مامۆستا ئایە یوسف مامۆستای زمانی عەرەبی لەیەكێك لەقوتابخانەكانی شاری مەنسورەی میسر، دوای ئەوەی لەگرتە ڤیدیۆییەكدا سەما دەكاتو بەهۆیەوە لەكارەكەی دورخرایەوە، بیر لەخۆكوشتن دەكاتەوە.
مامۆستا ئایە لەگەشتێكیدا لەگەڵ هاوكارەكانی لەقوتابخانە لەسەر بەلەمێك لەدەریای نیل سەما دەكاتو یەكێك لەمامۆستاكانی هاوڕێی، گرتەی ڤیدیۆیی سەماكەی بڵاودەكاتەوە، بەوەش بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ئەو شارە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكاتو سەرەنجام لەكارەكەی دوور دەخرێتەوە.
هەر بەوەش نەوەستاوە، دوای دورخستنەوەی لەكارەكەی، مێردەكەی تەڵاقی دەداتو كەسوكارەكەشی بێبەری دەكەن.
ئایە دەڵێت: ئەو گرتە ڤیدیۆییە ماڵی كاول كردم، ئێمە تەنها بۆ خۆشی لەناو خۆماندا وەك مامۆستایان سەمامان دەكردو گوزارشتمان لەخۆشی خۆمان دەكرد، من هەفتەی 24 وانە دەڵێمەوەو زۆر ماندوو دەبم، ئەو گەشتەشمان بۆ كاربەسەر بردنو ماندوو دەرچوونی خۆمان ئەنجام دابوو.
مستەفا بەكری پێشكەشكاری بەرنامەی (راستیو نهێنییەكان)ی كەناڵی سەدا بەلەد ئاشكرای كرد كە ئەو مامۆستایە لەلێدوانێكی تایبەتدا پێی راگەیاندووە كە بیر لەخۆكوشتن دەكاتەوە.