ئەمڕۆ لیژنەی باڵای روبەرووبونەوەی كۆرۆنا كۆبونەوەی خۆی ئەنجامداو دوای كۆبونەوەكە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بڕیارەكانی لیژنەكەی خستە روو.
بڕیارەكانی لیژنەكە:
1. بەستنی ماسك بۆ هەموو ئەو كەسانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە و ئەوانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەكان، دەبێتە ناچاری.
2. هەموو فەرمانبەرانی حكومەت بەهێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە لەماوەی دوو مانگدا ڤاكسین وەربگرن، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران، مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
3. هەموو ئەوانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، پێویستە كارتی ڤاكسینیان هەبێت.
4. ـ مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگەكان، هەروەها ئەو قوتابیانەی كە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، دەبێت تاوەكو 1-12-2021 ڤاكسینیان وەربگرێت.
5. پرسەدانان بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە.
6ـ پێویستە مامۆستایانی ئایینی هاوكاربن لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و رێنمایی تەندروستی.
7. دایكان و باوكان دەتوانن تاوەكو 31-10-2021 بڕیار بدەن كە منداڵەكانیان بچنە قوتابخانە یان بەشێوەی ئۆنلاین بخوێنن.
8. لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا دەبێت بەشداربووان كارتی ڤاكسین یان پشكنینی كۆرۆنایان پێبێت.
9. پێویستە پۆلیسی هاتووچۆ رێكارەكانی تایبەت بە شۆفێر و سەرنشینەكان جێبەجێ بكەن. وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەكەدا وتیشی: “ئەگەر بێت و هاونیشتمانییان پابەندی رێنوێننەكان نەبن ئەوا ئیجرائاتەكان توندتر دەكەین و هەر كاتێك ئاستی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا زیاتر بەرزبووەوە رێكاری دیكە دەگرینەبەر”.