ژن خەبات ژیان
ژنانی تێكۆشەری كوردستان
ئەمڕۆ 32 ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر دامەزراندنی یەكێتی ژنانی كوردستاندا، یەكێتی هەموو ئەو ژنانەی هاوئامانج و هاوخەباتن بۆ درێژەدان بەتێكۆشان لەپێناو بەرزكردنەوەی دۆزی ژنان و دەستەبەركردنی مافو ئازادی و یەكسانیو دادپەروەری كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاوازییەك.
یەكێتی ژنانی كوردستان لەساڵی 1989 لەتاراوگەو لەهەناوی شۆڕشی نوێدا لەساتەوەختی مەینەتییەكانی گەلی كورد دوای كیمیاباران و ئەنفالو ڕاگوێزان لە (4/11/1989) دامەزراوەو یەكەم بانگەوازی خۆی لە(11/11/1989) بڵاوكردوەتەوە.
دیارە لەو ساتەوەختەدا دامەزراندنی ڕێكخراوێكی جەماوەری دیموكراتی سەربەخۆی تایبەت بەژنان گرنگی خۆی هەبووە بۆ دووپاتكردنەوەو پێداگری لەبەشداریكردن لەخەباتی خەڵكی كوردستان بۆ بەدیهێنانی رژێمێكی دیموكراتی كە مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كورد دەستەبەر بكات، بەجۆرێ كە ژنو پیاو یەكسان بن لەبەكارهێنانی مافە سیاسیو ئابوریو پەروەردەییو رۆشنبیرییو تەندروستیو….هتد، وەك لەپرۆگرامەكەیدا جەختی لێدەكاتەوە.
لەئێستاشداو دوای تێپەڕبوونی چەندین قەیرانو ڕەوشی نەخوازراو لەكوردستان و جیهاندا، یەكێتی ژنانی كوردستان بەردەوامە لەتێكۆشان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بەسود وەرگرتن لەئەزمونی پێشوو داڕشتنی بەرنامەو پلانی ستراتیژی نوێی سەردەمیانە، هاوڕێ لەگەڵ سەرجەم ڕێكخراوە یەكسانیخوازەكانی كوردستانو جیهان بۆ بەدیهێنانی مافەكانی ژنان لەكوردستانێكی ئارام دور لەتوندو تیژی.
بەرزو پیرۆز بێت یادی دامەزراندنی یەكێتی ژنانی كوردستان 4/11/2021