ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ژنان و كچان بەشدارییەكی كاریگەری خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژانن

ماوەی زیاتر لەسێ‌ هەفتەیە گردبوونەوە و بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانی وانەبێژەوە لە بەشێك لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە و داوا دەكەن بكرێن بە هەمیشەیی، بەشێك لە مامۆستایانیش باس لەوەدەكەن، كە نزیكەی ١٠ ساڵە وانەبێژن و حكومەت مافی خۆیان پێنادات، ئەو بڕە پارەیەشی وەریدەگرن كەمە و بەشیان ناكات.

بەگوێرەی ئامارەكان ژنان و كچان نیوەی زیاتر لە مامۆستایانی وانەبێژ پێكدەهێنن.

سارا بەخۆیی و منداڵە تەمەن دووساڵەكەیەوە لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانی ماوەی ١٦ رۆژ زیاتر دەبێت بەشداری لە گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ دەكات بە مەبەستی دامەزراندن یان بەهەمیشەیكردنیان.

سارا بۆ تۆڕی میدیایی تەوار ئاماژەی بەوەكرد، ماوەی پێنج ساڵە وانەبێژم، دەمەوێت حكومەت یان بمانكاتە هەمیشەیی یان گرێبەست، بۆئەوەی وەكو مامۆستایانی دیكە مافمان هەبێت، ئەو دەڵێت:”من لە كاتی لە دایكبوونی منداڵەكەشمدا نەمتوانی مۆڵەتی دایكایەتی وەربگرم دوای چەند رۆژێك چوومەوە خوێندنگە، چونكە ئەگەر نەچوومایەوە دووردەخرامەوە و كەسێكی دیكە لە شوێنم دادەنرا”.

ئێریڤان ساڵح، مامۆستایەكی دیكەیە كە ماوەی حەوت ساڵە وانەبێژە و لە دەرەوەی شارلە خوێندنگەی سەرچاوی بنەڕەتی سەر بە شارۆچكەی دەربەندیخان دەوام دەكات بۆ تۆڕی میدیایی تەوار وتی: “تا ئێستا سێ خوێندنگەم گۆڕیوە، بەڵام ماوەی سێ ساڵە لەم خوێندنگەیەم ئێمە بە شەش یان حەوت مانگ مووچە وەردەگرین كە هیچ نییە، تەنها لەبەرئەوە دەوامدەكەین، بەڵكو لە داهاتوودا دابمەزرێین، ئەگەر نا ئێمە هیچ مافێكمان نییە نە دەتوانین داوای مۆڵەت بكەین نە پارەیەكی وامان بۆ دەمێنێتەوە من وەك خۆم لە دەرەوەی شاریشم مانگی ٨٥ هەزار دەدەم بە كرێی هاتووچۆ، تاكە داواكاری ئێمە تەنها دامەزراندنە و بەشتی سادە ناخەڵەتێین، بۆیە بەردەوام دەبین لە بایكۆت كردن تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان”.

ئێریڤان نیگەرانە لەوەی كە جیاوازی لە نێوانیاندا دەكرێت و دەشڵێت:”مامۆستا هەیە لەگەڵ مندا بووەتە وانەبێژ، بەڵام ئەو بەهۆی واستەوە بووەتە گرێبەست و منیش هەر وانەبێژم هیچ مافێكم نییە، بۆیە سوورترین لەسەرئەوەی بەردەوام بین لەسەر بایكۆتكردن تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان”.

كۆبوونەوەی رۆژی 26-10-2021, پەرلەمانی كردستان كە برگەیەكی تایبەت بوو بە كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ لیژنەی پەروەردە راپۆرتێكی لەوبارەیەوە خستەڕوو رایگەیاند، ئەگەرچی حكومەت هەنگاوی باشی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەركردنی گرفتی بەشێك لەمامۆستایانی وانەبێژ، بەڵام حكومەتی هەرێم پێیڕاگەیاندون ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ زۆرەو حكومەت بەهۆی نەبونی پارەی تەواو لەبەردەستی بۆ مووچە ناتوانێت مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێنێت‌و دەتوانێت ساڵانە بەپێی خاڵبەندی‌و ساڵانی خزمەتیان ژمارەیەكیان لێ دابمەزرێنێت نەك هەموویان پێكەوە.

لەگەڵ كۆبونەوەكەی پەرلەمان مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە و داوایانكرد، پەرلەمان حكومەت ناچار بەدامەزراندنیان بكات‌، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند، بە هەموو پەرلەمانتاران ناتوانن یەك مامۆستا دابمەزرێنن.

لای خۆشییەوە مامۆستا عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بۆ تۆڕی میدیایی تەوار وتی: “كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ قوڵە و پەیوەندی بە رێكخستنی میلاكاتەوە هەیە، وانەبێژی وا هەیە 10 ساڵە مامۆستایە، لەگەڵ ئەوەی بەشێكیان لە دەرەوەی شاریش وانەدەڵێنەوە، بەڵام حكومەت زۆر خەمساردانە مامەڵەیان لەگەڵ دەكات و ناحەقیان بەرامبەر دەكات لە كاتێكدا ئەوان لەسەدا 20ی وەزارەتی پەروەردە پێكدەهێنن، بۆیە دەبێت بە هەموو لایەنەكانەوە فاشار بكەین كە چیتر ئەم ناحەقییە قبوڵ نەكەین، چونكە لەگەڵ ئەوەی ئەوە ناحەقیە بەرامبەر بە خودی مامۆستایانی وانەبێژ، ناحەقیشە بەرامبەر پرۆسەی پەروەردە، بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەیە یان دابمەزرێندرێن یان بكرێنە گرێبەست”.

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان دەشڵێت: “بە بایكۆتكردنی پرۆسەی پەروەردە لەلایەن مامۆستایانی وانەبێژەوە پرۆسەی خوێندن پەكی دەكەوێت، چونكە لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان مامۆستایانی وانەبێژ ژمارەیان لە مامۆستای میلاك زیاترە، بۆیە دەبێت حكومەت بە جددی لەگەڵیان دابنیشێت و هەنگاوی جددی بنێت بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە”.

“دەبێ فشار لە حكومەت بكەین كە كاریان بۆ بكات حكومەت زۆر خراپ فێری زوڵم و ستەم بووە ئەوانی ناچار كردووە كە پەنا بۆ بایكۆت ببەن، بۆیە دەبێت كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بكرێت” مامۆستا عەتا وادەڵێت.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 20 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە، حكومەت ئەگەر بە گرێبەستیش دایانبمەزرێنێت، مانگانە 4 ملیار دینار خەرجی بۆ زیاد دەبێت.

لە هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لە ساڵی 2013وە پرۆسەی دامەزراندن لە كەرتی گشتیدا راگیراوە، بەڵام بەهۆی پێویستی وەزارەتی پەروەردە بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییانە، وەزارەتەكە بە میكانیزمێك شوێنی ئەم مامۆستایانەی بە مامۆستای “وانەبێژ” پڕكردەوە.

پێشتر هەر وانەبێژێك بەپێی ئەو وانەیەی دەیووتەوە پارەی بۆ خەرجدەكرا، بۆ وتنەوەی هەر وانەیەك لە خوێندنگە، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی كە بڕوانامەی (دبلۆم)یان هەبوو بڕی 3 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەكرا، بۆ ئەوانەی بڕوانامەی (بەكالۆریۆس)یان هەبوو بڕی 4 هەزار دیناریان بۆ خەرجدەكرا، ئێستاش حكومەت چارەسەرێكی خستووەتەڕوو، ئەویش مووچەیەكە بە بڕی 300 بۆ 350 هەزار دینار بۆ وانەبێژانی ‏دەرچووی پەیمانگە ‏و 400 بۆ 450 هەزاریش بۆ ‏مامۆستایانی وانەبێژی دەرچووی زانكۆیە، بەڵام بەشی زۆری مامۆستایانی وانەبێژ ئەو چارەسەرە رەتدەكەنەوە.

بەرپرسانی پەرورەدە بەردەوام دەڵێن پشتگیری لە داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ دەكەن، لای خۆیەوە مامۆستا لەتیف حسێن، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی شارباژێڕ بۆ تۆڕی میدیایی تەوار وتی: “من پشتگیری تەواوی داواكارییەكانیانم، چونكە داواكارییەكانیان رەوایە و مافی خۆیانە و ئەوان كۆڵەكەیەكی گرنگی پەروەردەو فێركردنن، بۆیە دەبێت هەموومان پشتگیریان بكەین”.

دەشڵێت: “لەسنووری پەروەردەی شارباژێڕ زیاتر لە 400 مامۆستای وانەبێژ هەیە كە كچان و ژنانیش رێژەی نیوە زیاتریان پێكدەهێنن و بەشێكی زۆریان بایكۆتیان كردوە، جگە لەوەی بەشێكیان لە دەرەوەی شارن و هاتووچۆ دەكەن، لەگەڵ ئەوەش بەشێكیان لە گوندەكان دەمێننەوە و تووشی ناڕەحەتییەكی زۆر دەبن، لەبەرئەوە دەبێت وەزارەتی پەروەردە و حكومەت وەڵامیان بدەنەوە، چونكە كێشەی زۆریان بۆ پرۆسەی پەروەردە دروستكردوە”.

كۆچەر

هاوشێوە

ڤیدیۆ