بەپێی نیشانەكانو ئەو شیكارییە تاقیگەییانەی بۆیان كراوە، دەركەوتووە كە بەشێك لەو منداڵانەی پەتایان هەیە، تووشبووی كۆڕۆنانو بەشێكی دیكەشیان جۆرێكن لەپەتای هەڵامەتی ئاسایی.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: لەئێستادا بەشێك لەمنداڵان تووشی چەند جۆرە پەتایەك ئەبن كە نیشانەكانیان بریتین لە (تا، كۆكە، هەڵامەت، سكچوون، ڕشانەوە، ئازاری سك و سەرئێشە)، هەندێك لەمنداڵەكان نیشانەكانیان سوكنو بەشێكی دیكەشیان بەتووندی تووش ئەبن، بەگوێرەی نیشانەكانو ئەو شیكارییە تاقیگەییانەی كە بۆیان دەكرێت دەركەوتووە بەشێكیان تووشبووی كۆڕۆنانو بەشێكی دیكەشیان جۆرێكن لەپەتای هەڵامەتی ئاسایی.
د.پشدەر عەبدوڵا پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵانو بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لەلێدوانێكیدا تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی تەوار وتی: “بەهۆی كردنەوەی دەرگای خوێندنگەو قوتابخانەكان، چاوەڕوان كراوە كە ئەو حاڵەتانە زیاد بكات، بەتایبەت كە ساڵی پار دەرگای ئەو شوێنانە داخراوبوون و كەمترین تووشبووی منداڵ هەبوو، بۆیە بەشی زۆری منداڵان بەرگرییان بۆ درووست نەبووە بۆ كۆڕۆناو پەتا وەرزیەكان”.
وتیشی: “چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵ حاڵەتی تووشبوونی منداڵان بەكۆڕۆناو پەتای وەرزی زۆر بن”.
سەبارەت بەداخستنی دەرگای خوێندنگەو قوتابخانەكان د. پشدەر دەڵێت: “بەدڵنیاییەوە لەگەڵ داخستنیدا نیم، دوو ساڵی ڕابردوو گەورەترین زیان بەر پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن كەوت، بۆیە داخستنی دەرگای خوێندنگەو قوتابخانە ئەبێت دوا شوێن بێت كە بیری لێ بكرێتەوە، ئەویش لەبەر گرنگی پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن، بۆیە لەئێستادا باشترین ڕێكار كە بگیرێتەبەر خۆپارێزییە، دەبێت منداڵان فێر بكرێن كە چۆن خۆپارێزی بكەن”.
د.پشدەر سەبارەت بەقورسو سوكی پەتاكە وتی: “بەشی زۆریان بەسووكی ئەیگرن، بەشێكیشیان نیشانەیان هەر لێ دەرناكەوێت، بەشێكیشیان بەتووندی ئەیگرن، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەر لەنەخۆشخانە دوای چەند ڕۆژێكی كەم باروودۆخیان باش ئەبێتو ئەنێردرێنە ماڵەوە”.
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەكانی نەخۆشخانەكەیان، د. پشدەر وتی: “توانای نەخۆشخانەكە لەڕووی ژمارەی بێدو ئامێری پێویستو دەرمان و تاقیگەوە هەنگاوی باشی ناوە و دەتوانم بڵێم لە باشترین باروودۆخداین”.
ئا: تریفە حەسەن












