لەمێژە ژنان دركیان بەگرنگی راگەیاندن كردوە كە یەكێكە لەهۆكارە بەهێزەكان بۆ گەیاندنی پەیامو بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری لەناو كۆمەڵدا و دەتوانێت توانا هزری و جەستەییەكان كارا بكات.
لەسەردەمانێك كە نەك دەنگی ژن، بەڵكو دەنگی كورد بەگشتی سانسۆری لەسەر بوو لەژێر فشاری رژێمی ڕوخاودا، لەسەردەمی شۆڕش و ئاوارەیی ومەینەتییەكانی گەلی كوردی باشور، لەڕۆژانێكی سەختدا یەكێتی ژنانی كوردستان توانی یەكەم نۆبەرەی ڕاگەیاندنی بهێنێتە دی كە گۆڤاری تەوار بوو، دواتر رۆژنامەو بڵاوكراوەو بەرنامەی تەلەفزیۆنیو كەناڵیی رادیۆو جۆرەها ئامرازی تری ڕاگەیاندن لە بیستراو بینراوو خوێندراو پەرە پێبدات كە بوەتە مێژوویەكی پڕ سەروەری ڕاگەیاندنی كوردی بەگشتی و ڕاگەیاندنی ژنان بەتایبەتی.
هەربۆیە لەئێستاداو لەم سەردەمی پێشكەوتنی زانست و تەكنۆلۆجیایەشدا، یەكێتی ژنانی كوردستان بیری لەدامەزراندنی پێگەیەكی ئەلەكترۆنی بەهێز كردوەتەوە كە تەواوكەری راگەیاندنەكانی پێشو بێتو نوێنگەری بێت لەشێوازدا بەناوی تۆڕی میدیایی تەوار، ڕەنگدانەوەی باسو خواسی ژن و ژیانی خەڵكی كوردستان بێو بڵندگۆیەك بێت بۆ داكۆكیكردن لەمافە رەواكانی ژنی كوردو ناساندنی بەجیهانی مۆدێرنو دەرخەری هێزو توانای ژنان بێتو سەكۆیەك بێت بۆ خستنەڕوی كێشەو ستەمەكانی ژنانو هەوڵبدات چارەسەری گونجاوو زانستیانەی بۆ بدۆزێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئەم پێگەیە ببێت بە دەرخەری توانای ژنان لەبوارە فەرهەنگی و هونەریو وەرزشیو…تاد, سەرچاوەی هەواڵی راستو چالاكی ژنان بێ لەهەر كوێ بن لەناوخۆو دەرەوە.