لەسەر ئاستی خوێندن لەعیراقدا، ژمارەکە توشی شۆکت دەکاتو چاوەڕوان نەکراوە، ناسر ئەلکەعبی ئەندامی یەکێتی مامۆستایانی عیراق دەڵێت: رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی راگەیاندوون کە 12 ملیۆن کەس لەعیراق نەخوێندەوارن، ئەو ژمارەیەش دوو ئەوەندە زیاتری ئەو ژمارەیەیە کە پێشترو لەساڵی 2020 وەزارەتی پەروەردەی عیراق رایگەیاند بوو بەوەی نزیکەی 5 ملیۆن کەس توانای نوسینو خوێندنەوەیان لەعیراقدا نییە”.
ساڵی 1979 هەڵمەتێک بەدروشمی (نەهێشتنی نەخوێندەواری) لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی عیراق دەستیپێکرد، ئەو هەڵمەتە عیراقی گەیاندە پلەکانی پێشەوە لەسەر ئاستی جیهان کە کەسانی نەخوێندەواری کەمکردۆتەوە، هەڵمەتەکەش چەند ساڵێکی خایاندو سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.
ئەلکەعبی بەئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاند: “هیچ بڕە پارەیەک بۆ دەزگای جێبەجێکردنی نەهێشتنی نەخوێندەواری لەعیراق دابین نەکراوە، بۆیە عیراق بەرەو وڵاتێکی نەخوێنەوار دەڕوات”.
لەبەرانبەر، عەلا ئەلحەلبوسی سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردنی نەهێشتنی نەخوێندەواری وەڵامی ئەلکەعبی دایەوەو بەو ئاژانسەی عیراقی راگەیاند: “هیچ ئامارێکی راستو دروست لەبارەی کەسانی نەخوێندەوارەوە لەعیراقدا نییە، ئێمە پشت بەو ئامارانە دەبەستین کە دەزگای ناوەندی ئامار لەوەزارەتی پلاندانان دەری دەکات”.
ئەلحەلبوسی دەڵێت: “هاوکارییەکانی حکومەت، بەشی کارەکانی وەزارەتی پەروەردە ناکات”، بێ ئەوەی ژمارەی سودمەندەکانی ئەو کەسانە رونبکاتەوە، وتی: “لەماوەی رابردوودا 9 وەجبە لەنەهێشتنی نەخوێندەراوی دەرچوون”.
لەوبارەیەوە لەسەرەتای ساڵی 2020 عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاناندانانی عیراق دوا ئاماری فەرمی سەبارەت بەژمارەی نەخوێندەواری لەعیراق ئاشکراکردو وتی: “وەزارەتی پلاناندانان بەوردی لەگەڵ رێکخراوی یونسکۆ بەدواداچونیان بۆ رێژەی نەخوێندەواری لەعیراق کردووەو دەرکەوتووە کە رێژەی نەخوێندەواری لەنێوان ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 10 ساڵ زیاترە و بەپێی دوا روپێوی دەزگای ناوەندی ئامار (13%)یە”.
وتیشی: “رێژەکە لەو کچانەی تەمەنیان لەسەروو 10 ساڵییەوە دەگاتە (18%)و هاوتەمەنە کوڕەکانیش دەگاتە (8%)، واتە رێژەی نەخوێندەواری لەکچاندا زیاترە”.
ئاماژەی بەوەشدا کە: “بەپێی ژمارەی دانیشتوانی عیراقو ئەو تەمەنەی کە نەخوێندەوارە، دەرکەوتووە کە لەعیراقدا رێژەی نەخوێندەواری (13%)یە، بۆیە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ زۆرێک لەرێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە”.
لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لەهەمان ساڵدا، جۆرێکی جیاواز تر بوو لەلێدوانەکەی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، حەیدەر فاروق وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عیراق لەسەرەتای ساڵی 2020 وتی: “ژمارەیەکی راستەقینە سەبارەت بەرێژەی نەخوێندەواری لەعیراقدا نییە، بەڵام لەوانەیە 5 ملیۆن نەخوێندەوار لەعیراقدا هەبێت، بۆیە ئێمە لەوەزارەت کار بۆ کەمکردنەوەی ئەو ژمارەیە دەکەین”.
خاتوو سەفا عەبدولکەریم ئەلئەسەدی ئەندامی لیژنەی راوێژکاری نەهێشتنی نەخوێندەواری لەعیراق ئەو ژمارەیە بەزیادەڕۆیی دەزانێت، لەوبارەیەوە بەپێگەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی راگەیاند: “قسە کردن لەسەر 12 ملیۆن نەخوێنەوار لەعیراق لەرووی ژمارەو بیرکارییەوە کە پشت بەژمارەی دانیشتوانی عیراق دەبەستێتو ئەوانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لەسەروو 10 ساڵییەوە، هیچ لۆژیکی نییە”.
جەختیشی کردەوە: “هەندێکجار ئەو زیادەڕۆییانە لەو ژمارانەدا ئامانجێکی سیاسی لەپشتە، یاخود بۆ راکێشانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە بۆ ئەوەی خولو ۆرکشۆپ بکاتەوەو لەرووی داراییەوە سودمەند بن لێی”.
وتیشی: “رێژەی نەخوێندەواری لەعیراق هەر وەک رێژەی نەخوێندەواری وڵاتەکانی ناوچەکە وایە، راستە عیراق نەهامەتی زۆری بەسەرهاتووە، بەڵام ئەو نەهامەتییانە نەیگاندۆتە ئەو ژمارە زۆرە”.
بەهۆکاری ئەوەی روپێوێکی زانستی لەوەزارەتی پلاندانانو دەزگا پەروەردەییەکانەوە نییە، خاتوو سەفا هیچ ژمارەیەکی نەخوێندەواری عیراقی بەپێگەکە نەوتووە.
لای خۆیەوە خاتوو هەنا ئەلهاشمی ژنە چالاکوانی یاسایی لەبەغدا بەپێگەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی راگەیاندووە: “چەندین فاکتەر هەیە بۆ زیاد بوونی نەخوێندەواری لەوڵاتدا، دیارترینیان فاکتەری ئەمنییە بەتایبەت دوای داگیرکردنی عیراق لەلایەن ئەمریکاوە لەساڵی 2003، کە بارودۆخی دارایی خراپ بوو، هەروەها هۆشیارکردنەوەو گرنگیدانی حکومەت بەو پرسە لاواز بوو، دواهەمینیان ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە ئەمەش فاکتەرێکی ترە بۆ زیاد بوونی رێژەی نەخوێندەواری”.
خاتوو هەنا باسی لەوەشکردووە کە: “زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵی خوار تەمەن 16 ساڵ، یان ئاوارە بوون، یان لەبازاڕەکاندا کاریان پێدەکرێت، بۆیە ئەرکی حکومەتە ئەگەر ئەم پرسە بەهەند وەربگرێت، ئەو منداڵە بخاتەوە بەر خوێندنو باری داراییان باش بکات کە پێویستیان بەکار کردن نەبێت”.
ئاماژەی بەوەشدا: “حکومەت گرنگی بەو تەمەنانە نادات کە نەخوێندەوارن، بۆ ئەوەی خوێندن فێر بن، بۆیە ئەمەش دەچێتە سەر کێشەکانو دەچێتە پاڵ ئەو فاکتەرانەی کە رێژەی نەخوێندەواری لەعیراق زیاد دەکات”.
دڵی، ئەلعەرەبی ئەلجەدید