بەڕێزان: سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتی ژنانی کوردستان
بە بۆنەی دامەزراندنی رێکخراوە تێکۆشەرەکەتان یەکێتی ژنانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمتان ئاراستە دەکەم و دەخوازم بەردەوام بن لە خزمەتکردنی کچان و ژنانی وڵاتەکەمان.
ژنانی کورد بە درێژایی مێژوو، لە خەباتی شاخ و شار هاوشانی پیاوان بەشداربوونە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگاو داکۆکی کردن لە مافەکانی گەلەکەمان، لەم پێناوەشدا بە دەیان ژنی کورد کونجی زیندانیان دیوەو هەمان ئازارو ناسۆریان دیوە لەلایەن دوژمنانی کوردەوەو کۆڵیشیان نەداوە.
یەکێتی ژنانی کوردستان وەک رێکخراوێکی تێکۆشەر و کۆڵنەدەر لەماوەی زیاتر لە سێ دەیە لە خەباتکردن توانیویەتی وەک رێکخراوێکی تایبەت بە ژنان خزمەتی بەرچاو بە دۆزی ژنان و کچان بکات و بە پڕۆژەکانی دەرفەتی گونجاوی بۆ کچان و ژنان رەخساندووەو سەلماندوویەتی ژنان دەتوانن هاوشانی پیاوان بەشداربن و خزمەتی کۆمەڵگا بکەن.
ئومێد دەکەم ئەو یادەتان ببێتە وێستگەیەکی گرنگی کاری رێکخراوەیی و لە ئایندەدا پرۆژەی گرنگترتان بۆ ژنان و کچان هەبێ و خزمەتی زیاتر بکەن.
- کۆسرەت رەسوڵ عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان