ئا:كۆچەر عزیز
خێزانێكی پێنج كەسی دوای لە دەستدانی كوڕەكەیان بەناوی ئەحمەد بەشێرپەنجە، لە گۆشەیەكی نەخۆشخانەی هیوا* لە شاری سلێمانی ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٢ كاتژمێر خەریكی ئامادەكردنی خواردنن بۆ توشبوانی نەخۆشییە جیاوازەكانی شێرپەنجە.
چیرۆكی كاركردنی ئەو خێزانە و خواردن دروستكردن بۆ نەخۆشەكان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ٨ ساڵ پێش ئێستا كوڕەكەیان تووشی شێرپەنجە بووە، بەو هۆیەوە دوای ململانێی لەگەڵ نەخۆشییەكەی كۆچی دوایی دەكات، بەڵام پێش مردنی ئەحمەدی كوڕیان وەسێتیان بۆدەكات و دوا داواكاری بۆیان ئەوەبوو كە خزمەتی نەخۆشخانەی هیوا بكەن، ئێستا ئەو خێزانە لەسەر وەسێتی كوڕەكەیان رۆژانە لە نەخۆشخانەكە خزمەت دەكەن.
لەنجە عەبدوڵا دایكی ئەحمەدەو چیرۆكی نەخۆش كەوتنی كورەكەی بۆ ژیانەوە دەگێڕێتەوەو دەڵێت: نەخۆش كەوتنی كوڕەكەم زۆر كتوپڕبوو، دووڕۆژ بوو ئەڵقەی دەستگیرانی گۆڕیبوەوە، دوای ئەوە وتی: “نەخۆشم كاتێك بردمانە نەخۆشخانە دوای پشكنینەكان دەركەوت كە شێرپەنجەی خوێنی هەیە”.
دایكی ئەحمەدی كۆچكردوو باسی لەوەكرد، دوای نەخۆشكەوتنی كوڕەكەیان، بردویانەتە لوبنان، سیستەمی خواردنی ئەوان زۆر جیاوازتر بوو لە كوردستان، “بۆیە لەوكاتانەدا داوامان لە چێشتخانەكەی ئەوێ كرد كە لەگەڵیان بمێنینەوە ئەوانیش قبوڵیان كردو بۆماوەی دوو مانگ لەگەڵیاندا بووین سیستەمی خواردن دروستكردنی ئەوان فێر بووین”.
لەنجە باس لە دروستكردنی ئەم چێشتخانە بچوووكەی نەخۆشخانەی هیوا دەكات و دەڵێت: دانانی ئەم چێشتخانەیە كتوپڕ بوو دوای نەخۆش كەوتنی كوڕەكەمان ئەو كاتە هاوسەرەكەم چێشتخانەی تایبەتی هەبوو، خۆم دوكانم هەبوو بەهەمان شێوە كوڕەكەم دوكانی جوانكاری هەبوو، هەرگیز بیرمان لە شتێكی لەم جۆرە نەكردبووەوە، تەنانەت هەر نەماندەزانی نەخۆشخانەی هیواش هەیە، بەڵام دواتر كە توشی شێرپەنجە بوو بردمانە دەرەوەی وڵات بۆچارەسەر خواردنی ئەو نەخۆشخانەمان بینی وهاتینەوە بۆ كوردستان هەمیشە دەیوت بۆناچیت ئەو خواردنانە بكەیت بۆنەخۆشەكان منیش دەموت ڕێگەپێدراو نییە، وتی باچاك ببمەوە بەرنامەیەكی خواردن دادەنێم وەكو لوبنان خواردنەكان لێدەنێم، بۆیە دوای مردنی ئەو بیرمان لەهیچی دیكە نەكردەوە تەنها بڕیارماندا ئەم چێشتخانەیە دابنێێن و ئێستاش تەنها كاری خێرخوازی گەورەترین ئامانجە لامان”.
لەبارەی ماوەی كاركردنیان، لەنجە ئاماژەی بەوەشكرد، “بۆ ماوەی ٧ ساڵە خۆم و دوو كچەكەم بێ بەرامبەر و كوڕێكی دیكەش كە ئەو پارەی لە لایەن خێرخوازانەوە بۆ دابین كراوە ئەو كارە دەكەین تەنیا هاوسەرەكەم مووچەیەكی رەمزی كەمی هەیە و رۆژانەش لە ٧بەیانی بۆ ٧ئێوارە دێینە ئێرە و خواردنی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ كەس بە نەخۆش و كەسی دیكە ئامادە دەكەین كە تەنها خواردنی ٢٠ كەس نەخۆشخانەكە دابینی دەكات ئەوەی دیكە خێرخوازان دابینی دەكەن و ئێمەش ئامادەی دەكەین”.
لەنجە لەگەڵ ئەوەی كە ماوەیەكی زۆرە بەو ئازار و یادەوەری لەدەستدانی كورەكەیەوە ئەژی، بەڵام لەو نەخۆشخانەیە خواردن بۆ نەخۆشەكان ئامادە دەكات گلەیی هەیە و دەڵێت: ئێستا هەوڵدەدەم كارێك بۆ كجەكەم دابین بكەم، تاوەكو ئێستاش كەسێك نەهاتوە یان ئیشەكەمان شایستەی پێزانین بێت پشتگیریمان بكات و پێی بزاندرێت، چونكە كەم كەس هەیە بتوانێت ئەو كارەی ئێمە بكات بەو هەموو ئازارەوە سەرەڕای قورسی كارەكە، بۆیە داوا دەكەین كەسێكمان بۆ دابمەزرێنن، چونكە خەڵك هەیە كارمان لەگەڵ بكات، بەڵام بێ بەرامبەر ئەو كارە ناكات.
ئەو خێزانە داوا دەكەن كە شوێنی چێشتخانەكەیان بۆ گەورە بكرێت و دەڵێن: “ئێمە دەمانەوێت شوێنەكە گەورەتر بكرێت، چونكە ئێمە لە بەیانییەوە تا ئێوارە لەم شوێنە بچوكەداین، تەنها شوێنی پشوودانمان بۆ دابین بكەن، تاوەكو ئێستا هیچ شتێكیان بۆ نەكردوین، راستە ئێمە لەبەرخوا ئەو كارە دەكەین، بەڵام هاندان و پێزانینیك هەبێت خۆشە، بە تایبەت ئێستا كە رەمەزانە ئێستا كاتی ڕەمەزان دەبێت 2:30 شەو بڕۆینەوە راستە نەخۆش بەرۆژوو نابێت، بەڵام هاوەڵەكانیان بە رۆژوو دەبن و پێویستیان بە خواردن هەیە”.
لەنجە دەڵێت، خواردن لەهەموو نەخۆشخانەكان دروست دەكرێت، بەڵام ئەمەی ئێمە جیاوازە و بە پێی ستاندار و رێنماییە پزیشكییەكان ئامادەی دەكەین.
لەنیا كامەران، خوشكی ئەحمەدە، دیزاینی خواردن بۆ نەخۆشەكان دەكات و دەڵێت: من زۆر خۆشحاڵم كە لێرەدا دەتوانم خزمەتی نەخۆشەكانی ئەم نەخۆشخانەیە بكەم، هەر نەخۆشێك دەبینم براكەمم بیر دەكەوێتەوە، بەڵام هەمیشە هیوا بە نەخۆشەكان دەبەخشم و هێزو ورەیان پێدەبەخشم، ئەم نەخۆشانە پێویستیان بە دڵنەوایی هەیە و خۆشم خواردنەكانیان پێشكەش دەكەم و وەك هاوڕێمان لێهاتووە لەگەڵ نەخۆشەكاندا.
*(نەخۆشخانەی هیوا نەخۆشخانەیەكی (180) تەختی تایبەتە بە نەخۆشانی شێرپەنجە و نەخۆشیەكانی خوێن، لە مانگی 8 ساڵی 2007 لەشاری سلێمانی دروستكراوە، لەڕووی زانستیەوە ئەم نەخۆشخانەیە بەپلەی یەكەم دێت لە عێراقدا، وایكردوە سلێمانی بكاتە پایتەختی چارەسەركردنی نەخۆشانی شێرپەنجە، زیاتر لە 100 پزیشكی شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەم نەخۆشخانەیەوە بڕوانامەو پسپۆڕیان وەرگرتوە، لەم نەخۆشخانەیە تەواوی خزمەتگوزاریەكان بێبەرامبەرە، بەشێكی خەرجی نەخۆشخانەكە بە كۆمەك و سندوقی یارمەتی توشبوانی شێرپەنجەیە، لەڕێگەی ڕێكخراوو كەسانی خێرخوازی دیكە هاوكاری مادی و مەعنەوی پێشكەش دەكرێت، ئەم نەخۆشخانەیە نەخۆش لەتەواوی شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق وەردەگرێت بەهاوكاری لەگەڵ دەزگای تەندروستی پێشمەرگە (شۆرش) پشكنین و بەشەكانی دیكەی وەك تیشك و ڕێكارەكانی دیكەی تەواو دەكات).