[باوکەکان لە ئەنغانستان موعاناتی نەدارییان هەیە و بەڕوونی برسێتی و هەژاری لە چاویاندا دەردەکەوێت، شەرم دەکەن لەوەی کە پێداویستییەکانی خێزانەکانیان پێ دابین ناکرێت.]
قەڵانوو – ئەفغانستان
هەژاری و نەداری زۆر خێزانی ئەفغانیی ناچار کردوە بیر لە فرۆشتنی منداڵەکانی خۆیان و بە تایبەتییش کچەکانیان بکەنەوە، بۆئەوەی خێزانەکانیان لە برسێتی ڕزگار بکەن و پاروەنانێکیان بۆ دابین بکەن.
لە ناو کەمپێکی پەنابەران و چەند شار و شارۆچکەیەکدا کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس نزیکەی ١٥ خێزانیان دۆزییەوە، کا ناچاربوون کچە بچووکەکانی خۆیان بفرۆشن، بە نرخێکی کەم، کە ئەگەر بە دۆلار بەراوردی بکەیت دەکاتە بڕەپارەیەک لە نێوانی ٦٠٠ بۆ ٤٠٠٠ دۆلار تێپەڕ ناکات، تەنها بۆئەوەی ئەندامەکانی تری خێزانەکە بتوانن بۆ ماوەیەک نان و خۆراکی خۆیانی پێ دابین بکەن.
ڕۆژنامەنوسەکان تەنها ئەو خێزانانەیان بینیوە. بەڵام فرۆشتنی کچانی منداڵ و هەرزەکار لە ئاستێکی بەرفراواندا بەربڵاوە. چاودێران دەڵین، کە لەپاش وشکەساڵییەکەی ساڵی ٢٠١٨ وە کە ساڵانی دواتریش وشکەساڵیی بەدوادا هاتوە، ژمارەی ئەو خێزانانە بەرزبۆتەوە، کە سەرچاوەی داهاتیان لەدەست داوە، یان زۆر کەم بۆتەوە.
فەیمە ژنێکی ئەفغانیە، دوو کچی بچوکی هەیە، لە پاش وشکەساڵییەوە ناچاربوون بەرەو ڕۆژئاوای وڵاتەکەیان کۆچ بکەن. کە مێردەکەی پێی دەڵێت بڕیاری داوە هەردوو کچەکەیان بفرۆشێت بۆئەوەی لە برساندا نەمرن، فەیمە زۆر دەگری.
دوو کچەکەشی، کە ناویان فریشتە(٦ ساڵ) و شوکریە(ساڵ و نیوێک)ە، لە نزیکی دایکی خۆیانەوە لەناو خانوە لە قوڕ دروستکراوەکەیاندا دانیشتوون، سەربانی خانوەکەیان تەنها خێوەتێکی کون کونە و جگە لەوە هیچی تری لەسەر نییە، جل و بەرگ و دەموچاوی فریشتە و شوکریە تۆز و قوڕ دایپۆشیون. هەردووکیان پێدەکەنن، ئاگاداری ئەوەنین، کە فرۆشراون بە خێزانێک، کە دوو کوڕی منداڵیان هەیە، بۆئەوەی لە ئایندەدا ببن بە ژنی ئەوان. ئەم خێزانە لە بریی کچە گەورەکەیان ٣٣٥٠ دۆلار و لەبریی بچوکەکەش ٢٨٠٠ دۆلاریان وەرگرتوە.
کەی پارەکان بە تەواوی گەشتن بە دەستی ئەم خێزانە (کە لەوانەیە چەند ساڵێکیش بخایەنێت) کچەکان و خێزانەکەشیان کەمپی پەنابەرانی ناو شاری (قەلعەنوو)ی پایتەختی باگدیش بەجێ دەهێڵن و دەچنە هەرێمێکی تر.
ئەم چیرۆکە خەمناکە لەلای هەزاران خێزانی ئەوێ بووە بە شتێکی ئاسایی، لەبەرئەوەی زۆربەیان ناچاربوون، کە بەهۆی وشکەساڵییەوە ناوچەی خۆیان چۆڵ بکەن، لەبەرئەوەی ناوچەکەی ئەوان لە هەژارترین ناوچەکانی ئەو وڵاتەیە.
ماڵی فەیمە دراوسێیەکیان هەیە ناوی (سابیرە) یە و تەمەنی ٢٥ ساڵە. خواردنی زۆریان لە دوکانی بەقاڵێکی نزیکی خۆیان بە قەرز هێناوە و پارەیان نەداوە، بۆیە ئەویش هەڕەشەی لێکردوون، کە ئەگەر پارەی خواردنەکانیان نەدەن، ئەوا هەموویان دەخاتە زیندانەوە. بۆیە بە ناچاری ماڵی سابیرەش بە ناچاری (زاکیرە) ی تەمەن سێ ساڵی کچی خۆیانیان فرۆشت بە ماڵی بەقاڵەکە بۆئەوەی شوبکات بە کوڕەکەی ئەو، کە ناوی (زەبیحوڵا)یە. بەقاڵەکەش گوتی کێشەی نییە، چاوەڕێ دەکات، هەتا کچەکە گەورە دەبێت.
سابیرە دەڵێت، خۆ من خۆشحاڵ نیم ئەو کارەم کردوە، بەڵام هیچمان نییە بیخۆین یان بیخۆینەوە، ئەگەر ئەم بارودۆخەمان بە ئەمشێوەیەی ئێستەمان بەردەوام بێت، ئەوا ناچار دەبین کچە تەمەن سێ مانگەکەشمان بفرۆشین.
دراوسێیەکی تریان هەیە ناوی (گوڵ بیبی) یە، دەڵێت، کە کچێکی تەمەن هەشت بۆ نۆ ساڵی هەبوە، ناوی (ئاشوو) بوە، فرۆشتویەتی بە کوڕێکی تەمەن ٢٣ ساڵ لەبەرئەوەی قەرزارباری خێزانەکەی ئەوان بوون. ئەم پیاوە ئێستە بۆ ئیشکردن چوە بۆ ئێران، بەڵام گوڵ بیبی لەوە دەترسێت کە هەرکات ئەو کوڕە لە ئێرانەوە بگەڕێتەوە دێت بۆئەوەی کچەکەیان ببات و ئەمیش دەستەڵاتی نیە. ئەگەرچی دەشزانن، کە ئەوەی ڕوودەدات خراپە.
لە ناو خێوەتگایەکی تری پەنابەراندا لە (قەلعەنوو) ، (محەمەدئاسان) پیاوێکە دانیشتوە دەگری و فرمێسکەکانی چاوی خۆی دەسڕێت، وێنەی کچەکانی خۆی پیشانی پەیامنێرەکان دەدات، کە هەردووکیان زۆر منداڵن و فرۆشتوونی بە دووکەس بۆئەوەی ببن بە ژنیان، کچەگەورەکەی تەمەنی (٩ ساڵە و ناوی سانایە) و کچە بچوکەکەشی تەمەنی شەش ساڵە و ناوی (ئایدی گوڵ) ە و ئێستە لەلای مێردی خۆیانن. شوێنەکشیان زۆر دوورە لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەمانەوە. محەمەد دەڵێت، لەوکاتەوە کە کچەکانم ڕۆشتوون ئیتر نەماندیونەتەوە. دیارە خۆمان حەزمان لە ئەم مەسەلەیە نییە، بەڵام ناچاربووین، بۆئەوەی بتوانین نانی ئەندامانی تری خێزانەکەمان پەیدابکەین. بەڵام دڵخۆشە بەوەی کە وادەزانێت کچەکانیان لە خۆیان باشتر دەژین، هەندێک وردەنان بەرزدەکاتەوە پیشانی پەیامنێرەکانی دەدات، دەڵێت، ئێمە دەبێت ئەمڕۆ بە ئەم نانەوردەیە بژیین، کە دراوسێیەکمان داویەتی پێمان. بەڵام هێشتاش محەمەد هەر قەرزارە، چونکە دەبێت پارەی ئەو چارەسەرانە بدات، کە بۆ ژنە نەخۆشەکەی کراون، بۆیە چەند ڕۆژێکە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کەسێکی تر بدۆزێتەوە، کە کچە چوارساڵانەکەشیی لێ بکڕێت.
ژنەکەی محەمەد ناوی (داداگوڵ)ە. لەژێر خێمەیەکی دڕاو و کۆندا دانیشتوە، دەڵێت: هەندێ ڕۆژ هەر شێت دەبم، ئەم خێمەیە بەجێدەهێڵم و هەر ناشزانم بۆ کوێ دەچم.
ڕێگای ئازارچەشتن ڕێگایەکی دوور و درێژە بۆ دایکان. چونکە تەمەنێک کچەکانی خۆیان بەخێو دەکەن، دوایی بڕیاری فرۆشتنان دەدرێت و پاش چاوەڕوانییەک ، کە تەمەنیان دەگات بە ١٠ بۆ ١٢ ساڵ، دەبێت ماڵئاواییان لێ بکەن، بۆئەوەی لە یەکتری داببڕێن.
ڕابیعە بێوەژنێکە تەمەنی ٤٣ ساڵە، ئەمیش پەنابەرە، بەهۆی وشکەساڵییەوە هەواری لێ تێکچووە، هەرچییەک لە توانایدا بێت دەیکات بۆئەوەی مەوعیدی شوومی بردنی کچەکەی دوابخات، کە ناوی (حەبیبە)یە و تەمەنی (١٢) ساڵە و فرۆشتویەتی بە (٥٥٠ دۆلار) بەڵام ڕابیعە داوا لە مێردی داهاتووی کچەکەی دەکات، کە تەنها یەک ساڵی تر مۆڵەتیان بدەن و لەسەریان بوەستن، کچەکەی نەبەن.
کچە هەرزەکارەکەشی بە چاوی پڕ لە خەمەوە دەڵێت (دەمەوێت لەگەڵ دایکی خۆمدا بمێنمەوە) بۆیە دایکیشی دەڵێت( یئەگەر خواردن و خواردنەوەم دەست بکەوتایە ئەوا دەچووم کچەکەی خۆمم دەکڕییەوە) بەڵام سێ منداڵی تریشی هەیە و بە ئەستەم خواردنی خۆیانیان پێ دابین دەبێت، کوڕێکی تەمەن نۆ ساڵیشی هەیە، کە ڕۆژانە زبڵ کۆدەکاتەوە، ڕۆژی لە بەرامبەر ٣٠ سەنتدا.
لە ناو خێوەتگاکانی پەنابەرانی ئەفغانستاندا ئەو خۆراکەی کە ڕۆژانە خێزانەکان دەیخۆن بەهاکەی لە چەند سەنتێک تێپەڕ ناکات، ئەو چەند سەنتە بە دەرۆزەکردن و پاڵنانی عەرەبانەی دەستی پەیدای دەکەن، بۆیە زۆریان لە خۆیان دەپرسن، کە ئەوا زستانیش دێتە پێشەوە، باشە ئەوکاتە بە برسێتی و لەبەر سەرما چۆن بژیین!
(عەبدولڕەحیم ئەکبەر) دەگەڕێت بەسەر خەڵکدا و نان کۆدەکاتەوە بۆئەوەی دابەشی بکات بەسەر خێزانە هەرە هەژارەکاندا، لەبارەی فرۆشتن و بەشوودانی کچانی منداڵیشەوە دەڵێت (سەدان خێزانی وەهام دیوە، کە کچەکانیان دەفرۆشن، براکەی خۆشم لەناو ئەواندایە).