بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لەراگەیاندراوێكدا زانیاری نوێ لەسەر كوشتنی ژنێكو فرێدانی تەرمەكەی لەبەكرەجۆ بڵاودەكاتەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران رادەگەیەنێت.
دەقی راگەیاندنەكەی ئاسایشی سلێمانی:
سەرلەبەیانی رۆژی ٢٠٢١/١٢/١٣ زانیاریمان پێگەیشت لەبوونی تەرمی ژنێكی نەناسراو لەسەر رێگەی سەرەكی گەرەكی بەكرەجۆ، دەستبەجێ تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستیان كرد بە كاری لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون، لەماوەی كەمتر لە ( ٤٨ ) كاتژمێر توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیر بكرێت بەناوەكانی ( خ ح ع ) و ( د خ ق ) لەئەنجامی لێكۆڵینەوە دانیان نا بە تاوانەكەیاندا و پێناسی تاوان لێكراویان ئاشكرا كرد كەناوی ( د ت ع ) لەدایك بووی ساڵی ( ٢٠٠٣ ).
تۆمەتباران لەووتەكانیاندا دەریان خست كە پێشتر یەكتریان ناسیوە و تاوانلێكراو لای تاوانباری سەرەكی لەیەكێك لەكافتریاكانی شاری سلێمانی بە ناوی كافتریای (لاس فیكاس) لەشەقامی سالم كاری كردووە و شەوی تاوانەكە پێكەوە بوون لەماڵی تۆمەتبار ( د خ ق ) وە لە بەرە بەیاندا كێشە دەكەوێتە نێوانیان و لەئەنجامدا تۆمەتبار ( خ ح ع ) بە بەكارهێنانی چەك هەڵدەستێ بە كوشتنی تاوانلێكراو ( د ت ع ) پاشان بە ئوتۆمبیلەكەی تەرمەكەی دەگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنەی كە تەرمەكەی تیدا دۆزرابوویەوە، پاشان هەوڵی خۆ حەشار دانی داوە ، بەڵام تیمەكانی ئاسایشی سلێمانی سەركەوتووانە توانیان تۆمەتباران دەست نیشان بكەن و دەست گیریان بكەن ، دەست بگیرێت بەسەر ئەو چەك و ئوتۆمبێلەی كە لەتاوانەكەدا بەكار هێنرا بوو ، لە ئێستادا تۆمەتباران لەسەر بڕیاری بەڕێز دادوەر بەپێی ماددەی (٤٠٦ ) لەیاسای سزادان بەندكراون و لێكۆلینەوە بەردەوامە لەگەڵیان.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی