ئەفراح ئیبراهیم فاتیح، ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و شێوەکارێکی بەئەزموونه ئەم خاتوونە شێوەکارە لەگەرمیان دەژی بە گەشبینیەکی زۆرەوە باسی ئەزموونی خۆی و هێزوتواناکانی بۆ ژیانەوە دەکات.
ئەفراح دەڵێت” لەتەمەنی دەساڵیەوە حەز و خولیام بۆ وێنەکێشان هەبووە، ئەوکاتەی سەرەتای قوتابخانە دەکرایەوە هەموو کەرەستەیەک و پێداویستیەکانیان بۆ خوشک و براکانم دەکڕا و کەرەستەی وێنەکێشانیش بۆ من، منیش زیاتر کاتەکەم بە وێنەکێشانەوە دەبردە سەر، تا ساڵی ٢٠٠٠هەزار دامەزرام منیش وانەی وێنەکێشانم دەوتەوە وردە وردە بەشداری پێشانگەم دەکردو و لەوکاتەوە بەشداری گروپ و چالاکیە جۆربەجۆرەکانم کردووە” لەبارەی ئەو پەیامانەی دەیەوێت لە رێگەی کارەکەیەوە بیگەیەنێتە بینەران ووتی” تابلۆکانم سێ شێوەیە یەکێکیان وێنەکێشان بە بۆیە، یان کارکردنم لەسەر تەختە و بەکاربۆن دەیسوتێنم، هەروەها تابلۆی زەیتیشم هەیە، تابلۆکانم گوزارشت لە سروشت و ژن دەکەن و هەندێکیان باس لە ژیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات، هەندێک شت لە ژیان هەیە مەگەر بەخەیاڵ پێبگەیەت و حەزم لە وێنەیەکە بینەرخۆی بەتەعبیری خۆی تێبگات” دەربارەی کەم ئەندامی و کاریگەریەکانی لەسەر هونەرەکەی ووتی” کەم ئەندامی نەبووە بە رێگر لە کارەکانم، هەتا ئێستاش هەرشتێکم ویستووە، توانیومە و هەوڵم بۆداوە و کردومە، ڕێگرم نەبووە، بەڵام وەکو کۆمەڵگا گوێم پێنەداوە، بەڵام لەکومەڵگای کوردی بتەوێت و نەتەوێت ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بێت بەدلنیاییەوە بەچاوی بەزەییەوە سەیرت دەکەن، بەڵام بۆ من هیچ گرنگیەکی نیە” لە بارەی فرۆشی کارەکانیشیەوە ئەفراح ئیبراهیم ووتی” بۆ فرۆشتنی کارەکانم گرنگە و پێویستە، بەڵام تابلۆکانم زۆر لە دڵمدا خۆشەویستن و بەداخەوە لای خۆمان ئەو نرخ و هیلاکییەی ئێمە دەیکێشین، پێینادەن، منیش دڵم نایەت تابلۆیەک ماندوودەبم لە سەری کە بەنرخێکی بدەم بەهای خۆی نەبێت” هەروەها ئەفراح وتیشی” پەیامم بۆ هەر ژنێک ئەوەیە کە هەر توانایەکی تێدایە بتوانێت بیکات و توانای خۆی دەرخات و بتوانێت بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات، ئەو کەسانەش کە خاوەن پێداویستی تایبەتن و توانای دەستڕەنگینی و هونەریان تێدایە، هەوڵی زیاتر بدەن و گوێ بەقسەی کەس نەدەن و هەرگیز بەزەیی و عەیبە رێگریان نەبێت”.
ئا: تریفە حەسەن