دامەزراوەی كوردشۆپ كە كار لەسەر پەرەپێدان و گەشەی زمانی كوردی دەكات، رایدەگەیێنێت، ساڵانە لە ساڵیادی زیندانیكردنی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی كوردیدا خەڵاتێك بەناوی زارا دابەشدەكات.
دامەزراوەی كوردشۆپ لە راگەیێندراوێكدا كە لەپەیجی تایبەتی خۆیان بڵاویان كردۆتەوە دەڵێت، “سزادانی زارا سەلماندنی بەردەوامبوونی دەسەڵاتدارانی ئێرانە لەسەر سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەی كورد”.
دەشڵێت: لە 100 ساڵی رابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵی لەنێوبردنی زمانی كوردییان داوە، بەڵام بە هەوڵی دڵسۆزان و وانەبێژان، زمانی كوردی رۆژ لەدوای رۆژ گەشەیكردووە و وەكو سەرەكیترین پێناسەی شوناسی نەتەوەیی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، چووەتە ناخی كۆمەڵگەوە.
ئەو دامەزراوەیە لەراگەیاندنەكەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە كە: خاوەندارێتی لە زارا محەممەدی دەكەن و لەمەودوا ساڵانە لە 8ی كانوونی دووەمی ساڵی زایینیدا خەڵاتێك بەناوی زارا دەبەخشێت بە باشترین مامۆستای وانەبێژ و چالاكڤانی زمانی كوردی.
دامەزراوەی كوردشۆپ نەورۆزی 2021 دامەزراوە؛ كۆمەڵێك چالاكڤانی كولتووری و ئەدەبیی گەنج بەڕێوەی دەبەن و كار لەسەر پەرەپێدانی كولتووری و گەشەی زمانی كوردی دەكەن.