دوای ونبوونی بۆ ماوەی نزیكەی پێنج مانگ، سوهێل ئەحمەدی، ئەو ساوا دوو مانگییەی لە فڕۆكەخانەی كابول لە دایك و باوكی دابڕا، لە كابول دۆزرایەوە.
ڕۆژی 19ی ئابی ساڵی ڕابردوو، كاتێك چەكدارانی تاڵیبان بە شارەكانی ئەفغانستاندا بڵاودەبوونەوە و بەشێك لە خەڵكی ئەو وڵاتە لە ترساندا هەڵدەهاتن، باوكێك لەناو فڕۆكەخانەی كابول بەهۆی پاڵەپەستۆی زۆری خەڵكەوە، منداڵە تەمەن دوو مانگانەكەی بەسەر پەرژینی تەلبەندكراودا ڕادەستی سەربازێكی ئەمریكی كرد، تا دوای پەڕینەوەی خۆی و هاوسەرەكەی و چوار منداڵەكەی تریان، منداڵەكە وەربگرنەوە، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغیی شوێنەكەوە لەمنداڵەكەیان دابڕان.
میرزا عەلی ئەحمەدی باوكی ئەو منداڵەیەو پاسەوان بووە لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كابول دەڵێت: “بۆ ئەوەی سوهێل نەكەوێتە ژێرپێی خەڵكەوە، بەسەر پەرژینی فڕۆكەخانەكەدا ڕادەستی سەربازێكی ئەمریكیم كرد، بەڵام چەكدارانی تاڵیبان خۆیان بەناو ئاپۆرای خەڵكەكەدا كرد و بۆ ماوەی نیو كاتژمێر لە فڕۆكەخانەكە دووریانخستینەوە، لەو ماوەیەدا، سوهێل ون بوو لەبەرچاو”.
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەكە بە خانەوادەكەیان ڕاگەیاندبوو كە پێدەچێت منداڵەكەتان بە فڕۆكەیەكی دیكە گواسترابێتەوە بۆ ئەمریكا، ناچار ئەندامانی تری خانەوادەكەی كە لە دایك و باوك و چوار خوشك و برای پێكهاتوون، بە فڕۆكەیەكی ئەمریكی ئەفغانستانیان بەرەو تەكساس بەجێهێشت.
دوای دوو مانگ لەو رووداوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێكی لەبارەی سوهێل ئەحمەدییەوە بڵاوكردەوە و وێنەی منداڵەكەی هاوپێچكرد وەك هەوڵێك بۆ دۆزینەوەی، زۆری نەخایاند چارەنووسی منداڵەكە ئاشكرابوو، سوهێل ئەفغانستانی بەجێنەهێشتووە و هێشتا لە كابولە. دەركەوت شۆفێرێكی تاكسی بەناوی حامید سافی كە تەمەنی 29 ساڵە، هەمان ڕۆژی مانگی ئابی ڕابردوو، منداڵەكەی لە فڕۆكەخانەی كابول دۆزیوەتەوە و بردوویەتییەوە بۆ ماڵەكەی خۆی و بەخێویكردووە.
بەپێی ئاژانسەكە، كەسوكاری سوهێل ماوەی حەوت هەفتە وتووێژیان لەگەڵ حامید سافیدا كردووە، بەڵام ئەو قایل نەبووە منداڵەكە بگەڕێنێتەوە، تەنانەت كار گەیشتووە بەوەی پۆلیسی تاڵیبان ئەو شۆفێرەیان بۆ ماوەیەك دەستبەسەر كردووە، سەرئەنجام منداڵەكەی ڕادەستی باپیری و كەسوكارەكەی كردەوە.
لەئێستادا دەسەڵاتدارانی ئەمریكا هەوڵی ئەوە دەدەن سوهێل بگوازنەوە بۆ ئەمریكا بۆ لای دایك و باوكی.