ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

زانكۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی كارا كرا

پرۆسەی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان كەوتە كار‌و ماوەی 10 رۆژ كارا دەبێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: دەرچووانی 12ی ئامادەیی دەتوانن لەڕێگەی وێبسایتی زانكۆ لاین www.regayzanko.com و لەماوەی 10 رۆژدا دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لەزانكۆ و پەیمانگەكان پڕبكەنەوە و پێشكەشی بكەن، هەروەك دەرچووان دەبێت بە بەكارهێنانی هەمان ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر لە خوێندنگەكانیان وەریانگرتووەتەوە فۆرمی وەرگرتن پڕبكەنەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی ژمارەی ئەو دەرچووانەی كە لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی وەزارەتەكەیان كراوە دەڵێت: 63 هەزار و 325 دەرچوو رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا كراون.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشداوە كە بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری دەرچووانی پۆلی 12 و ئاشنابوونیان بە‌سیستمەكانی وەرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن لەسەر وێبسایتەكە رێبەری وەرگرتن بەوردی بخوێننەوە وەك بنچینەیەك بۆ پڕكردنەوەی فۆرمەكانیان.

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت، دەرچووانی 12ی ئامادەیی دەتوانن سەردانی مەڵبەندەكانی راوێژكاری زانكۆكان بكەن بۆ وەرگرتنی روونكردنەوەی پێویست لەسەر چۆنیەتی پڕكردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بەسیستمە جیاوازەكان كە ئەمەش دەرەفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی دەرچووان بەر لەوەی فۆرمی وەرگرتن پێشكەش بكەن و ئاگاداری وردەكارییەكانی سیستمەكە بن و هەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەكان پڕبكەنەوە‌و روو لەو سەنتەرانە نەكەن كە فەرمیی نین و تەنها بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەكەنەوە.

هاوشێوە

ڤیدیۆ