بەهۆی هەڕەشەی زیندانییە هەڵهاتووەكانەوە، دادوەرە ژنەكانی ئەفغانستان ژیانیان لەمەترسیدایە.
دوای گەڕانەوەی حوكمی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان، بەبڕیارێك هەموو ژنە فەرمانبەرەكان لەسەر كار لابرانو لەناویاندا 202 دادوەری ژن هەبوون.
لەو ژمارەیەش هەندێكیان وڵاتیان بەجێهێشتووەو هەندێكی تریان ژیانیان لەمەترسیدایەو خۆیان حەشارداوە بەهۆی هەڕەشەی زیندانییە هەڵهاتووەكانەوە كە لەگەڵ هاتنی بزوتنەوەكەدا لەزیندانەكان هەڵهاتن.
یەكێك لەو داوەرە ژنانە كە ناوو شوێنەكەی خۆی ئاشكرا نەكردووە بەئاژانسی هەواڵی بی بی سی راگەیاند: “ناوێرین خۆمان دەربخەین، چونكە بەردەوام ئەو تاوانبارانەی ئێمە سزای زیندانیمان داونو ئێستا ئازادن، بەنامەی ئەلیكترۆنی هەڕەشەی كوشتنو تۆڵە سەندنەوەمان لێدەكەن، بەتایبەتی ئەو تاوانبارانەی لەسەر كوشتنی ژنانو ئەشكەنجەدانی خێزان سزا درا بوون”.