ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ژنانى عیراق سه‌رکه‌وتنێکى گه‌وره‌ به‌ده‌ستده‌هێنن

له‌گه‌ڵ هه‌موو جیاوازییه‌کان له‌سه‌ر رۆڵى ژنانى عیراق له‌دوارۆژدا، به‌ڵام هه‌موان پێیانوایه‌ ژنانى عیراق له‌هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌که‌ى ئه‌م مانگه‌دا ده‌ستکه‌وتێکى گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌.


له‌پێشهاتێکدا که‌ یه‌که‌مجاره‌ دواى یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنه‌کانى عیراق له‌ساڵى 2005 رووده‌دا، ژنانى عیراق پێشکه‌وتنێکى گه‌وره‌یان له‌هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانییه‌کاندا که‌ 10ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چوو، به‌ده‌ستهێناوه‌.


له‌ده‌ستورى عیراقیدا که‌ ساڵى 2005 بڕیارى له‌سه‌ر درا هاتووه‌: که‌ ژنان نابێت رێژه‌ى به‌شداریکردنیان له‌ (25%) که‌متر بێت، واته‌ ده‌بێت (83) کورسیان له‌کۆى (329) کورسى پارله‌مانى هه‌بێت، له‌و چوار خوله‌ى پێشووى پارله‌مانى عیراقیشدا هه‌ر وابووه‌.

رێژه‌که‌ى خۆیان تێپه‌ڕاند
له‌گه‌ڵ ئاشکراکردنى ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان، سوپرازى زۆر رویدا، به‌ڵام رۆڵى سیاسه‌توانى ژنان به‌شێوه‌یه‌کى دیار‌و به‌رچاو له‌ئه‌نجامه‌کانى کۆتایدا ده‌رکه‌وت، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ فه‌رمانگه‌ى گشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌په‌یجى فه‌رمى خۆیه‌وه‌ پیرۆزبایى له‌و کاندیده‌ ژنانه‌ کرد که‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق سه‌رکه‌وتون.


خاتوو یوسرا که‌ریم موحسین به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ وتى: به‌پێى ئه‌نجامه‌کان، ژنانى عیراق توانیویانه‌ (97) کورسى پارله‌مان به‌ده‌ست بهێنن، به‌وه‌ش (14) کورسیان له‌به‌شه‌که‌ى خۆیان زیاتر به‌ده‌ستهێناوه‌.


به‌وپێیه‌ش رێژه‌ى به‌شداریکردنى ژنان له‌ (25%) ه‌وه‌ بۆ (30%) زیادى کردووه‌.


خاتوو هه‌نا ئه‌دور سه‌رۆکى تۆڕى ژنانى عیراق ده‌ڵێت: «هه‌شت له‌و ژنانه‌ى سه‌رکه‌وتوون بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق هه‌ریه‌که‌یان زیاتر له‌ 20 هه‌زار ده‌نگیان هێناوه‌، هه‌روه‌ک 33 ژن له‌ 13 پارێزگاى عیراقدا یه‌که‌مى بازنه‌کانى خۆیان بوون».


خاتوو هه‌نا ده‌شڵێت: «پارێزگاى سلێمانى 18 کورسى په‌رله‌مانى هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌ 11 ژن کورسى خۆیان مسۆگه‌ر کردووه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رئه‌خات که‌ ژنان متمانه‌ى زۆریان به‌خۆیان هه‌یه‌».


هه‌نا رونیده‌کاته‌وه‌: «له‌ره‌وتى سه‌در له‌کۆى 73 کورسى پارله‌مان، ژنان 32 کورسیان به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم 18 ژن له‌کۆى 37 کورسى‌و پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ کۆى 32 کورسى ژنان 12 کورسیان به‌ده‌ستهێناوه‌‌و له‌هاوپه‌یمانى فه‌تح-یش ژنان له‌کۆى 16 کورسى، 7 کورسیان به‌ده‌ستهێناوه‌«.


له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى تا چه‌نده‌ ئه‌و ژماره‌ کورسییه‌ى ژنان له‌پارله‌ماندا قبوڵکراوه‌، خاتوو هه‌نا ده‌ڵێت: «تۆڕى ژنانى عیراق که‌ رێکخراوێکى ناحکومییه‌، دواى ئه‌وه‌ى وردبینى له‌ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان کرد بۆى ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ژنان 115 کورسیان به‌ده‌ستهێناوه‌ نه‌ک (97) کورسى، چونکه‌ 22 ژن له‌هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا سه‌رکه‌وتوون، به‌ڵام ئه‌ژمار نه‌کراوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ داوامان له‌ کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کان کردووه‌ رونکردنه‌وه‌مان بداتێ‌ له‌سه‌ر میکانزمى ئه‌ژمار کردنى کورسى ئه‌و ژنانه‌ى سه‌رکه‌وتوون».

هۆکاره‌کانى سه‌رکه‌وتن
خاتوو ره‌شا وه‌هب پارێزه‌ر‌و چالاکوانى ژنان پێوایه‌ زیادبوونى کورسى ژنان له‌پارله‌مان بۆ یاساى هه‌ڵبژاردنى ژماره‌ 9ى ساڵى 2020 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، که‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پشتى پێبه‌سترا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌م یاسا نوێیه‌ عیراقى کردبوو به‌ 83ى بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن، به‌وه‌ش هه‌لى بۆ ژنان ره‌خساند که‌ کورسى زیاده‌ به‌ده‌ستبهێنن.

رۆڵى داهاتووى ژنان
پرسیارى زۆرى ئه‌وه‌ ده‌کرێت که‌ رۆڵى ژنانى عیراق له‌داهاتوودا به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى (30%) کورسى پارله‌مانیان به‌ده‌ستهێنا چى ده‌بێت، خاتوو ره‌شا پێیوایه‌ رۆڵى ژنان له‌دوارۆژدا به‌پله‌ى یه‌که‌م ئه‌که‌وێته‌وه‌ سه‌ر تواناکانى ژنان خۆیان.


له‌باره‌ى رۆڵى ژنان له‌خوله‌کانى پێشووى پارله‌مانى عیراقدا، خاتوو ره‌شا ده‌ڵێت: «له‌خوله‌کانى پێشوودا ژنان کاریگه‌رى زۆریان له‌سه‌ر یاساکان نه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و یاسایانه‌ى په‌یوه‌ندیان به‌ژنان‌و منداڵه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش بۆ فراکسیۆنه‌کانى پارله‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ زیاتر را‌و بۆچوونى سیاسیان پێوه‌ دیاره».


وتیشى: «پێناچێت ئه‌م خوله‌ى پارله‌مان گۆڕانکارى گه‌وره‌ دروست بکات، له‌به‌رئه‌وه‌ى تا ئێستاش هه‌ر پیاوان سه‌رۆکى فراکسیۆنن‌و بارودۆخى سیاسى وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن».


هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ خاتوو ئینسام سه‌لمان به‌ڕێوه‌به‌رى رێکخراوى ئایسن بۆ مافه‌کانى مرۆڤ ده‌ڵێت: «کارى پارله‌مانتارى له‌سه‌ر چه‌ندێتى نییه‌، به‌ڵکو له‌سه‌ر چۆنێتییه‌، رۆڵى ژنانیش به‌ره‌هایى پشت به‌ئاستى رۆشنبیریى ئه‌و ژنه‌ پارله‌مانتاره‌ ده‌به‌ستێت، تا چه‌ند چالاکه‌‌و رۆڵى له‌پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارى‌و ئه‌و یاسایانه‌دا هه‌یه‌ که‌ تایبه‌تن به‌ژنان‌و منداڵان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى رۆڵێکى گشتى هه‌یه‌ که‌ چاودێریکردنى کاره‌کانى حکومه‌ته‌».


خاتوو ئینسام وتیشى: «کارکردنى ژنان له‌پارله‌مانى عیراقدا هێشتا قورسه‌، ئه‌م خوله‌ى که‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ ناسرابوو که‌ رۆڵى ژنان تیایدا نیمچه‌ ونبووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین یاسا‌و هه‌موارکردنى یاساکانى تیا ون بوو به‌تایبه‌ت ئه‌و یاسایانه‌ى که‌ تایبه‌ت بوون به‌رووبه‌رووبونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى‌و پارێزگاریکردن له‌هه‌موارى یاساى ژماره‌ (57) که‌ یاسایه‌که‌ تایبه‌ت به‌ حه‌زانه‌ى منداڵ‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ى له‌دایکێکى ته‌ڵاقدراو که‌ شوو ده‌کاته‌وه‌«.


خاتوو هه‌نا سه‌رۆکى تۆڕى ژنانى عیراق رایه‌کى جیاوازى هه‌یه‌‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ى ناوده‌برێت «سه‌رکه‌وتنى گه‌وره‌ى ژنان» له‌پارله‌ماندا هیچ سوودێکى نابێت ئه‌گه‌ر ژنه‌ پارله‌مانتاره‌کان خۆیان چالاک نه‌بن له‌یاسادانان‌و چاودێریکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى جێبه‌جێ‌ کردندا، ئه‌وه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ى هێزى خۆیان وه‌کو ژنانى عیراق له‌رووى سیاسى‌و یاسادانانه‌وه‌ بسه‌لمێنن.


هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ خاتوو سوها عۆده‌ ره‌شبینى خۆى نه‌شارده‌وه‌ له‌رۆڵى ژنانى پارله‌مانتارى عیراقى له‌داهاتوودا، ئه‌وه‌ ده‌ڵێت: «زۆربه‌ى ژنه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانى پارله‌مانى عیراق پارتێک یان ره‌وتێکى سیاسى پشتگیرى کردووه‌، ئه‌وه‌ش واده‌کات چالاکییه‌کانیان له‌رێگه‌ى پارته‌کانیانه‌وه‌ ئاراسته‌ بکرێ‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى یه‌ک لیستى سیاسى‌و فراکسیۆنێک نییه‌ ژن سه‌رۆکایه‌تى بکات».


له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و راو بۆچونانه‌دا، هه‌مووان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ى دوایدا، ژنان سه‌رکه‌وتنێکى گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌.

ئا: دڵى

هاوشێوە

ڤیدیۆ