لێرەدا باس لە گرنگی و کاری هونەری شێوەکاری دەکەین کە چۆن لە توانایدا هەیە پەیامی گەورەی هەبێت و خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات بەنموونە کارەکانی هونەرمەندی ئەڵمانی ( کاسپار داڤید فریدریش).
کاسپار ئەم کارانەی بەناوی (گەڕیدە لە سەروی دەریای مەگەوە)یە و لە ساڵی (۱٨۱۹) کێشراوە و پێوانەکەی (۹٤،٨× ۷٤،٨) سم، یە و لە (کونستالهاڵ هامبۆرگ)ە، ئەم کارە شێوازی ڕۆمانسیە و بە یەکێک لە نموونە سەرکەوتوەکان دادەنرێت لە هونەردا، هەروەها دیدگا و کارەکانی هونەرمەند کاریگەری هەبووە لەسەر رێبازی (ئیمپریشینیزمەکان و سوریالیەکان و بونگەراکان)، شێوازی کارەکانی ئایدیالی و سەرسوڕهێنەرە لە نموونەی کارەکانی دیمەنی تەنیا و داری بێ بەروو دیمەنی وێرانەی شوینە دێرینەکانن، یاخود فیگورەکانی پشتیان لە تابلۆکەیە و نازانرێت چ کاردانەوەیەکیان هەیە، هەروەها لەگەڵ (هونەر بۆ هونەر) بوو دژی کۆمەڵگەی ماتریاڵی بوو کە ئەوکات کۆمەڵکەی ئەڵمانی لە پێشکەوتنی خێرادابوو، هەوڵی دەدا لە ڕێی کارەکانیەوە ئەوە دەربخات مرۆڤ لەم جیهانەدا بچوکە و دەستیشی لە تێکدانیدا هەیە.
مێژوونووسی هونەری (کریستۆفەر جۆن مورای) لە وەسفی ئەم هونەرمەندەدا چەمکی ئاراستە بەکار دەبات و پێیوایە ” نیگارەکانی بینەر ئاڕاستە دەکات و بەرە و ڕەهەندە میتافیزیکیەکانی دەبات”، لەم کارەیدا وێنەی شاخەوانێکی تەنیای کێشاوە کە پشتی لە بینەرە و ڕووی لە بابەتەسەرەکیەکەی ناو کارەکەیە وا لە بینەر دەکات وەک ئەوەی پێی بڵێ (تاماشا بکە) سروشت وەک خۆی ببینە!.. ئەمەش لێهاتوی هونەرمەند دەردەخات سەرەڕای ئەوەی مرۆڤێک لە چەقی تابلۆکەدایە بەڵام باگراوندی کارکە بابەتی سەرەکییە، شاخەوانەکە لە چیاکاندا لەسەر بەرزاییەکی زۆر و تەموو مژاوی ڕاوەستاوە و ڕاماوە و بە داری دەست وەستانەکەی ئەوە نیشان دەدات کە مەودایەکی دوور و بەرزی بڕیوە و بێ حەوانەوەش لەو دیمەنە ڕاماوە کە تازە گەیشتویەتێ و بینیویەتی، ئا لەو ساتانەدایە مرۆڤ دەحەوێتەوە، ئەم کارەی هۆگربوونی مرۆڤ پیشاندەدات بۆ سروشت، جا لە ڕووی جوانی بێت یاخود سەرسام بوونی وەک ئەوەی لای فەیلەسوفان باسی لێوە دەکرێت کە سروشت جوانی تایبەت بە خۆی هەیە بە جوانی شکۆمەند وەسفی دەکەن و مرۆڤ توانایی ناشکێت بەسەریدا و سەرسامی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو مرۆڤەکان وەک یەک چێژی لێوەرناگرن، هەنێک لە مرۆڤەکان سروش لە سروشت وەردەگرن وەک ئەوەی لای (نیوتن) دروستبوو، لە بەرامبەریشدا مرۆڤی بۆرژواز هەن کە سروشت تێکدەدات بۆخۆی وەک ئەوەی (مارکس) باسی لێوە دەکرد.. بە کورتی سروشت شوێنی بیرکردنەوە و تێڕامانە بۆ کەسێک مەبەستی بێت، نیگارەکانی سروشت دووبارە نابنەوە و هەر ڕۆژە و ساتێک لە تەک یەک جوداوازە، گەر ئەم هونەرمەندە بمابایە لە ژیان چی کارێکی دەکرد بۆ ئەم سروشتە وێرانەی دەستی مرۆڤی هاوچەرخ؟.
وەرگێرانی: نەوشیروان عەلی
سەرچاوە: publicdelivery. Org – Amp. Theguardian.com