گوڵستان دۆكوو، ژنێكی كوردی خەڵكی ئامەدە كە ماوەی دوو ساڵە چارەنوسی نادیارەو ونە و پۆلیس هیچ زانیارییەكی لەسەر ناڵێت و خانەوادەكەشی داوا دەكەن سۆراخی كچەكەیان بزانن.
خانەوادەی دۆكوو بۆ سۆراخی كچەكەیان لە ئامەدەوە چوونە دەرسیم، بەڵام لەوێش دەزگا پەیوەندیدارەكان هیچ زانیارییەكیان پێ نەدان، بۆیە لەبەردەم دادگای دەرسیم گرد بوونەوە و دەڵێن ناڕۆن تا نەزانن كچەكەیان لە كوێیە.
دایك و باوك و خوشكە گەورەكەی دۆكوو، بە نیازن تا 5/1/2022، لەبەردەم دادگا بمێننەوە و دەڵێن ئەم جارەیان بە دەستبەتاڵی ناچینەوە ئامەد.
ئایگوول دۆكوو، دایكی گوڵستان دۆكوو، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا كاتێك ڕۆژنامەنووسان پرسیاری كچەكەیان لە وەزیری دادی توركیا كردووە، ئەو تووڕە بووە و وتوویەتی پرسیاری ئەوم لێمەكەن، بۆیە ئایگوول دەڵێت: “تۆ بەرپرسیاری لە دیارنەمانی كچەكەم و دەبێت ئاشكرای بكەیت چی بەسەر هاتووە؟ ئێمە بۆیە داكۆكی دەكەین تا كچەكەمان بێتەوە، چونكە ئەگەر حكوومەت ئەوەی بۆ بچێتە سەر، بەیانی دەیان گوڵستانی تر بێسەروشوێن دەبێت”.
گوڵستان دۆكوو، 5/1/2020 لە ئامەدەوە چووەتە دەرسیم، بەڵام لەو كاتەوە ونە و كەس نازانێت لە كوێیە.
نووسەران و هونەرمەندانی توركیا، لە ساڵی 2021دا كەمپینیان ڕاگەیاند تا فشار بخەنە سەر حكوومەت و بزانن گوڵستان لە كوێیە؟ بەڵام تاوەكوو ئێستا حكوومەت هیچ شتێك لەسەر ونبوونی گوڵستان ناڵێت و دۆسیەكەی بە كراوەیی ماوەتەوە.