ڕۆژی سێ شەمە (2021/12/14) بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ڕێگەنادرێت هیچ ژنێک بێ ناو بەخاک بسپێردرێت، ئەمەش دوای ڕووداوەکەی ڕۆژی دووشەمە (2021/12/13) کە تەرمی ژنێکی نەناسراو لە کەمپی هەواری مامۆستایانی زانکۆی شاری سلێمانی دۆزرایەوە و تەمەنی لەنێوان (25بۆ30)ساڵدا بوو و بەگوللە کوژارابوو، هەر بۆیە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کەتەرمی ئەو ژنەی رۆژی دووشەمە (12/13) لەسلێمانی دۆزراوەتەوە، بەبێ ناونیشان نەنێژرێت و بەدواداچوون بکرێت بۆ دۆزینەوەی ناسنامەکەی و لەهەمان کاتدا بکوژانیشی بدۆزرێنەوە.
ئەمە لەکاتێکدا (2020/11/25) قوباد تاڵەبانی لەسەردانی بۆ گۆڕە بێ ناونیشانەكان و نۆژنکردنەوەیان ، داوای لە شارەوانی کرد کە چیتر ژن بەبێ ناونیشان نەنێژرێت، وتیشی: داواتان لێ دەکەم هەمووان پێکەوە بەشداربین لە كەمكردنەوەی توندوتیژی، چونكە ئەمە تەنھا پەیوەندیدار نییە بە ڕێكخراوەکانی ژنانەو، بەڵکو دەبێت لە ھەموو لایەكەوە كاری بۆ بكرێت تا پێكەوە بتوانین كۆتایی بەم پەڵەی شەرمی ژن كوشتنە بھێنین.
ئاماژەی بەوەشدا، بیریشمان نەچێت لەپشت کوشتنی هەر ژنێکەوە بە تەنها پیاوێک نییە وەك تاوانبار بەڵکو کلتورو عەقڵییەتێكی داخراو و نەریتێکی دژە ژیان هەیە.