لەهۆڵی بڕۆنز لە شاری بەغداد پیشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکارانی عێراق دەکرێتەوە و ژنە شێوەكاری كورد ساکار فاروق بە هەشت تابلۆ بەشداری دەکات.
لە بارەی بەشداریکردنی لەپیشانگەکەدا ساکار فاروق بۆ تۆڕی میدیای تەوار ووتی” بەشداریكردنم لەڕێگەی هونەرمەندان كاك (محەمەد فەتاح و ساڵح نجار)ە بوو كە هەوڵیاندا پیشانگەیەکی هاوبەش لەنێوان هونەرمەندانی سلێمانی و بەغداد بكرێتەوە”.
هەروەها دەربارەی کارەکانی و ستایلی کارکردنیشی ووتی” هەموو هونەرمەندێك ستایل و كاری خۆی نمایش دەکات بەتایبەتی لەئاستی نمایش و توانایەكی بەرزدا بێت، بەغداد یەكێكە لە گرنگترین شوێن كە هونەرمەند و ڕەخنەگری گەورە و بەتوانای لێیە”.
دەربارەی گرنگی ئەم کارە هاوەشانەش ساكار فاروق وتی” ئەو جۆرە كارەهونەرییانە و پیشانگەی لەم جۆرە زۆر گرنگن چونكە لە شوێنێكی كە نمایش دەكرێت، لەگەڵ كەسانی پسپۆر و هونەرمەندیتر ئاشنادەبیت، بەناساندن و ستایل و هونەرەکەیان، لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەند پێویستی بە بەرفراوانی و تەجروبەی زیاتر و بینیی زیاترە هەمیشە هونەرمەند پێویستی هونەری تازە و جیاواز هەیە، تابتوانێت پێش بكەوێت، ئەمە وادەكات كە بیڕوڕاجیاواز و كاری كەسانی تر بیبین و بیناسن لە شارو وڵاتی تربێت”
هەروەها دەشڵێت” من لەم پیشانگەیەدا بەهەشت تابلۆی ٣٠بە٣٠بەشداریم كردووە، كە ئەكرلیك لە سەرقوماشە و کارەکان تەعبیرین و بابەتەكان زیاتر باس لە ژن دەكات، تاڕادەیەك هاوبەشن كە هەندێكیان تەواوكەری یەكترن لەوانە دووتابلۆی لەسەر كچانی شەنگالن و ئەوانیتر سنبولین”.
ئا:تریفە حسن