بەهۆی چالاكییە خۆبەخشەكانییەوە لەهاوكاریكردنی نەخۆشانی شێرپەنجە، ژنە پەرستارێكی كورد لەهۆڵەندا، خەڵاتی ماڵباتی شاهانەی ئەو وڵاتەی پێدەبەخشرێت.
گوڵێ عەبدولرەحمان ناسراو بە گوڵاڵە پشدەری كە پەرستارە، دوای توشبونی بە شیرپەنجە و لەدەستدانی مەمكێكی، بڕیار دەدات ژیانی خۆی بۆ هاوكاری ئەو ژنانە تەرخان بكات كە توشی ئەو چارەنوسە دەبنەوە.
لەساڵی ٢٠١١ (سەنتەری پەنا)ی دامەزراند كە یەكەم سەنتەری تایبەتە بە توشبوانی شێرپەنجەی مەمكە لە كوردستان و ئەو سەنتەرەی دەبێتە ئومێدێك بۆ ژنان.
دیاریترین چالاكی خاتوو گوڵێ بریتیە لە دابینكردنی زیاتر لە 5 هەزار مەمكی دەستكرد بۆ ئەو ژنانەی بەكاریگەریی نەخۆشییەكە مەمكیان دەبڕێتەوە.
گوڵێ خاوەنی كتێبێكو یازدە نامیلكەی تایبەتە بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و ئەندامی چالاكی كۆمەڵەی شێرپەنجەی مەمكە لە هۆڵەندا، بەهۆی چالاكییە خۆبەخشییەكانییەوە، خەڵاتی ماڵباتی شاهانەی هۆڵەندای پێبەخشراوە.
گوڵێ دەڵێت: “تا دوا هەناسەم بەردەوام دەبم لەهاوكاری ژنانی توشبو بەشێرپەنجە”.
ئامادەکردن: سەیران محەمەد