ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لەیەکێتی ژنان دەکات

بەڕێزان ئەندامانی یەکێتی ژنانی کوردستان

٣٢ ساڵ لەمەوبەر لە هەناوی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا و لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێک لە ژنانی ئازا و روناکبیر و خەباتکاری ناو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەنگاوێکی گەورەیان نا و یەکێتی ژنانی کوردستانیان دامەزراند.


یەکێتی ژنان لەماوەی سێ دەیەی رابردوودا ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە وشیارکردنەوەی ژنانی کوردستان بەرامبەر بە مافەکانیان و پێشەنگ بووە لە رێکخستنی تواناکانی ژنان لەپێناو بەدیهێنانی یەکسانی جێندەری لە کوردستان و لەم سۆنگەیەشەوە رێز و پێزانینی تەواومان هەیە بۆ هەوڵ و ماندووبوونی یەک بە یەکی ئەندامانی یەکێتی ژنان.


لە ئێستادا کە یادی ٣٢ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەتان دەکەینەوە، وێڕای ئەوەی پیرۆزبایی ئەم یادەتان لێ دەکەین، هیوادارین بە خۆڕێکخستنەوەتان و گوڕوتین بەخشین بە هەوڵ و چالاکییەکانتان بتوانن لە ئاستی ئەم قۆناغە نوێیەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بن لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.


سەرباری هەوڵ و خەباتی یەکێتی ژنان و هەموو چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان بۆ بەدیهێنانی یەکسانی جێندەری، بەداخەوە هێشتا پێشێلکاری بەرامبەر بە مافە بنەڕەتییەکانی ژنان بەردەوامە و رۆژانە گوێبیستی هەواڵی پێشێلکارییەکان دەبین. هەربۆیە ئەرکی ئێوە وەک یەکێتی ژنانی کوردستان لەم قۆناغەدا لە هەمووکات قورستترە و پێویستە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی دیکەی ژنان هەوڵەکانتان چڕتر بکەنەوە و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان خۆتاندا دروست بکەن، بۆ کۆتاییهێنان بە هەرجۆرە پێشێلکارییەک بەرامبەر بە ژنان و ئێمەش لەم ڕووەوە بە تەواوی پشتیوان و هاوکارتان دەبین.


جارێکیتر یادی ٣٢ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستان لە دەستەی دامەزرێنەران و ئەندامانی سکرتاریەت و سەرجەم ئەندامانی رێکخراوەکەتان پیرۆز دەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.

قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران

هاوشێوە

ڤیدیۆ