ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ڕۆژی ٨ی مارتتان پیرۆزبێت

ڕۆژی ٨ی مارتتان پیرۆزبێت
بەبۆنەی ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە، جوانترین پیرۆزبایی و چەپكەنێرگزی ئەم وەرزەی كوردستانی شیرین پێشكەش بە ژنانی كوردستان و جیهان دەكەم.

٨ی مارس ڕۆژی بەخۆداچوونەوەی ژنانە لەپێناو یەكسانی و هاوشانی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر بۆ ژیانێكی ئاسوودە و بێ جیاوازیی ڕەگەزی. ژنانی كوردستانیش كە بەشێكی زۆری قورساییەكانی ژیان و زەحمەت و كوێرەوەری و لەهەمانكاتدا تێكۆشان و قوربانییەكانیشیان لەئەستۆ گرتووە، مافی خۆیانە ئەم ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕابگرن و پەیمانی كۆڵنەدان و كاری پێكەوەیی لەگەڵ كوڕ و برا و هاوسەر و هاوڕێ و تەواوی پیاوانی كوردستاندا دووپاتبكەنەوە.

ئەگەر سەردەمانی پێش ڕاپەڕین، ژنانی كورد لە سەنگەری شاخ و شاردا خەباتیان كردبێت، ئەوا دوای ڕاپەڕین كە ژنان ڕۆڵی بەرچاویان تێدا هەبوو، ئەركەكانیان قورستر نەبووبێت بەدڵنیاییەوە ئاسانتر نەبووە، چونكە لەگەڵ خەباتی ڕەگەزیی خۆیاندا خەباتی پەروەردەی نەوەی نوێ و ڕاپەڕاندنی كاروبارەكانی دیكەی ژیانیان لە ئەستۆیە، ئەمەیش گەورەیی ژنان دەسەلمێنێت بۆ ژیانێكی بەختەوەرانە.

ژنانی ئێمە پێویستە شانبەشانی پێشكەوتنەكان بڕۆن و لەهەمانكاتدا نەریتە جوانەكانی كوردەوارییش بپارێزن و لەبیریان بێت كە یەكێك لە گرنگترین بنەماكانی بوون و مانەوەی نەتەوە بەناوی ئەوانەوە ناونراوە “زمانی دایك” كە بێگومان دەبێت هەموو ژنێك شانازیی پێوەبكات.
لەمڕۆژەدا درود و سڵاو بۆ ژنە شەهیدەكان. بۆ ئەو ژنانەی جگەرگۆشە و هاوسەرەكانیان پێشكەش بە كورد و كوردستان كرد.
بۆ ئەو ژنانەی نەعرەتەی مەردانەیان لە زیندانەوە گوێی دوژمنانی كەڕدەكرد. بۆ ئەو ژنانەی لە گوندەكاندا بووبوونە دایك و خوشكی پێشمەرگە. بۆ ئەو ژنانەی دەستی ئەنفالچییەكانیان پێنەگەیشت. بۆ ئەو ژنانەی لە گۆڕەپانی خەبات و كاری بەرەوپێشبردنی میللـەتەكەماندا قۆڵی ژنانەیان لێهەڵماڵیوە…. ئەم ڕۆژەتان پیرۆز بێت.

گەلاوێژ

هاوشێوە

ڤیدیۆ