قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی وتارێكیدا كە لەكۆنفرانسی یەكسانی جێندەری و ستراتیژییەتی بەهێزی پێگەی ژنان، لەهەولێر پێشكەشی كرد، وتی: هیچ شەرەفێك لەژن كوشتندا نییە.
لەوتارەكەیدا قوباد تاڵەبانی وتیشی: “داوای لێبوردن لە خوێندكاران دەكەین، دەزانین كە ئەوان لە ئێمە زیاتر لە خەمی ئاڵای كوردستاندان”.
ئاماژەی بەوەشدا: “كچانی زانكۆ سەلماندیان بۆ داواكردنی داواكارییەكانیان، لەگەڵ كوڕان هیچ جیاوازییەكەیان نییە”.
جێگری سەرۆكی حكومەت راشیگەیاند: باوڕی تەواوم بە یەكسانی جێندەری هەیە و وەك جێگری سەرۆكی حكومەتیش لەو قسەیەی خۆم پەشیمان نیم كە وتوومە، پیاوبەو توندوتیژی دژی ژنان مەكە.
وتیشی: “باوڕی تەواوم بە ئازادی رادەربڕین هەیەو پێویستە یاساكانی كۆمەڵگە بۆ پرسە گرنگەكان بگۆڕین و وەزارەتەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵاو رۆشنبیری و ئەوقاف رۆڵی گرنگیان هەبێت لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك لە بواری مافەكانی ژناندا”.
باسی لەوەشكرد كە: “كاتی ئەوە هاتووە روانینی زانستی لەسەرجەم بوارەكاندا پێشبخەین، چونكە هۆكاری سەرەكی چەقبەستووییمان ئەوەیە تێڕوانینی زانستیمان بۆ پرسەكان لاوازە، هەمان كات دەبێت بیربۆچوون و مامەڵەمان بەرامبەر ژنان بگۆڕین”. وتیشی: “دەبێت ئەو پرسە لە كۆمەڵگەكەماندا جێی خۆی بگرێت، كە هیچ شەرەفێك لە ژن كوشتندا نییە، هەروەها سزادانی ژن كوژان بەس نییە بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی”.