ئەمرۆ ٢٥نۆڤمبەری ٢٠٢١ بەهەردوو دروشمی (باپێكەوە بوەستینەوە دژی جیاكاری رەگەزی، دنیا پرتەقاڵی دەكەین )یەكەم رۆژی هەڵمەتی بەیەكەوە بەرەنگاری توندوتیژی دژ بەژنان دەبینەوە، لەپاركی هەواری شاردەستیپێكرد.
لەم هەڵمەتەدا یەكێتی ژنانی كوردستانو كۆمەڵێك رێكخراوی ژنان بەشداریان تیا كرد.
خاتوو سۆما یاسین پارێزەر لەیەكێتی ژنانی كوردستان دەڵێت: “ئەمڕۆ دەستپێكی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، ئێمەش وەكو یەكێتی ژنانی كوردستان پێشتر بەشداری كەمپینی (ناوی من ناوی دایكمە) بووین، بۆیە ئەمرۆش وەكو نوێنەری رێكخراوی یەكێتی ژنان بەشدارین لەم كەمپینە، بەخۆشحاڵییەوە، كەمپینەكە هەنگاوی باشی ناوە، بەرەوپێشچوەو لەكۆتا هەنگاوەكانماندا واژووی تەواومان كۆكردۆتەوە لەناو پەرلەمانی عێراق”.
خاتوو سۆما دەربارەی بەرنامەو پرۆژەی یەكێتی ژنان چییە بۆ ٢٥نۆڤمبەر دەڵێت: “یەكێتی ژنانی كوردستان كۆمەڵێك پرۆژەو بەرنامەی چڕوپڕی هەیە ئێمە وەكو بەشی یاسایی رێكخراوەكە، سیمیناری هۆشیاریمان هەیە، لەسەرجەم شارو شارۆچەكانی كوردستان، لەو شوێنانەی كە لقەكانی رێكخراوی یەكێتی ژنانی كوردستانی لێیە، بێگومان ئامانجی سیمینارەكان بۆ هەڵمەتی هۆشیاری و ئاشنابوونیانە بەیاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی”.
نەقیب سازگار رەحیم، سەرپەرشتیاری مۆبایل تیم لەبەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی بەتۆڕیی میدیایی تەواری راگەیاند: ئەم ١٦رۆژەمان تەرخان كردوە بەهەڵمەتی هۆشیاری سەرجەم ناوەندەكان، گشت چین وتوێژەكان، كە چەند سیمینارو پانێڵێكمان داناوە، بەشداری دەكەین بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانیاری تاكەكان.
نەقیب سازگار وتیشی: “بەپێی ئاماری ٢٠٢١ ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بەژن دەكرێت، زیاتر لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانەوەیە، رێژەیەكی بەرچاوی هەیە، لەبەر ئەوەی تاكەكانی ئێمە، زانیاری ئەوتۆیان نیە لەسەر یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان، توشی كۆمەڵێك كێشەی گەورە دەبنەوە، جاری وایە كێشەكە لەدەستی ئێمە دەردەچێت ناچارین روبەڕوی دادگای دەكەینەوە،چونكە دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆ ژنەكە”.
لەو مەراسیمەدا كۆمەڵێك تابلۆی شێوەكاری و ئیشی دەستی ژنانی شەڵتەری سلێمانی نمایشكرابوو.
پارێزەر خاتوو ڤانە عەلی لەڕێكخراوی هاریكاری دەڵێت: ئەم چالاكییەمان كرد، بۆ ژنانی شەڵتەر، بۆ ٢٥نۆڤمبەر بۆیان نمایش بكەین، داهاتەكەی بۆ خۆیانە”.
وتیشی: “وێنەكان تەعبیرە لە ئازارەكانیان، ئێمە گوێمان لێگرتون حەزیان لە كاری هونەیو چالاكییە، كەمێكێكیش بێت لە خەمەكەیان دوور بكەونەوە”.
ئا: تریفە









