ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ساڵی 2021دا 41 ملیۆن كەسی تێپەراندو شاری بەغداش قەرەباڵغترین پارێزگایە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد: “لەسەر بنەمای خەمڵاندنی دانیشتووانی ساڵانە كە دەزگای ناوەندیی ئامار تۆماری دەكات، هەروەها لەسەر بنەمای ڕێژەی گەشەسەندنی دانیشتوان و ڕێژەی زاوزێ و مانەوە لە ژیان ئاماری گشتی دانیشتوان خەمڵێنراوە”.
بەپێی خەمڵاندنی ئەو وەزارەتە، دانیشتوانی عێراق لە ساڵی 2021دا گەیشتووەتە 41 ملیۆن و 190 هەزار و 658 كەس، لەو ژمارەیە 20 ملیۆن و 810 هەزار و 479 كەسیان پیاون، واتە بەڕێژەی 51%، و 20 ملیۆن و 380 هەزار و 179 كەسیان ژنن، واتە بەڕێژەی 49%.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشداوە: “28 ملیۆن و 779 هەزار و 201 كەس لە ناوچە شارییەكاندا دەژین كە دەكاتە 69.9%، هەروەها 12 ملیۆن و 411 هەزار و 457 كەس لە گوندەكان دەژین كە دەكاتە 30.1%ی كۆی دانیشتوان”.
بەپێی راگەیاندراوەكەی وەزارەتی پلاندانانی عیراق شاری بەغدای پایتەخت قەرەباڵغترین پارێزگایە و ژمارەی دانیشتوانی هەشت ملیۆن و 780 هەزار كەسە، هەروەها پارێزگای موسەنا كەمترین دانیشتوانی هەیە كە 880 هەزار كەسە.