ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافی مرۆڤ، كە كاری چاودێیریكردنی ڕەوشی مافی مرۆڤە لەناو خانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی، بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی، خانەی داڵدەدانی ژنان، ئاماری ساڵانەی بڵاوكردەوە
كارمەند مەحمود، وتەبێژی ناوەندەكە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئامارەكانی خوێندەوە و ڕایگەیاند: پڕۆژەی چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤ لەشاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٦وە بەردەوامە بە پاڵپشتی سندوقی نیشتیمانی بۆ دیموكراسی NED، مەبەست لە پڕۆژەكە چاودێیریكردنی ڕەوشی مافی مرۆڤە لە هەریەك “خانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی، بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی، خانەی داڵدەدانی ژنان”، ئەم پڕۆسەی چاودێریكردنەش لەڕێگەی چاوپێكەوتنی سزادراوان، ڕاگیراوان و كەیسەكان و بەدواداچوون بۆ گرفت و كێشەكانیان ئەنجامدراوە.
ئامارەكانی خانەی داڵدەدانی ژنان خانەی داڵدەدانی ژنان، تایبەتە بە ئەو ژنانەی كە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە و لەم خانەیەدا داڵدە دەدرێن، بەتەنها لەساڵی ٢٠٢١دا ٢٠٠ كەس سەردانی ئەم خانەیەیان كردووە، بەڵام لە ئێستادا كۆی گشتی داڵدەدراوان ٣١ كەسن، ٢٧ ژن و چوار منداڵ.
ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و منداڵان بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و منداڵان، تایبەتە بە ژنانی سزادراوان، ئەو تۆمەتبارانەی كە تەمەنیان خوار هەژدە ساڵییە و لە قۆناغی لێكۆڵینەوە و دادگای كردندان و ئەو سزادراوانەی تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە.
ئامارەكانی چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی ڕۆژانە گۆڕانكارییان بەسەردا دێت و زیاد و كەم دەكات، لەبەرئەوەی نەوجەوانان و ئەوانەی لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدان بەشێكیان بە كەفالەت ئازاد دەكرێن یاخود سزاكەیان كەمە و ماوەی سزاكەیان تەواو دەكەن.
لەوكاتەی ڕاپۆرتەكە ئامادەكراوە، كۆی گشتی ژنان و نەوجەوانانی خوار ١٨ ساڵ ٩٠ كەسن، ژنانی سەروو ٢٣ ساڵ ٤١ كەسن، نەوجەوانان ٤٩ كەسن كە بەم شێوەیە هەژماركراوە:
گەنجانی پێگەیشتوو لە نێوان ١٨-٢٣ ساڵی ١٦ كەس، ١١ كوڕ، ٥ كچ، سزادراوی نەوجەوانی خوار ١٨ ساڵ ١٥ كوڕ و سفر كچ.
ئاماری بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی سلێمانی بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كە تایبەتە بەو تۆمەتبارە ڕاگیراوانەی كە تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵییەوەیە و دۆسییەكانیان لە لێكۆڵینەوەدایە، ژمارەكەیان بەمشێوەیەیە: ژمارەی ڕاگیراوان ٤٤١ كەسە، ٤٠٥ پیاو، ٣٦ ژن.
ئاماری خانەی چاكسازی گەوران خانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی، تایبەتە بەو سزادراوانەی لە ڕەگەزی نێرن و ٢٢ ساڵییان تەواو كردووە، بەمەبەستی تەواوكردنی سزاكەیان لەم بەشەدا دەمێننەوە، لە ئێستادا هەزار و ٢١٨ سزادراو تێیدا دەمێنێتەوە.