بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی زانستی بۆ ئاشكراكردنی هۆكارەكانی گیانلەدەستدانی مامۆستا نێرگز مامۆستای ئامادەیی ڕازاوەی كچان لەسلێمانی پێكدەهێنێت.
بەڕێوەبەرایەتییەكە لەڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە داوە كە: “دوای گیان لەدەستدانی مامۆستا نێرگز، مامۆستای ئامادەیی ڕازاوەی كچان، بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی كەسوكار و مامۆستایانی خوێندنگاكەی دەكات”.
لەرونكردنەوەكەدا ئەوەش هاتووە: “لەسەر ڕاسپاردەی د. سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی زانستی لە بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنرا و چاوەڕوانی دەرئەنجامەكان و هۆكارەكانی گیانلەدەستدانی كۆچكردوو دەكرێت و بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت”.
نێرگز محەمەدی تەمەن 34 ساڵ كە مامۆستای قوتابخانەی رازاوەی كچان بوو لەشاری سلێمانی، دوای دوو هەفتە لەوەرگرتنی ڤاكسینی جۆری فایزەر، دوێنێ پێنجشەممە مردنی ناوبراو لەئەنجامی توشبوونی بەنەخۆشی خەستبونەوەی خوێن ڕاگەیەنرا.