قائیمقامی سلێمانی بڕیاریدا هەر خوێندنگەیەك پارە لەكۆمپانیاكان وەربگرێت، رێكاری یاسایی لەگەڵ دەكرێت.
ئەمرۆ17/10/2021 دوای ئەوەی بۆماوەیەك گردبونەوەیەكیان ئەنجامداو داواكارییەكانیان خستە روو، نوێنەری كۆمپانیاكانی گواستنەوەو شۆفێری پاسەكانی گواستنەوەی خوێندكاران لەگەڵ قائیمقامی سلێمانی كۆبونەوەو باسیان لەكێشەكانی سوتەمەنی و داواكاری ئیدارەی خوێندنگەو قوتابخانەكان كرد كە قورسایی لەسەر كۆمپانیاكان و خێزانی خوێندكارانیش دروستكردووە.
لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی پشتگیری داواكارییەكانیانی كرد و چەند بڕیارێكی دەركرد.
1- هەر خوێندنگەیەك پارە لەكۆمپانیاكانی گواستنەوە وەربگرێت رێكاری یاسایی لەگەڵ ئیدارەكەی و كۆمپانیاكەش دەگیرێتەبەر.
2- هەموو پاسەكان دەبێت مەرجە یاساییەكانیان تێدا بێت و كۆمانیاكانیش مۆڵەتی یاساییان هەبێت.
3- هەر كۆمپانیایەك یان شۆفێرێك سەرپێچی كرد دوای ئاگاداركردنەوەو پابەند نەبوونی، كارەكەی لێ وەردەگیرێتەوەو بەشێوەیەكی تەندەر دەدرێت بە كۆمپانیای تر.
4- ئەو لیژنەیەی تایبەتە بە گواستنەوەی خوێندكاران چاودێری تەواوی كارەكان دەكات و رێكاری یاسایی بەرامبەر هەركەسێك دەگرێتەبەر كە سەرپێچی بكات.
دواتر خاوەنی كۆمپانیاكانی گواستنەوەو شۆفێرانی پاسەكان پشتگیرییان لەو بڕیارانە كردو رایانگەیاند لەبەرژەوەندی هەمووان دەبێت بەتایبەت خوێندكاران و خێزانەكانیان.













