ئێستا هەڵبژاردنی تایبەت لەسەرجەم بنكەكانی دەنگدان لە سەرتاسەری عیراق كۆتایی هات و ئامێرەكانی دەنگدان بەشێوەیەكی ئەلكترۆنی راگیرا.
لەسەعات 7ی ئەم بەیانییە هەڵبژاردنی تایبەت لە سەرجەم شارەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێكردوو لەكاژمێر شەشی ئێوارە كۆتایی بەپرۆسەكە هات.
خاتوو نەبراس ئەبو سۆدە یاریدەدەری وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند: بەهیچ جۆرێ وادەكە درێژ ناكرێتەوە و ئامێرەكانی دەنگدانیش بەشێوەیەكی ئەلكترۆنی خۆی رادەوەستێت.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیای تەوار كەوتووە رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لەبەشێك لە شارەكانی كوردستان بەم شێوەیە بوو: (لەشاری سلێمانی 69% دەنگدەران بەشدارییان كردووە، شاری ئاكرێ 93%، لە زاخۆ رێژەی بەشداری ئاوارەكان 55% و وە رێژەی بەشداریكردنی دەنگدانی تایبەت لە زاخۆ 86%، لە پارێزگای نەینەوا 38% ، پارێزگای هەڵەبجە 84%، ئیدارەی راپەرین 90%، شاری كفری 80%، گەرمیان 74% شارباژێڕ 88.8% ، چەمچەماڵ 88% كۆیە 89%، خانەقین 37%، قەزای خورماتوو 65%).
بەپێی زانیارییەكانی تۆری میدیای تەوار لە شاری سلێمانی و دەورووبەری هیچ پێشلێكارییەك رووی نەداوە و پرۆسەكە بەسەركەوتووی بەرێوەچووە.
یاریدەدەری وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: دزەكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وەك تاوان تەماشا دەكرێت و ئەنجامی هەڵبژاردنی تایبەت لەگەڵ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی گشتی ئاشكرا دەكرێت.
وتیشی: “پێشلكاری هەبووە و ئەوەی پێمان گەیشتووە لە ژێر لێكۆڵینەوەدان”.
تایبەت: بە تۆری میدیای تەوار
فۆتۆ: دانا حەمەغەریب