خاتوو دیكا دالاك كە ژنە پەنابەرێكی سۆماڵییە لەئەمریكا، بەسەرۆكی شاری ساوس بۆرتلاند كە چوارەم گەورە شاری ویلایەتی (ماین)ە هەڵبژێردرا، بەوەش دەبێتە یەكەم ژنە سۆماڵی پەنابەر ئەو پۆستە وەربگرێت.
خاتوو دیكا كە تەمەنی (53) ساڵە، لەسەرەتای ساڵی نەوەدەكان كاتێك شەڕ لەوڵاتەكەیان بەرپا دەبێت، سۆماڵ بەجێدەهێڵێتو دەچێتە ویلایەنی ماین لەئەمریكاو كاری خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی دەكات.
ساڵی 2018 دانیشتوانی شاری ساوس بۆرتلاند، ئەم ژنە بە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی هەڵدەبژێرنو لەئەمساڵیشدا ئەندامانی ئەنجوومەنەكە كە پێكهاتوون لە حەوت كەس وەك سەرۆكی ئەنجومەنەكەیان دیاری دەكەن.
دوای دیاریكردنی بەسەرۆك، خاتوو دیكا وتی: “هەڵبژاردنم لەسەر بناغەی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ كۆمەڵگەكەو دوای ساڵانێكی زۆر كاركردنم بەخۆبەخشخانە دێت”. وتیشی: “هەستێكی زۆر خۆشو تایبەتم هەیە”.
جێی باسە نزیكەی 30 بەرەگەز سوماڵی لە ئەمریكا پۆستو لێپرسراوێتییان هەیە، ئەمە لەكاتێكدا تا ساڵی 2006 سۆماڵییەكانی ئەمریكا یەك پۆستی گشتیو سیاسیان نەبووە، بەرزترین پۆستیش كە هەیانە خاتوو ئیلهان عومەرە كە ساڵی 2018 بووە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی مینیسوتا.