‌ که‌ ژنان بتوانن مافه‌کانی خۆیان به‌ده‌ست بێنن، به‌ڵام کێشه‌ له‌ژماره‌ی سکاڵاکانه‌ که‌ زۆر که‌مه‌، چونکه‌ گه‌ربێت و ئامار گێچه‌ڵی سێکسی وه‌ربگرین له‌دادگاکاندا ئه‌وه‌ ته‌نیا ٤_٥ حاڵته‌‌و یاساش کاتێک داده‌نرێت که‌ هاوڵاتیان کێشه‌یه‌کیان هه‌بێت‌و بۆ چاره‌سه‌رکردنی پێویستیان به‌یاسا بێت، هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ حاڵه‌ته‌که‌ زۆره‌و ژماره‌ی سکاڵاکان که‌من ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ هۆشیاری ژنان خۆیان که‌ به‌داخه‌وه‌ هۆشیاریان زۆر که‌مه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌کو پارێزه‌ران به‌گشتی کار له‌سه‌ر هۆشیارکردنه‌وه‌ی ژنان ده‌که‌ین پێش هه‌موو شتێک.

تەوار : ئه‌و که‌یسی جیابونه‌وانه‌ی تاوه‌کو ئێستا هاتۆته‌لای به‌رێزتان هیچ حاڵتێک هه‌بووه‌ که‌ ژنان بیانه‌وێت کار بکه‌ن و له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌کانیان رێگریان لێبکرێت؟

خاتوو شۆخان: زۆر حاڵه‌تی واهه‌بووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانیمان هه‌یه‌ که‌ یاسایی ژماره‌ ٨ی ساڵی ٢٠١١ که‌ له‌یه‌کێک له‌برگه‌کاندا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ کراوه‌ که‌ نابێت ژنان ناچاربکرێن واز له‌کاره‌کانیان بێنن یاخود خوێندن، بۆیه‌ گه‌ر ژنێک ناچار بکرێت واز له‌کاره‌که‌ی بێنێت له‌لایه‌ن خێزانه‌که‌یه‌وه‌ ده‌توانێت سکاڵا تۆمار بکات و ئه‌و که‌سه‌ی ناچاری کردووه‌ سزابدرێت به‌شێوه‌ مادی و مه‌عنه‌وی.

تەوار : ئێوه‌ وه‌ک پارێزه‌‌و وه‌ک ژنێکیش تاچه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ژنان کاری تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌بێت؟

خاتوو شۆخان: ئێمه‌ زۆر پاڵپشتی ئه‌و ژنانه‌ ئه‌که‌ین که‌ خاوه‌نکاری خۆیانن، هه‌روه‌ک هانی ئه‌و ژنانه‌ش ئه‌ده‌ین ببنه‌ خاوه‌نکاری خۆیان‌و سه‌رچاوه‌ی ئابووری سه‌ربه‌خۆی خۆیان بن، زۆربه‌ی کێشه‌ خێزانییه‌کانیش که‌ له‌مرۆدا روو ده‌ده‌ن هۆکاره‌که‌ی داراییه‌، زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی که‌ به‌داخه‌وه‌ توندوتیژی خێزانی قبوڵده‌که‌ن ئه‌وانه‌ن که‌ خاوه‌ن ئابووری سه‌ربه‌خۆی خۆیان نین، بۆیه‌ ئابوری سه‌ربه‌خۆ واده‌کات ژنان بتوانن بریاری تایبه‌ت به‌خۆیان بده‌ن.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ خاتوو هه‌وار محه‌مه‌د خاوه‌نکار‌و دیزاینه‌رى پۆشاکى ژنان، ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى تا چ راده‌یه‌ک گرنگی به‌بواره‌ی خۆى ئه‌دات وتى: “تاراده‌یه‌کی زۆر گرنگی ئه‌ده‌م به‌بواره‌ی خۆم وه‌ک دیزاینه‌رێکی بواری جلی کوردیو ئیشه‌که‌مان شایه‌تی ئه‌دات بۆ ئه‌مه‌”، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ژنان له‌بواری بازرگانیدا تاچ راده‌یه‌ک به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوون، خاتوو هه‌وار وتى: “به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ساڵانێکی زۆره‌ ژنان ده‌ستیانکردوه‌ به‌وه‌ی ببنه‌ خاوه‌نکاری خۆیان به‌تایبه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا، جا بازرگانییه‌که‌یان به‌شێوه‌ی بازرگانی پچوک بێت یان گه‌وره‌، من به‌هه‌موو ژنێک ئه‌ڵێم که‌ پێویسته‌ خاوه‌نکاری خۆی بێت، راسته‌ پاره‌ هه‌موو شتێک نییه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ئه‌کات”.

هاوشێوە

ڤیدیۆ