لاولاوەكانم بینی بەسەر بانیژەكەدا
چۆن خۆیان شۆڕكردبوەوە تا سەیری
یاری هەڵماتێن و هەلوكێنی مناڵەكان بكەن
چ ژاوە ژاوێك و ڕاكە ڕاك و
تەپوتۆزێكیان ناوەتەوە لەو كۆڵانە.
گوڵەكانیش
خۆیان لە پەیژە تەختەكە ئاڵاندبوو
لە بەر چاوی خۆر خۆیان هەڵخستبوو
تا جوانتربن و بۆنی خۆشتر بڵاوبكەنەوە و
سەرنجی ڕێبواران بۆخۆیان ڕابكێشن.
تەنافەكەم بینی
سەرپۆشە تەڕەكەی پێوە هەڵخرابوو
پێشتر بەدەستی كیــــــــژوڵە
كابانەكەی مام حاجی چەند جارێ ڕایوەشاندوە.
لەم لاشەوە خەریكی كۆكردنەوەی هێلكەی ناو كولانەكەبوو
دەیخستنە ناو توڵی بەرچینە هەنارە چنراوەكەی
تا ئامادەی كات بۆ خواردنی ژەمێ .
چۆلەكەكانم بینی
لە گوێ سەوانەكان هەڵبەز و دابەزیان ئەكرد
سەرەتاتێكیان بوو
لە خۆشیاندا
چ جریوەیەكیان لەكاتی نوێژی بەرە بەیانیاندا دەچڕان
دەنگەكان تێكەڵ دەبوون.
من پۆلە ڕیشۆڵەكانیشم بینی
خۆیان لە دەوری داوی تەپەكەكە نابوو
چاوەڕێی هەلێك بون بۆ خواردنیان
تا بەداو نەكەون لارە لارە هەڵفڕ و ترسیان هەبوو.
لە پشت ماڵی دایەگوڵەیشەوە
كانیە بەفراوەكەم بینی
چۆن دەوری دابوو پونگە كێویەكان
بۆنی تا پێ دەشت و
بەرزاییەكان لە دوور دەڕۆشت.
لە نێوان ڕیحانە كێویەكانیش
پڕبون لەگوڵە بەیبونی مۆرو شین و ئاڵ
باوشیان لە نێوگەردنی یەك ئاڵاندبوو
دەستیان لەملی یەكتر توندكردبوو.
یا سورەچنارەكانی
ناو چەمە بەخوڕەكەی
خوار ئاشە ئاوەكەی لای دێوە
دەمبینی لە دوور با هاژەی بە گەڵاكانی دەكردوو
بەعیشقەوە جار ناجارێ دەكەوتنە خوارەوە و
بەریان نەئەدا دەست و پەنجەی یەكتری
تا دەكەوتنە نێو ئاو و قامشەڵانەكەی خوار باخەكەوە و
بۆ پیاسەیەك بەناو دەوەنەكاندا دەڕۆیشتن.
شوانەكەی دیوەخانی كوێخاشم بینی
لە دوورەوە مەڕەكانی لەوكێو كەژە دەهێنایەوە
قۆرییە ڕەشەكەی بەچاداخەكەوەی لەكۆڵنابوو
بەدەستێكی گۆچانەكەی
لەسەر شان دانابوو.
لە ئێوارەیەكی مەغریبدا
شەنگە بێرییش لە پێشیان دەڕۆشت و
دووبەرخۆلەی تازە لەدایكبوی لە باوەش نابوو
گۆرانی بێری بۆ بێرییەكانی هاوڕێی دەوتەوە
تا دەگەیشتنەوە ناو ئاوایی.
سەگە هاوشارەكانیش
بەوەڕین ناودێیان
لەگەڕانەوەیان ئاوەدان ئەكردەوە
بەرخ و مەڕ تێكەڵ دەبون
بۆنیان بەیەكترییەوە دەكردەوە.
چەند چاوەڕوانیەكی جوانە
ڕۆژێ تا ئێوارە
لەم جوانیە ڕابمێنی چاو تێرنابێ لە جوانی دێ
شیعری: شادە عەلی