لانە ئیبراهیم ئەحمەد یەكێكە لە ژنە هونەرمەندەكان كە نزیكی سی ساڵە لە بواری نواندن كاردەكات، ئەو ئەگەرچی تا ئێستا وەك مامۆستا خزمەتی كردووە لە ئێستادا بۆتە یاریدەدەری یاسا و بەردەوامیشە لە كاری هونەری.
لە دیدارێكی تایبەتی رۆژنامەی ژیانەوەدا لانە خان باسی لە گۆڕینی پیشەكەی كردوو ووتی” هیچ كارێك قورس نیە ئەگەر مرۆڤ خۆی بیەوێت، پێشموایە مرۆڤ ئەگەر بتوانیت كاری جیاواز بكات باشترە و زانیاری زیاتر وەردەگرێت و بوێرتردەبێت، بۆ ئێمەی هونەرمەندیش چەن لە دنیای پیشەكانیتر شارەزابین زیاتر دەتوانین لە رێگەی هونەرەكەمانەوە خزمەت بكەین”.
دەربارەی هونەر و یاسا و نزیكی و دووریان لە یەكەوە و كاریگەریان لەسەر یەكتر لانە دەڵێت”
كاری هونەری ناسكتر و بێكێشەیە هەرچەندە هونەریش هاوشێوەی یاسا كار لەسەر كێشەكان دەكات، بەڵام كاری هونەر تەنیا خستنە رووی كێشەكانە و ناساندنی كلتوری ئەو نیشتیمانەیە كە تیدادەژین”.
هەروەها وتیشی” هونەر و یاسا تارادەیەك دوورن لەیەكەوە چونكە هونەر زیاتر چێژ بەخشینە ئەگەرچی باسكردنە لە كێشە كۆمەڵایەتی و گشتیەكانیش، بەڵام یاسا پڕە لە كێشە و گرفت لە روی كاركردنیشەوە دەبێت بویر و ئازابیت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دەشبێت براوبیت”.
دەربارەی كاری هونەری نوێی لانەخان ووتی”ساڵی پار بەشداریم كرد لە زنجیرە درامایەكی سی ئەڵقەیی كۆمیدی، بەڵام بەهۆی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆناوە كاری تازەم كەمە بۆ ئەمساڵیش تا ئێستا هیچ پرۆژە و كارێكی نوێم لەبەردەست نیە”.
هونەرمەند لانە ئیبراهیم دانیشتوی شاری سلێمانیە و لە سالی( ١٩٨٦) وە وەك خولیایەك دەستی بەكاری نواندن كردووە و یەكەمجار بەشانۆ دەستیپێكردووە و ئێستا لە بواری دراماو سینەمادا كاردەكات و لە ساڵی 1996 وەك فەرمانبەر دامەزراوە و لە 2005 وە چۆتە سەر میلاكی پەروەردەوە وەك مامۆستا كاریكردووە پاش تەواو كردنی كۆلێجی یاسا لە ئێستادا یاریدەدەری یاسایە.
ئا/ عەتا