ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

ته‌لار بیلال: هانی کچان ده‌ده‌م دادوه‌رى تۆپى سه‌به‌ته‌ بکه‌ن

ته‌لار بیلال مه‌ولود تاکه‌ کچه‌ دادوه‌رى تۆپى سه‌به‌ته‌ له‌عیراق‌و کوردستان، یه‌کێک بوو له‌و دادوه‌رانه‌ى پاڵه‌وانییه‌تى ئالان بۆ تۆپى سه‌به‌ته‌ى کچان که‌ یه‌کێتى ژنانى کوردستان له‌یادى 32 ساڵه‌ى دامه‌زراندنیدا رێکیخستبوو، له‌چاوپێکه‌وتنێکیدا بۆ ژیانه‌وه‌ ده‌ڵێت: زۆر ده‌مێکه‌ هاوار ئه‌که‌م‌و ئه‌ڵێم تکاتان لێئه‌که‌م کچان پێویستمان به‌وه‌یه‌ کچان بێنه‌ ناو بواره‌که‌وه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ داوه‌ری کچ دروست بکه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرترین تیپه‌کانی کچان له‌شاری سلێمانیدایه‌.


خاتوو ته‌لار ده‌رچوی کۆلێژی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشییه‌‌و له‌ئێستادا خوێندکاری ماجستێره‌ له‌کۆلێژی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزش‌و دادوه‌ری پله‌ یه‌کی عێراقه‌‌و ماوه‌ى 12 ساڵه‌ دادوه‌ره‌، له‌سه‌ر ئاستی عێراق‌و کوردستان تاکه‌ داوه‌رى کچه‌ که‌ دادوه‌ری یاری باسکه‌ ده‌کات.


خاتوو ته‌لار له‌باسکردنى رێگرى‌و ئاسته‌نگه‌کانى که‌ له‌کاتى دادوه‌ریدا‌و له‌ناو یاریگه‌دا دێته‌ ڕێى وتى: «رێگرییه‌کان زۆر زۆرن‌و به‌رده‌وامیشن، ئه‌سته‌مه‌ کچێک بتوانێت به‌فیکه‌که‌ی له‌ناو یاریگه‌دا بڕیاری هه‌موو هه‌ڵه‌کان بدات به‌رامبه‌ر که‌سی به‌رامبه‌ری، بێگومان دادوه‌ره‌کانی دیکه‌ پیاون که‌ له‌گه‌ڵمان، ئه‌گه‌ر ئه‌وان هاوکارم نه‌بن و پاڵپشتم نه‌بن من ناتوانم له‌ناو یاریگه‌دا دادوه‌رى بکه‌م».


له‌باره‌ى پاڵشتى‌و خاندانى خێزانه‌که‌یه‌وه‌، ته‌لار ده‌ڵێت: «زۆر هاوکارن، به‌پله‌ی یه‌که‌م باوکم پاڵپشتێکی زۆر گه‌وره‌مه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ پاڵپشتییه‌کی گه‌وره‌یه‌ بۆ من، هانده‌رێکی باشیشمه‌، کاتێک که‌ ئه‌بینم بۆ نموونه‌ له‌ناو یاریگه‌دام و دادوه‌رى ئه‌که‌م، ئه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ هه‌ست ئه‌که‌م دڵخۆشییه‌کی پێوه‌ دیاره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ دڵخۆشی باوکم وام لێئه‌کات به‌رده‌وابم له‌دادوه‌رى کردن».


ده‌رباره‌ى که‌مى ژماره‌ى کچانى دادوه‌ر له‌یارییه‌کاندا خاتوو ته‌لار وتى: «به‌شێوه‌یه‌کى گشتى داوه‌ری و به‌تایبه‌تیش داوه‌ری باسکه‌ کارێکی زۆر زۆر قورسه‌‌و هه‌موو که‌سێک ناتوانێت ئه‌و ئه‌رکه‌ بگرێته‌ سه‌رشانی خۆی، فیکه‌ لێدانیش له‌ناو یاریگه‌دا پێویستی به‌متمانه‌یه‌کی زۆر زۆره‌، ئه‌و کاته‌ ئه‌توانی ئه‌و بڕیاره‌ به‌ده‌یت».


وتیشى: «زۆر ده‌مێکه‌ هاوار ئه‌که‌م‌و ئه‌ڵێم تکاتان لێئه‌که‌م کچان پێویستمان به‌وه‌یه‌ کچان بێنه‌ ناو بواره‌که‌وه‌‌و پێویستمان به‌وه‌یه‌ داوه‌ری کچ دروست بکه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرترین تیپه‌کانی کچان له‌شاری سلێمانیدایه‌، بۆیه‌ پێویستیشمان به‌وه‌یه‌ داوه‌ری کچ هه‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی یاریزان ئاسوده‌ بێت‌و هه‌ست به‌دڵنیایى زیاتر له‌یاریگه‌دا بکات، هه‌وڵی ئه‌وه‌ ئه‌ده‌م‌و کچان هانده‌ده‌م بێنه‌ ناو بواره‌که‌وه‌‌و کارى دادوه‌رى بکه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆرینه‌ی کچان نیوه‌ی رێگه‌که‌ ده‌بڕێت‌و دواتر پاشه‌کشه‌ ده‌کات‌و وازده‌هێنێت».


به‌بۆچونى خاتوو ته‌لار هۆکارى وازهێنانیان به‌پله‌ی یه‌که‌م، قورسى کاره‌که‌یه‌ واته‌ قورسى دادوه‌رى تۆپى سه‌به‌ته‌یه‌، یه‌کێکى تر له‌و هۆکارانه‌ که‌ ته‌لار باسى کرد: که‌مته‌رخه‌می کچان خۆیانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م ئیشه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ که‌ زمان بزانیت به‌تایبه‌تی عه‌ره‌بیو ئینگلزی، هه‌روه‌ک پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ کاتێکى زۆرى بۆ ته‌رخان بکه‌ین‌و ئاماده‌بین له‌هه‌ر شوێنێک دادوه‌رى هه‌بێت بتوانین بچینه‌ ئه‌و شوێنه‌، بۆ نموونه‌ تۆ دادوه‌ریت هه‌بێت مه‌رج نییه‌ له‌ناو شارى سلێمانی بێت، پێده‌چێت له‌ده‌ره‌وه‌ى شار یان له‌شار‌و وڵاتێکى تر بێت، من چه‌ندینجار بۆ کارى دادوه‌رى چومه‌ته‌ شاری به‌غدا‌و شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان، ئه‌مه‌ بۆ زۆربه‌ی کچان کارێکى ئه‌سته‌مه‌ تا بتوانن به‌ته‌نیا بچنه‌ ئه‌و شارانه‌«.


یه‌کێکى تر له‌و هۆکارانه‌ى خاتوو ته‌لار باسیکرد پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرییه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ وتى: «زۆر کات کچانمان که‌ هاوسه‌رگیری ئه‌که‌ن ئیتر نه‌ک واز له‌کاره‌که‌ دێنن، به‌ڵکو به‌هه‌موو جۆرێک له‌وه‌رزش دوور ئه‌که‌ونه‌وه‌«.


له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى تا چه‌ند رووبه‌رووى حاڵه‌تى نه‌خوازراو‌و ره‌خنه‌ بووته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌کاتى دادوه‌ریدا، خاتوو ته‌لار وتى: «سوپاس بۆ خوا هه‌تاوه‌کو ئێستا توشی هیچ حاڵه‌تێکی نه‌خوازراو نه‌بوم، به‌ڵام بارودۆخی یارییه‌کان‌و هانده‌ر‌و جۆش‌و خرۆشی یانه‌و یاریگه‌که‌ زۆر کات ئه‌و حاڵه‌ته‌ى دروستکردوه‌، حاڵه‌تیش هه‌بووه‌ شت فرێدراوه‌ته‌ ناو یاریگه‌، به‌ڵام روبه‌روی من نه‌کراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو رووبه‌روی سه‌رجه‌م ستافى داوه‌ران و هه‌موو ئه‌و یاریزانانه‌ کراوه‌ که‌ له‌ناو یاریگه‌دا بوون».

ئا: پروشه‌ فه‌یسه‌ڵ

هاوشێوە

ڤیدیۆ