ئەندامێكی لیژنەی سەلامەتی تەندروستی و پیشەیی كرێكاران لەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی، ئاشكرای كرد كە ئەو ژنە بیانیانەی كاری ماڵان دەكەن، توندوتیژیان بەرامبەر دەكرێتو هەندێكجار جنیۆیان پێدەدرێتو گێچەڵی سێكسیان بەرامبەر دەكرێت.
خاتوو ئاڵا كەمال لەراگەیاندراوێكدا دەڵێت: “لیژنەكەمان بەدواداچوون بۆ مافە یاسایی و تەندروستی و پیشەییەكانی كرێكاران بە بێ جیاوازی ڕەگەزی و نەتەوەیی و ئاینی و كۆمەڵایەتیی كرێكاران دەكات”.
ئاماژەی بەوەشداوە: “كرێكاری هاوردە یان بیانی یان هەرجۆرە ناوێكی تر، هەموو ئەو كرێكارانە ئەگرێتەوە كە ڕەگەزنامەی عێراقیان پێ نییە”.
خاتوو ئاڵا لەبارەی مافە یاساییەكانی ئەو كرێكارانەوە دەڵێت: “پێویستە ئەم كرێكارانە بە ڕێكەوتنی فەرمی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ئەو وڵاتەی دەستی كاری هەیە ئامادە بكرێن و بەفەرمی بهێنرێنە ناو عێراق و هەرێم، ئەوەی لە ئێستادا ڕوو ئەدات بە بێ ئاگاداری حكومەتی وڵاتەكەی خۆیان واتە لە ڕێگەی كەسانێك بە قاچاغ دەنێردێنە دەرەوەی وڵاتەكەیان، لەناو هەرێمیش حكومەت ئاگادارە بۆ هاتنە ناوەوەیان و ئیقامەیان ئەدەنێ، بەڵام دوای ئەوە هیچ چاودێریەك نییە لەسەر ئەو كۆمپانیایانەی كە مەسرەفی هاتنەكەی بۆ كردوون و ئەركی بەكار خستنیانی لە ئەستۆیە، بۆیە زەمینەیەكی لەبار دروست بووە بۆ ئەنجامدانی پێشێلكاری و چەند جۆرێكی توندو تیژی بەرامبەریان، بەتایبەت ئەو كچ و ژنانەی كاری ماڵانیان پێدەكرێت”.
لەبارەی ئەو كچو ژنانەی كاری ماڵانیان پێدەكرێت دەڵێت: “ئەو كچ و ژنانەی كاری ماڵانیان پێدەكرێت هیچ ڕاهێنانێكیان پێ ناكرێت و دەخرێنە ماڵانەوە كە جیاوازییەكی كەلتوریی و كۆمەڵایەتی زۆر هەیە لەنێوان ئەم ژنە كرێكارە و خانە خوێكەداو جۆر و كات و حەجمی ئیشەكەی بەفەرمی دیاری ناكرێت”.
باسی لەوەشكردووە : “ئەم ژنە كرێكارە بۆ یەك ماڵ بە گرێبەست دەچێت بۆ ئیش كردن، بەڵام ئیشی چەند ماڵێكی پێ ئەكرێت كە زەمینەی توندو تیژی زیاد فەراهەم دەبێت بە جۆری جیاواز”.
ئاڵا ئەو توندو تیژیانەی بەرامبەر كرێكاری هاوردە دەكرێت بە تایبەت كچان و ژنان ئاشكرا دەكات و دەڵێت: “بە كەم بینینی ئەم ژنانە لەناو ئەو خێزانەی كاری تیادەكات و بەدوور لەخۆیان مامەڵەی دەكەن، هەندێكجار لێدان و جنێودان گێچەڵی سێكسیان بەرامبەر دەكرێت، زەوتكردن و شاردنەوەی بەڵگەنامەكانیان وەك ڕەگەزنامەكانیان، دابین نەكردنی شوێنێكی تایبەت بۆ حەوانەوە یان شوێنێكی زۆر ناشیاوی بۆ دابین دەكەن، كرێی كارەكەیان وەك پێویست وەرناگرن، هەندێكجار لە لایەن ماڵەكەوە و هەندێكجار لە لایەن كۆمپانیاكەوە بڕێكی لێ گل دەدەنەوە بەبیانوو پاساوی جیاواز، زەوتكردنی مۆبایل و ڕێگری كردن لە پەیوەندی كردن بە كەس و كاریانەوە”.