وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم، ماوەی (زانكۆلاین) بۆ ٤٨ سەعاتی داهاتوو درێژدەكاتەوە.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی ئەو وەزارەتە رایگەیاند: لەپێناو پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی بۆ ئەوانەی تا ئێستا فۆڕمی (زانكۆلاین)یان پڕنەكردۆتەوە یان تەواویان نەكردوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی (١٠/١٠) رۆژی دەنگدانەو هاوڵاتیان سەرقاڵی پرۆسەی دەنگدانن، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا ماوەی زانكۆلاین (٤٨) سەعاتی دیكە واتە تا سەعات (١٢)ی شەوی رۆژی دوشەممە رێكەوتی (٢٠٢١/١٠/١١) بۆ دەرچوانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی درێژ بكاتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا راشیگەیاند: لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچوان، كە بەهەر هۆكاربێت نەیانتوانیوە فۆرمی زانكۆلاین پڕبكەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتەو فۆرمی زانكۆلاین تەواوبكەن.
عەباس ئەكرەم راشیگەیاند: ئەمە دواین دەرفەتەو چیتر ماوەی زانكۆلاین درێژ ناكرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچوانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی دەكەین، كە تا ئێستا فۆڕمی (زانكۆلاین) یان پڕنەكردۆتەوە، پێویستە لەماوەی ئەو ٤٨ سەعاتەدا پەلە بكەن و تەواوی هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕكردنەوەو تەواوكردنی فۆرمی زانكۆلاین.