ژن.خەبات.ژیان

تۆڕی میدیایی تەوار ماڵپەڕی یەکێتی ژنانی کوردستان

سەیف یوو، چییە و چی دەکات!(Safe you)

سەیف یوو، واتە دەتپارێزم، ئەپڵیکەیشنێکی نوێی مۆبایلە، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بۆ دانیشتوان لەپێش چاو گیردراوە، وەک خزمەتگوزارییەکی نوێ لە ناو مۆبایلەکاندا بەردەستە بۆ ئەو ژن و کچانەی، کە هەڕەشە و مەترسییان لەسەر هەیە، یان گومان دەبەن، کە مەترسی بۆسەر ژیان و ئارامییان دروست ببێت.


ئەوەی کە لە ئەم ئەپڵیکەیشەنەدا هەیە، ئەوەیە، کە لەپاس دابەزاندنی ئەم بەرنامەیە لە مۆبایلەکەتدا داوات لێدەکات، کە سێ ژمارە تەلەفونی ئەو کەسانە لە بەرنامەکەدا تۆمار بکەیت، کە خۆت دەزانیت کە دەتوانیت پشتیان پێ ببەستیت، یان بڕوات پێیان هەیە، کە لە کاتی دروستبوونی کێشەدا ئەوان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن و دەتوانن بێن بە دەم هاوارتەوە.


بەدەر لە ئەم سێ ژمارەیە، دەتوانیت ژمارەی تەلەفۆنی ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی تر، یان پۆلیسی تیادا تۆمار بکەیت، یان هەر لایەنێکی تر کە بڕوات پێیان هەبێت بێن یارمەتییت بدەن.


ئەم ئەپڵیکەیشنە، وەک ئەوەی کە لە وێنەکەیدا دەردەکەوێت، لە ناوەڕاستەوە دوگمەیەکی سەوزی گەورەی بیندراوی لەسەرە، کە لەسەری نوسراوە، پەنجەی لەسەر دابنێ و بەرزی مەکەرەوە، بۆئەوەی دەنگەکانی دەوروبەرت هەمووی تۆمار بکات، هەرشتێک ڕوبدات لەمۆبایلەکەتدا بە دەنگ تۆمار دەکرێت، پاشانیش بەکارهێنان یان سڕینەوەی بەدەستی خۆتە، دەتوانیت وەک بەڵگە بۆ شکاتکردن بەکاریبهێنیت، هەروەها دەشتوانیت بیسڕیتەوە.


ئەم ئەپڵیکەیشنە سێ بەشی تەواوکەری تری تێدایە، کە (یارمەتی، دیدار، تۆڕ)ن. بەشی یارمەتییەکە یارمەتیی کەسی بەکارهێنەر دەدات، کە دەنگە تۆمارکراوەکە بنێرێت بۆ سێ کەسایەتیی، یان سێ دامەزراوە، کە کەسەکە خۆی پێشتر ژمارەکانیانی تۆمار کردوە، وەک ڕێکخراوە ناحکومییەکانی یارمەتیدانی ژنان، بەرپرسیارانی دەوڵەت و حکومەت و پۆلیس.


هەرچی بەشی دیدارەکەشە بۆئەوەیە، کە پەیوەندی لەنێوانی ژنانی ئەو کۆمەڵگایەدا دروست بکات، کە ئەو هێڵی یارمەتییە بەکاردەهێنن، بۆئەوەی بتوانن بەیەکەوە قسەوباسی خۆیان دەربارەی توندوتیژییەکانی دژی ژنان بکەن و تیشک بخەنە سەر ئەو مەسەلانەی کە پەیوەندییان بە تەندروستی و منداڵبوون و توندوتیژیی خێزانی و ئەو شتانەوە هەیە، لێرەدا زۆربەی ژنان دەتوانن بە ئاسانی ئەو کەسایەتییانە بدۆزنەوە، کە ڕاوێژپێکردنیان سوودبەخشە.


بەشی تۆڕەکەش زۆر گرنگە. ئەگەر پۆلیسی هەر وڵات و شوێنێک بە فەرمی ڕای بگەیەنێت، کە کار بە سەیف یوو دەکەن بۆ پاراستنی ژنان، ئەوا ئەوانیش لەلای خۆیانەوە ئەپڵیکەیشنێکی تری تەواوکەری سەیف یوو دادەبەزێنن و دەیخەنەکار، کە ژنان لە هەر کوێیەکەوە ئەم ئەپە بەکاربهێنن و داوای یارمەتی بکەن، شوێنی ژنەکان بە ڕونی لەلای دەزگاکانی فریاکەوتن لەسەر نەخشە دەردەکەوێت و دەتوانن کاری فریاگوزاریی فریا بخەن، بۆیە بۆئەوەی لە وڵاتێکدا ئەم ئەپە بخرێتە بواری بەکارهێنان، وا باشە، لەپێشدا پۆلیس و دەزگا یاساییەکانی ئەو وڵاتە ڕایبگەیەنن، کە ئەوان ئەم ئەپڵیکەیشنە لەبەرچاو دەگرن و کاری پێدەکەن، ئەمجا پاش ئەوەش ژنان دەتوانن سودی لێ ببینن. چونکە ئەپڵیکەیشنەکە کێشەکەیان بە بەڵگەوە دەخاتە بەردەستی لایەنی برپرس.

کامیل

هاوشێوە

ڤیدیۆ